Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

خولی چوارەمی پەرەپێدانی زمان و ئاخاوتنی ئینگلیزی بۆ فەرمانبەرانی زانکۆمان دەکرێتەوە

لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەرەی گشتی سەنتەری توێژینەوە و بەرەپێدانی زانستی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی نیسانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان، خولی چوارەمی  پەرەپێدانی زمان و ئاخاوتنی ئینگلیزی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆمان و کۆلێژ و پەیمانگا تەکنییەکان دەستی پێکرد.

لە سەرەتای خولەکەدا پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەرەی گشتی سەنتەری توێژینەوە و بەرەپێدانی زانستی لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانی راهێنەران و سوپاسکردنیان بۆ وتنەوەی وانەکان بەشێوەی کرداری، هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووان خواست.

خولەکە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ بەردەوام دەبیت لەلایەن دەزگای  University institute کە لەلایەن ڕاهێنەرانی لێهاتووی بیانی کە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەتایبەت بۆ ئەم مەبەستە هاتوون.

پێشتریش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان سێ خولی دیکەی هاوشێوەی بۆ فەرمانبەرانی زانکۆ کردەوە و تیایدا بەشداربووان لە دوای تەواوکردنی خولەکان بەتەواوی فێری زمان و ئاخاوتنی ئینگلیزی کران و ئەم خولانە لە داهاتوودا بەردەوامی دەبێت.

سیمینارێک لەسەر زیان و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بۆ قوتابیانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری لە کەمپی دووی زانکۆ ئەنجام درا

لە چوارچێوەی پلانی هاوبەشی نێوان زانکۆمان و سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ لە پارێزگای هەولێر/ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان  EJCC، سیمینارێک لەلایەن ئەندازیار ناز ڕۆستەم تاهیر، لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بۆ قوتابیانی قۆناغی سێیەم لە بەشە زانستییەکانی ئەندازیاری شارستانی و ڕێگاوبان و میکانیک و وزە ئەنجامدا لەژێر ناونیشانی(زیان و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و هۆشیارکردنەوەی گەنجان لەو دیاردەیە).

ئەندازیار ناز ڕۆستەم تاهیر،  بەچڕوپڕی ئاماژەی بە خاڵە نەرێنییەکانی کۆچی نایاسایی بۆ قوتابیانی بەشداربوونی سیمینارەکە ڕوونکردەوە کە ڕێگەی یاسایی هەڵبژێرن بۆ کۆچ تاوەکو خۆیان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بپارێزن.

لە کۆتایی سمینارەکەدا ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر پ.د. ئەیاد زەکی صابر سوپاس و ڕێزلێنانی تایبەتی بەخشییە ئەندازیار ناز ڕۆستەم تاهیر و هیوای سەرکەوتنی هەمیشەیی بۆ خواست کە بەردەوامبن لەو جۆرە سمینارانە، تاوەکو قوتابیانی زانکۆ و گەنجان و هاووڵاتییان بەوریاییەوە لەو بابەتە مەترسیدارە بڕوانن و خۆیان بەدووربگرن.

شایانی باسە سەنتەری راوێژکاری کۆچ لە میانی ئەو هاوبەشیەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەگەل ICMPD لە پارێزگای هەولێر دامەزراوە بۆ خزمەتکردنی گەنج و هاوولاتییان و بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی قوتابیانی زانکۆمان لە زیان و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی زانکۆ و راگرایەتی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان زنجیرەیەک سیمینار ئەنجام دەدەن .

یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت واژۆ کرا

لە پەراوێزی کارەکانی ٥٧ هەمین خولی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کە لە زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت لە وڵاتی کوێت بەڕێوەچوو، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەگەڵ پ.د.بەرەکات عەوەز ئەلهدەیبان سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ لە بوارەکانی زانستی و کارگێری کرا، هەروەها باس لە رەخساندنی دەرفەتی مەشق و راهێنانی قوتابیان کرا و لەمبارەیەوە بڕیاردرا کە بۆ ئەمساڵ ژمارەیەک قوتابی زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت بۆ مەشقی هاوینە سەردانی زانکۆمان بکەن.

دواتر لەلایەن پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و پ.د.بەرەکات عەوەز ئەلهدەیبان یاداشتی لێتێگەیشتن لەنێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و لە زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت واژۆ کرا.

 

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەشداریی لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە رۆژانی ٢٣-٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥ لە زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت لە وڵاتی کوێت بەڕێوەچوو.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کارەکانی کردنەوەی ٥٧ هەمین خولی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت لە وڵاتی کوێت دەستی بەکارەکانی کرد.

لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەکەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و سەرۆکی زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتییەکە بەڕێوەچوو، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەناوی هەرێمی کوردستانەوە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە ئەنجامدا.

لەو دیدارانەدا شاندی کوردستان لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان زانکۆکان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان کرد.

لە لایەکی دیکەوە پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر لەگەڵ پ.د.بەرەکات عەوەز ئەلهدەیبان سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت کۆبووەوە و لەمیانیدا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ لە بوارەکانی زانستی و کارگێری کرا، هەروەها باس لە رەخساندنی دەرفەتی مەشق و راهێنانی قوتابیان لەنێوان هەردوو زانکۆ کرا و لەمبارەیەوە بڕیاردرا کە بۆ ئەمساڵ ژمارەیەک قوتابی زانکۆی نێودەوڵەتی کوێت بۆ مەشقی هاوینە سەردانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بکەن.

لە میانی کارەکانی کۆنگرەکەدا لە چوارچێوەی چەند پانێڵێکدا بابەتەکانی پەیوەندار بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان تاوتوێی کرا، لەوانە بابەتی پۆلێنبەندی و رانکینگی زانکۆکان، هەماهەنگی نێوان یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی و متمانە AACSB، فێربوونی دیجیتاڵی و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندار بە خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا لە زانکۆکان تاوتوێ کرا.

جێی ئاماژەیە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی ساڵانە بە فەرمی بانگهێشتی کۆنگرەی یەکێتییەکە دەکرێت کە هەر خولێکی لەلایەن زانکۆیەکی ئەندام لە یەکێتییەکە لە وڵاتێک میوانداریی دەکرێت.