Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری رۆژی نەتەوەیی وڵاتی رووسیا دەکات

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆ، بەشدارییان کرد لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نەتەوەی وڵاتی ڕووسیای فیدرال کە لەلایەن کۆنسوڵخانەی وڵاتی رووسیا لە هەولێر ڕێکخرابوو.

یاوەرانی سەرۆکی زانکۆ پێکهاتبوون لە پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خاتوو هانا کاکە ئەحمەد فەرمانبەر ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە فەرمی لە لایەن کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە بانگهێشت کرابوون.

بەشداری کردنی شاندی زانکۆمان لەو ڕێوڕەسمەدا لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان زانکۆمان و کۆنسوڵخانە و خودی بەڕێز (RUBIN Maxim Olegovich) کۆنسوڵی رووسیادا هەیە و چەند جارێکیش سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی کردووە.

هەر لە پەڕاوێزی ئەو ڕێوڕەسمەدا شاندی زانکۆمان چەند دیدار و چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ میوانە نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و کۆنسوڵی وڵاتان ئەنجامدا.

شیاوی باسە هەریەکە لە نوێنەری سەرۆک بارزانی، نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی کوردستان پارتە سیاسییەکان و نوێنەرایەتی دامودەزگا حکومیەکان و کۆمپانیاکان بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئاهەنگی دەرچوونی خولی یەکەمی قوتابییانی بەشی بەڵگەکانی تاوان لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر رێکدەخات

ئەمڕۆ سێ شەممە 11ی حوزەیرانی 2024، لەهۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەسەرپەرشتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ناوخۆ، مەراسیمی یەکەمین خولی دەرچوونی قوتابیانی بەشی بەڵگەکانی تاوان لەپەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بەرێوەچوو.

مەراسیمەکە بەئامادەبوونی د.هێمن میرانی بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، د. توانا نەجەف محەمەد بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەڕێوبەری فەرمانگەی بەڵگەکانی تاوان لە وەزارەتی ناوخۆ، د. یاسین کەریم بەڕێوەبەر گشتی فەرمانگەی پزیشکی دادی هەرێمی کوردستان، د. سەباح وەیس ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ و مامۆستایانی زانکۆمان بەرێوەچوو.

سەرەتای مەراسیم بەخولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆی کوردستان لەگەڵ مارشی نیشتمانی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد، دواتر سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری مامۆستا بەهزاد حیلمی‌ ئاکرەیی گوتەیەکی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی گەرمی میوانانی کرد و گوتی : زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر شانازى ده‌كات به‌پێشكه‌ش كردنى یه‌كه‌م گرووپی ده‌رچووانى به‌شی به‌ڵگه‌كانى تاوان له‌ په‌یمانگه‌ى ته‌كنیكى پزیشكى هه‌ولێر، به‌ كورد و كوردستان كه ‌یه‌كه‌م به‌شه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد

دەقی وتارەکە:

“بەناوی خودای گەورەو میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز… میوانانی خۆشەویست…

مامۆستایانی خۆڕاگرو دڵسۆز….

قوتابیانی خۆشەویست…

دەرچووانی ئازیز…

خانەوادەی دەرچووان…

بەناوی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەخێرهاتنتان دەکەین بۆ رێوڕەسمی دەرچوونی یەکەمین روواندنی (بەشی بەڵگەکانی تاوان) لە زانکۆمان، ئەوەش جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ بەیەکەوە لێرەین تاپیرۆزبایەکی گەرم لەخۆمان و لەستافی ئەکادیمی و کارگێڕی پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێرو دەرچووانی خۆشەویست و خانەوادە بەڕێزەکانیان و هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ناوەخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین. 

بەڕێزان…

بەشی بەڵگەکانی تاوان، یەکەمین بەشی زانستییە لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی ھەولێر لە زانکۆمان تایبەت بە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کراوتەوە، ئەوەش بەرەنجامی واژووکردنی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی نێوان وەزیری خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و وەزیری ناوخۆ بوو لە رێکەوتی 2021/12/14. لە پێناو پێگەیاندنی کادیری پسپۆڕ لەبواری بەڵگەکانی تاوان و تاقیگەی تاوان بۆ وانە پڕاکتیکییەکان و گەیشتن بە سەرچاوەى تاوان، سەرەتا وەک یەکەم گروپ (23) ئەفسەرو کارمەندی وەزارەتى ناوخۆمان وەرگيران، تا بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی سەردەمیانە بە پێشکەوتووترین سیستەم رابهێنین و بڕوانامەى دیپلۆمى تەکنیکى لەبوارى بەڵگەکانى تاوان وەربگرن و ببنە پاڵپشت بۆ دادگاکان لە دۆزینەوەی سەرچاوەی بەڵگەکانی تاوان بە شێوەیەکی زانستییانە.

