Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەرفەتی خوێندنی یەک سمستەر لە زانکۆیەکی هۆڵەندا بۆ قوتابییانی دەڕەخسێنێت

لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاداشتی لێکـێگەیشتنی زانکۆمان لەگەڵ زانکۆی هانز لە شاری خرۆنینگن لە وڵاتی هۆڵەندا بۆ زانستە کردارییەکان، هەروەها بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی قوتابییان، بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆمان دەرفەتی خوێندنی یەک سمستەر لە زانکۆی ناوبراو دەڕەخسێنێت بەپێی ئەم مەرجانەی خوارەوە:

1- پێویستە پێشکەشکار قوتابی کۆلێژ بێت لە سمستەری 2 بۆ 6.

2ـ پێویستە قوتابی پێشکەشکارئاستى زمانی ئینگلیزی زۆر باش بێت (IELTS 5) کەمتر نەبێت.

3ـ دواکات بۆ پێشکەش کردن رۆژی یەک شەممە 15ی ئەیلولی 2024 دەبێت.

 

تێبینىیەکی گرنگ:

* گشت خەرجیەکان لە ئەستۆى قوتابى دەبێت وەک خەرجی مانەوە، پلیتی فڕۆکە و خەرجی ڕۆژانە.

*دەبێت قوتابى رەصیدى هەبێت تاکو ڤیزا وەرگرێت.

*بۆ خۆتۆمارکردن لـــــــــێـــــــــــــــرە کلیک بکە.

سەرۆکی زانکۆ کۆبوونەوەکی ئۆنلاینی لەگەڵ کونسولی هیندستان لە هەولێر و سەرۆکی زانکۆیەکی ئەو وڵاتە ئەنجامدا

ئەمڕۆ پێنج شەممە 29ی ئابی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی لەگەڵ کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر و سەرۆکی زانکۆی (National Forensic Sciences University in India) ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە پ.د. کەیهان غەفوور زرار راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەشدار بوو، گفتوگۆکرا لە بارەی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەردوو زانکۆکە بە هاوکاری کوسوڵخانەی هیندستان لە هەولێر بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر لە بواری زانستی و ئەکادیمی.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی (National Forensic Sciences University) باسی لە زانکۆکەی کرد بە گشتی و بە کورتە ڤیدیۆیەک ناساندنی پێکهاتە و بەشەکانی زانکۆکەی خستەڕوو.

دواتر سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی لە پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیک کرد، وە هەروەها باسی لەوە کرد کە چۆن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی دەرچووانی بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ لە بوارە جیاوازەکان ئامادە بکات بۆ بازاڕی کار و بتوانن بەو ئەزموونەی لە ساڵانی خوێندن لە زانکۆکەمان وەریان گرتووە، وڵات بەرەو پێشتر ببەن بەپێی پسپۆڕییەکانیان.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا یاداشتی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو زانکۆکە واژوو بکرێت، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی مەزن لە کار و چالاکی و پێشکەوتنی زانکۆکەمان، بەو پێیەی زانکۆی ناشناڵ فۆرێنسیک ساینس لە هیندستان تاکە زانکۆیە لەسەر ئاستی جیهان لە بواری (زانستی پزیشکی دادوەری) کە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ بەشی بەڵگەکانی تاوان لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر.

 

ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکەمین کۆبوونەوەی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 ئەنجامدا

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئابی 2024، بەسەرپەرشتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 1ی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن بەرێوەچوو.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی گشت ئەندامانی ئەنجومەنی کرد، دواتر کارنامەی کۆبوونەوەکە خرایە بەرباس، کە خۆی لە چەند تەوەرو بابەتێک دەببینییەوە لەوانەش وەک کاروباری گشتی، کاروباری قوتابیان، کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کاروباری کارگێری و دارایی و ئامادەکارییەکانی تایبەت بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد وەک: کردنەوەی چەند بەشێکی نوێ لە کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەپێی پێویستی بازاڕی کار، کردنەوەی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان و بەرزترکردنەوەی کوالیتی وانەکان و دەستپێکردنی دەوامی مامۆستایان و قوتابییان بەپێی ساڵنامەی خوێندنی ئەکادیمی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

جێگای ئاماژەپێدانە جگە لە کردنەوەی کۆلێژی تەکیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەندین بەشی زانستی نوێی لە پەیمانگەکان کردەوە ئەوانیش: (بەشی پەروەردەکردنی مێشهەنگ، بەشی ڕووەکە پزیشکییەکان/ دەرمانی گیایی لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، بەشی پەروەردەکردنی ماسی لە پەیمانگەی تەکنیکی خەبات، هەروەها کردنەوەی بەشەکانی کارگێڕی ڕێبەری گەشتیاری و سەرچاوەمرۆییەکان لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر. کە سەرجەمیان بۆ ئەمساڵی خوێندن قوتابی وەردەگرن.

 

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی زانکۆمان دەکات کە لە دەرەوەی وڵات مەشقی هاوینەیان ئەنجامدابوو

ئەمڕۆ دوو شەممە 26 ئابی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنکی هەولێر پێشوازی کرد لە (15) قوتابی کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆمان کە بەمەبەستی مەشقی هاوینە سەردانی ووڵاتانی عەربی و ئەورپیان کردبوو.

لە ڕێوڕەسمێکدا کە هەر یەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروبارەکانی کارگێڕی و دارایی، زانستی و قوتابییان و بەڕێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیبوون، قوتابییەکان چەند سیمنارێکیان لەبارەی مەشقەکەیان لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی پێشکەش کرد و سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و ئاشنابوون بە زانست و ئەزموون و کەلتوری ئەو وڵاتانە.

شیاوی باسە (13) قوتابی مەشقەکەیان لە ووڵاتەکانی (میسر و عومان و ئوردن) بۆ ماوەی یەك مانگ ئەنجامدابوو و (2) قوتابیش لە ووڵاتی پۆڵەندا بۆ خوێندنی یەك سمستەر و بۆ ماوەی (6) مانگ لەو وڵاتە بوون و دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە گەڕانەوە کوردستان.