Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە کونسولی کۆماری چیک لە هەولێر دەکات

رۆژی سێ شەممە 30ی نیسانی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی کرد لە بەڕێز کارێل کۆرتانێک کونسوڵی کۆماری چیک لە هەولێر.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان و بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەیبوون گفتوگۆکرا دەربارەی دروست کردنی پەیوەندی نێوان هەردوو لا، هەر لەو دیدارەدا کونسولی چیک ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی زانکۆمان لە دروستکردنی پەیوەندی زانستی و ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتەکەی.

دوای دیدارەکەش بەڕێز کونسوڵ سیمینارێکی لەسەر بەڕێوەبردنی کات لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پێشکەشکرد کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژی ناوبراو بەشدارییان تێدا کرد کە ئارەزووی فێربوونی ستراتیژی بەڕێوەبردنی کات لە ژیانی کەسی و پیشەیی خۆیاندا به‌شداربوون.

 

بیست و نۆهەمین دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بە میوانداری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.فواز احمد الزغول بەرێوەبەری ئەنجومەنی عەرەبی، 29هەمین دیداری زانکۆ عەرەبییەکان بۆ ئالوگۆری دەرفەتی مەشق و ڕاهێنانی قوتابیان بە بەشداری زیاتر لە 70 سەرۆک و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆمان، دەستی بە کارەکانی کرد کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ژمارەیەک لە کونسوڵی وڵاتە عەرەبییەکان، مامۆستا ئەحمەد کانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان حوسێن کەلاری سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان، خاتوو شیرین خالد بەرپرسی ناوچەی ئایندە، سەرۆکی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆک بەش و مامۆستایان و قوتابیان بەڕێوەچوو.

دوای ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان و گوێگرتن لە مارشی کۆماری عێراق و مارشی نیشتمانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن مامۆستا هاوڕێ چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێدرایەوە دواتر فیلمی دۆکیۆمێنتاری تایبەت بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نمایشکرا.

دواتر پ.د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی زانکۆ وتارێکی بە زمانی عەرەبی پێشکەشکرد کە تیایدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و خۆشجاڵی خۆی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی دەربڕی بە ئامادەبوونی میوانان و شاندی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەی بە دەرفەتێکی زێڕین لەقەڵەم دا بۆ قوتابییانی زانکۆکانی بەشدار لە یەکێتییەکە گوتی، ” خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کەوا ئەمڕۆ لە ئامێزی زانکۆی تەکنیکی هەولێر بە دیدارتان شاد دەبین، لە ئەنجامدان و رێکخستنى  کۆڕبەندی بیست و نۆهەمین بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی ڕاهێنان لە نێوان زانکۆ عەرەبییەکان. ئەم کۆڕبەندە دەکەوێتە چوارچێوەی گشتی ئاراستە ئەکادیمییەکانمان بۆ پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وبوارەکانى تری قوتابییەکانمان، هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی ڕاهێنان لە نێوان زانکۆ عەرەبییەکان.مەشقی هاوینە گرنگی بە هەڵسەنگاندنی قوتابیانمان دەدات لەسەر بنەمای هەستە ئەرێنییەکانیان لە بواری کاردا، هەروەها شێوازی کارکردنیان لەگەڵ کەسانی تر، توانای فێربوون و دانبەخۆداگرتن وهەستکردن بە بەرپرسیارێتی، گەشەپێدانى کارامەیی و توانای خوێندکاران بۆ دروستکردنی پەیوەندی پیشەیی. سەرەڕای تواناکانیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵگەی دەوروبەر. هەروەها توانا و ئاستیان لە  چارەسەرکردنی کێشەکانیان پەرەدەسەنێت.

ئەمڕۆ، لە سەرتاپای جیهان، زانکۆکان بەگشتی گرنگییەکی زۆر بە مەشقی مەیدانی دەدەن، لەنێویاندا زانکۆکەمان، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کە زانکۆیەکی زیندوو و پراکتیکییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە خاوەنی ستراتیژێکی تایبەتی خۆیەتى لە بواری مەشقی هاوینە. لەو چوارچێوەیەدا زانکۆکەمان گرنگییەکی زۆری داوە بە ناردنی قوتابی وخوێندکارەکانی بۆ دەرەوەی هەرێم، ئەمە جگە لە ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە بواری مەشقی مەیدانی لەگەڵ زانکۆ نیشتمانی و هەرێمی و بیانییەکان.

پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی قوتابیان لە مەشقی هاوینەدا لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان زۆر مەبەست لەخۆدەگرێت، لەوانە ئامانجی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و سیاسی، هەروەها فێربوون وئاشنابوون بە داب و نەریتی گەلان و ڕێزگرتن لێیان. واتە ئاڵوگۆڕکردنی قوتابیان وخوێندکاران بۆ بەشداریکردن لە مەشقی هاوینەدا دەرفەتی فێربوونی شێوازی ژیانی نوێ و ناوازە و بەدەستهێنانی ئەزموونی گرنگ دەڕەخسێنێت هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کەمکردنەوەی بارودۆخی گرژی و ململانێ لە جیهاندا و دروستکردنى پردی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان گەلان، کە یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی هەلی کاری نوێ لە جیهاندا جگە لەوەش، پرسی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران پەیوەست بووە بە پرسی (نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان)، بەو پێیەی بە یەکێک لە نیشاندەرەکان دادەنرێت بۆ ڕیزبەندیکردنی زانکۆکان لە زۆرێک پۆلێنبەندییە نێودەوڵەتییەکان. بۆیە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بایەخێکی زۆر بە بابەتی مەشقی هاوینە و ئاڵوگۆڕی قوتابیان دەدات لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی تایبەتمەند لەو بوارەدا.

 لەکۆتاییدا سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆمتان پێشکەش دەکەم بۆ بەشداریکردنتان لە کارەکانی ئەم کۆڕیەندە، بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەم بۆ ئامادەبوونیان لە هەولێری خۆشەویست پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەگەڵ هیوا ونزای دڵسۆزانەمان بۆ سەرکەوتنتان. “

دوای وتاری ئەنجومەنی عەرەبی لە لایەن پ.د.فواز احمد الزغول بەرێوەبەری ئەنجومەنی عەرەبی و هەروەها وتاری وەزارەتی خوێندنی باڵا لە لایەن پ.د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەت، پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشییە وەزارەتی خوێنی باڵا وز زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پارێزگاری هەولێر.

لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا رێزبەندی ئەو زانکۆیانە خوێندرایەوە کە لە ساڵی 2023دا باشترین بوون لە مەشق دان بە قوتابییان و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا.

دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی چەند پرێزنتەیشن و سیمنارێک لەوانە: پێشەکیەک لەسەر هاوکارییەکانی زانکۆکانی ڕوسی بەڕێز د.بشیر سماحە، پێشەکیەک لەسەر ڕێکخراوە عەرەبییەکان کەبەرپرسن لەوەرگرتن و تۆمارکردن لە لایەن پ.د.بسام لامحادین ئەمینداری گشتی رێکخراو.

دوای وەرگرتنی پشوویەکی کورت میوانان و بەشداربووانی دیدارەکە سەردانی فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابیانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێریان کرد و سەرسامی خۆیان بە ئاستی لیێهاتوویی قوتابییانی زانکۆمان دەربڕی لە ئەنجامدانی پرۆژەی دەرچوونیان و ئاستی زانستییان.

دواتر دوو سیمناری دیکە پێشکەش کران لەسەر مەشق لەزانکۆکانی مالیزیا کە لە لایەن پ.د. رضوان بن رشید بەرێوەبەری رۆشنبیری مالیزیا، هەروەها پێشەکیەک لەسەر دامەزراوەی یونیراکس بەڕێز شریف الجاد، بەڕێز مجدی حسین، خاتوو لیندا قبلاوی پێشکەش کرا.

دواتر هەر لە چوارچێوەی بەرنامەکانی دیدارەکەدا شاند و میوانانی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی بەشدارییان کرد لە فیستیڤاڵی تایبەت بە فۆلکلۆری کوردیی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر، لە کۆتاییشدا سەردانی قەڵای هەولێر و شوێنەوارە دێرینەکانی دیکەیان کرد.