 

ئامادەبووانی بەڕێز….

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستان لە پێگەیاندنی کادیری زانستی و پیشەیی بۆ بازاڕی کار لە کوردستان، بۆ ئەمەش ساڵانە بڕوانامەی دەرچوون دەدەین بە هەزاران قوتابی لە بەشە جیاوازەکان تا بتوانن لە بازاڕی کار دەرفەتی ئیش کردن بەدەست بهێنن، لەو روانگەشەوە بەردەوام پڕۆگرامی خوێندنمان نوێکردۆتەوە تا لەگەڵ خواستی بازاڕ کارو کەرتی تایبەت و گشتی بسازێنین، ئەو پۆلە قوتابییەی ئەمڕۆش بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن، هاوشێوەی پۆلەکانی دیکە بە هەگبەیەکی پڕی زانستییەوە دەچنەوە نێو دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ تا بە گڕوتینێکی زۆرەوە خزمەت پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەن و ووردبینانەو لێزانانەو کارزانانە بە شێوەیەکی زانستییانە ئەرکە سەرەکییەکەی خۆیان راپەڕێنن، ئەوەش ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە تایبەت خودی جەنابی سەرۆک وەزیران.

خۆشەویستان….

زانکۆمان، لەم چەند ساڵەی دواییدا، تەنها بڕوانامەی دیپلۆمی تەکنیکی و بەکالۆریۆس نابەخشێت، بەڵکو لەگەڵ فراوانبوونی بەشە زانستییەکان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کردنەوەی کۆلێژو پەیمانگەش، ئەوا دەستمان بە پڕۆسەی خوێندنی باڵا کردووەو بە پشت بەستن بە کادیری ئەکادیمی و زانستی ناوەخۆیی زانکۆ، ئێستا بڕوانامەی(دبلۆمی باڵا- ماستەر- دكتورا)یش دەبەخشین، ئەوەش هەنگاوێکی پیرۆزە لە سەر هەردوو رەوتی ئەکادیمی و زانستی و پیشەیی کار بۆ خزمەتکردنی کوردستان.

بەڕێزان…….

ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم، وەک سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی رێزدار جەنابی(مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەم کە سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان و فشارە ناوەخۆیی و دەرەکییەکان، کەچی هەردەم پاڵپشتی پڕۆسەی خوێندن و سەرخستنی زانکۆکانی کردووەو لە پارەدارکردنی پڕۆژەکانمان و کۆی پڕۆسەی خوێندن، دەتوانین بڵێن بە خۆڕاگری جەنابیان، زانکۆکان توانیان بەردەوام بن لە پڕۆسەی خوێندن، تەنانەت بۆ یەک چرکەش پڕۆسەی خوێندن  نەوەستاوە،  پشتیوان بە خودای گەورە و پاڵپشتی کابینەی نوێەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاروانی زانست لە کوردستان بەرەوپێش دەچێت و هیواخوازین زانکۆمان بە هەوڵی مامۆستایانی ماندوونەناس و کارمەندانی ستافی کارگێڕی و قوتابیانی ئازیزی سەرمەشقی ئەم کاروانە بێت، هەروەها زۆر سوپاسی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی و وەزارەتی ناوەخۆ دەکەین کە لە سەرەتای کردنەوەی بەشی بەڵگەکانی تاوان لە زانکۆمان، هەموو کات پاڵپشتییان بۆ سەرکەوتنی ئەم بەشە تا ئەمڕۆ لێرە بە چاوی خۆمان ئەو بەرهەمە دەبینین.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە، پیرۆزبایی لە دەرچووانی ئازیز دەکەم، پیرۆزە بڕوانامەی تێکۆشان و هەوڵ و رەنج و ماندووبونی دوو ساڵی خوێندنتان، ئومێدەوارم هەمیشە سەرکەوتووبن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ئایندەیەکی پڕشنگدارو روناک چاوڕێتان دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە تواناو کارامەییە جەستەیی و زانستییەکانی ئێوەی خۆشەویستە تا بتوانن ببنە ستونی سەرەکی چەسپاندن و سەروەری یاسا و نەهێشتنی تاوان لە کۆمەڵگە.

هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان، لە نیشتیمانێکی سەربەخۆ و ئارام.