بڕیارە رۆژی دووشەممەش دیدارەکە لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە بەردەوام بێت کە تیایدا سیمناری تایبەت بە روونکردنەوەی چۆنیەتی ئاڵوگۆری هەلی ڕاهێنان، ئاڵوگۆرکردنی هەلی ڕاهێنان لەنێوان زانکۆ بەشداربووەکان، هەروەها بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کۆتایی کۆبوونەوەکە کە خۆی لە ڕاگەیاندنی پێشنیارەکان و گفتوگۆکردن، وتەی شاندە بەشداربووەکان و ڕێزلێنان لە (ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری و لێژنەی جێبەجێکاری و پێشکەشکارانی بەرنامەی پێشەکی) دەبینێتەوە.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر  پێشەنگایەکی هەلی کاری بۆ دەرچووان رێکخست

رۆژی پێنچ شەممە 25ی نیسانی 2024، لە ژێر چاودێری و ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر پێشانگای هەلی کار رێکخست.

پێشانگەکە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، د. دیار جەباری کارگێڕی لێژنەی ناوچەی ئاسۆ، پ.د. یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و ژمارەیەکی بەچاو لە مامۆستایان و قوتابییان بەڕێوەچوو.

لە وتەیەکدا د.موراد ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بەخێرهاتنی میوانانی کر د و سوپاسی ئامادەبوونی میوانانی کرد وەک پشتگترییەک بۆ قوتابیان و بەشداربووان، هەروەها سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ کۆلێژەکە.

پێشەنگاکە بەئامانجی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووان لە ناو کەمپی کۆلیژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر رێکخرابوو، چەندین کۆمپانیا و نەخۆشخانە و بەشێک لە تاقیگە تایبەتەکان بەشداربوون تێیدا.، لەکۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووان دەستخۆشییان لە ئامادەکار و سەرپەرشتیارانی پێشەنگاکە کرد کە بەشێوەیەکی زۆر ڕێک و پێک رێکخرابوو.

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە گرنگی کەرتی گەشتیاری رێکخست

ڕۆژی چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د.عەفان عوسمان حسین ئەمینداری ئەنجومەنی زانکۆ و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابییان، کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە بە هەماهەنگی پەیمانگەی تەکنیکی پایتەخت سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە کەرتی گەشتیاری رێکخست لەژێر “ناونیشانی کاریگەری کارسازی لەسەر گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری” بۆ هەر یەکە لە بەڕێزان د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ، د. عەبدولڕەحمان صدیقسەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە.

سەرەتای مەراسیمەکە بەڕێزگرتن لەگیانی پاکی شەهیدان لەگەڵ مارشی نیشتیمانی ئەی رەقیب دەستی پێکرد، دواتر سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بە تایبەتی بەخێرهاتنی بەڕێزان د.محەمەد شوکری ، د. عەبدولڕەحمان صدیق ی کردو گوتی، “دووبارە، شەقڵاوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە جگە لەگرنگیە مێژووییەی هەیەتی کەڕۆلێکی گرنگی بینیوە لەبزافی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، دەتوانین بڵێین ئەو دەڤەرە لەرووی جوگرافی و کشتوکاڵیشەوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتیش لەبەرهەمهێنانی ڕووەکی و بەرهەمهێنانی ئاژەڵیش ڕۆڵێکی گرنکی هەیە، و لەوانەش گرنگتر شاری شەقڵاوە بەیەکێک لەگرنگترین شارەکانی کوردستان و عێراق دەژمێردرێت لەڕووی گەشتوگوزارەوە “.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستە سەر گرنگی گەشتوگوزار و بەیەکێک لەکەرتە هەرە گرنگەکانی ئابووری کوردستان ناساند و گوتی، “هەر لەبەر ئەو گرنگییەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتریش کابینەی نۆیەم بایەخێکی تایبەتی بەبواری گەشتوگوزار داوە، لەم رووەشەوە چەندەها پڕۆژەی گرنگی جێبەجی کردووە و شەقڵاوەش یەکێک بووە لەشارانەی کەپلانی پڕۆژەی گەشتیاری حکومەتی هەرێمی پێگەیشتووەو خزمەتگوازی تایبەتی لەبواری گەشتوگوزاری پێگەیاندووه.

لە بارەی بایەخدانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە کەرتی گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، “ئێمه لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەپێی تایبەتمەندییەکانی شاری شەقڵاوە کارمان لەسەر بەرنامەو پرۆگرامەکانی خوێندنی کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە کردووە، و لەزانکۆمان کەسێ بەشی گەشتوگوزارمان هەیە یەکێکیان لەکۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوەیە کەناوچەیەکی گەشتوگوزارییەو لەگەڵ تایبەتمەندێتی ئەو شارە دەگونجێت، بێجگە لەوە ئێمە لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ئەمساڵی خوێندن  بەشێکی زانستی تازەمان کردۆتەوە کەئەویش بەشی کواڵێتی خۆراکە کەلەشارۆچکەی هەریرە کەئەویش لەگەڵ تایبەتمەندێتی ئەو دەڤەرە دەگونجێت، هەروەها کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە کاری لەسەر فراوانکردنی بەشی ڤێرتێرنەری کردووە کەئێستا ئەو بەشە هەردوو بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس دەبەخشێت بەقوتابیان و ئەویش هەر لەگەڵ تایبەتمەندێتی شەقڵاوە دەگونجێ و دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ زیاتر گرنگیدان بەبەرهەمی ئاژەڵی “

هەروەها لە بارەی بەرەو پێشچوونی زانکۆوە گوتی، ” دەتوانین بڵێین زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکێکە لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستان کەپەیرەوی پرۆگرامی بۆلۆنا پرۆسێس دەکات کەتوانیویەتی لەپێشەنگی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بێت لەجێبەجێکردنی بۆلۆنا پرۆسێس، کەئەویش هۆکارێکی ترەو ئەوە ئاسان دەکات کەبتوانین بەرنامەو پەیرەو و پرۆگرامەکانی خوێندن و کۆلێژو پەیمانگاکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر فراوان بکەین و بیگونجێنین لەگەڵ بازاڕی کاردا، ئێمە ساڵانە وۆرکشۆپ و کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین لەسەر چۆنیەتی گۆرینی بەرنامەو پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەوەی لەگەڵ بازاڕی کاردا بگونجێت، خالێکی تری گرنگ ئەوەیە  کەئێمە پێمانوایە زانکۆ تەنها کاری پێشکەشکردنی مەعریفەو ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی نییە ، بەڵکو زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندنی ئەکادیمی و سەنتەرە ئەکادیمیەکان دەبێت هەردەم  لەپەیوەندی بەردەوام دابن لەگەڵ کۆمەڵگا، دەبێت هەردەم خزمەتگوزاری پێشکەشی کۆمەڵگا بکەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی تەندروست و یەکسانی لەکۆمەڵایەتی و گەشەسەندنێکی ئابووری پێشکەش بەکۆمەڵگا بکەن، ئێمە لەسەر ئەو  جۆرە ستراتیژیەتە کارمان کردووە بەردەوامیش دەبین بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان، ئومێدەوارین ئەو سیمپۆزیۆمەی ئەمڕۆش یەکێک بێت لەو کارانەی بتوانین خزمەتێکی بەرچاوی بواری گەشتوگوزاری پێ بکەین لەدەڤەری شەقڵاوە ، دووبارە سوپاس بۆ ئامادەبووان زۆر زۆر بەخێربێن .

دواتر دەستکرا بە پێشکەشکردنی بەرنامەی سیمپۆزیۆمەکە کە پانێڵی یەکەم لەژێر ناوی “رۆلی حکومەت لەپێشخستن و بەیەکەوە گرێدانی کارسازی و گەشتیاری” بۆ هەریەک لەبەڕێزان د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ، عەبدولڕەحمان صدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بەڕێز کاروان کەریم خان قایمقامی قەزای شەقڵاوە لەلایەن م.ئامانج یونس بەڕێوەبەری پانێڵ بەرێوەچوو.

پانێڵی دووەم پێشکەش کرا لەژێر ناوی “ئەرکی ناوەندە ئەکادیمیەکان و حکومەت لەهێنانەکایەی کارسازی و بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری” بۆ هەریەک لەبەڕێزان م.کۆچەر ئازاد صادق بەرێوەبەری سەنتەرەکانی پەرەپێدانی کار لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، نادر رۆستی بەرێوەبەری پەرەپێدانی مرۆیی لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، د.هۆشمەند رەفیق مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین لەهەولێر، م.رێباز خلیل خورشید وەک بەرێوەبەری پانێڵ بەڕێوەچوو.

لە کۆتاییشدا لە لایەن سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە  بەڕێوەبەر و بەشداربووانی بەپانێڵەکان.