دواتر وتاری وەزارەتی ناوخۆ لە لایەن د. هێمن میرانی خوێنرایەوە و گوتی: “بە ناوی وەزیری ناوخۆوە سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر و مامۆستایان دەکەم، کە ئەو بەشەیان کردەوە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو پۆلێک لە ئەفسەر و کادیرانی وەزارەتی ناوخۆیان لەخۆ گرت وە توانیتان لە بەشی بەڵگەکانی تاوان بە زانستی نوێ و سەردەم پەروەردەیان بکەن پیرۆزبایی لە دەرچووان و کەسوکاریان دەکەم و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیانم لە وەزارەتی ناوخۆ بەشداری لە خۆشی و ئاهەنگی دەرچوونی ئەم ئازیزانە دەکەین کە بێگومان لە داهاتوو سوود لە تواناکانیان وەردەگرین چونکە ئێستا باشتر لە بایەخی بەڵگەکانی تاوان و چۆنیەتی کۆکردنەوە و پاراستنی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکردن بۆ ئاشکراکردنی تاوانکار و پاراستنی مافی خەڵک و قوربانییان تێدەگەن.”

دواتر وتاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لایەن د. سەباح وەیس خوێنرایەوە کە تیایدا وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیانی دەرچوو گوتی: “ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی و گرنگە بۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی ناوخۆ کە ئەمڕۆ یەکەمین خولی دەرچوونی قوتابیانی بەشی بەڵگەکانی تاوان بەڕێوەدەچێت، هیوادارم لەو دووساڵەدا کە قوتابییانی ئازیز پرەنسیپەکانی ئەکادیمییان لەو بەشە وەرگرتووە سوودێکی باشی بۆ کارەکانتان هەبووبێت.”

دواتر قوتابییانی دەرچوو سوێندی یاساییان خوارد، پاشان راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر بە ناوی ئەنجومەنی پەیمانگەی ناوبراوەوە داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆ کرد کە بڕوانامەی دەرچوون ببەخشێتە قوتابیان، پ.د. ئیدریس هەرکی سەرۆکی ئەنجومەنی زانکۆ بڕوانامەی بەخشییە قوتابیانی بەشی بەڵگەکانی تاوان.

دواتر بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرایە دەرچووان لەگەڵ دابەشکردنی خەڵات بەسەر قوتابی یەکەم و دووەم و سێیەم، لە کۆتاییشدا بە گرتنی وێنەیەکی گشتی مەراسیمەکە کۆتایی هات.

 

بۆ بینینی سەرجەم وێنەکان بە کالیتی بەرز تکایە سەردانی ئەم بەســـــــــــــــــــــــــــتــــــــــــەرە بکەن.

 

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی کۆنسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر دەکات

رۆژی یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری شاندێک سەردانی کۆنسوڵخانەی قەتەری لە هەولێر کرد و لە لایەن حوسێن عەلی صاڵح کونسوڵی ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە پ.د. ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و مامۆستا بەهزاد حیلمی ئاکرەیی بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ وێڕای پیرۆزبایی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی قەتەر، کورتەیەکی دەربارەی مێژوو و کۆلێژ و بەشە زانستییەکان و ژمارەی قوتابییان بۆ خانەخوێ باسکرد.

لای خۆیەوە کۆنسوڵی قەتەر لە هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانەکەیان و سەرسامی خۆی بە ستراتیژیەتی کارکردنی زانکۆمان دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ زانکۆمان خواست.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا دەربارەی دروستکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا، کۆنسوڵی قەتەر بە گرنگییەوە لە رۆڵی زانکۆی ڕووانی و بە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵگەی لە قەڵەمدا بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنان لە زانستدا دەکات.

هەروەها کۆنسوڵی قەتەر ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی زانکۆمان لەو ڕووانەی کە پێویستن بۆ زانکۆ، ئەوەشی درکاند کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند ئیڤێنتێک لە هەرێمی کوردستان رێکبخەن و یەکێک لەوانە تایبەت دەبێت بە کەلتوور و چەند نوێنەرێکی ئەو وڵاتە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ئاشنا بکەن بە کەلتوور و رۆشنبیری وڵاتەکەیان.

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی وڵاتی قەتەر، لەم رووەشەوە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس هەرکی، ئامادەیی زانکۆی دەربڕی کە ژمارەیەک قوتابی زانکۆکانی قەتەر مەشقی هاوینە لە زانکۆمان ئەنجام بدەن.

سەرۆکی زانکۆ بڕوانامەی رێزلێنان دەبەخشێتە ژمارەیەک قوتابی بەشی کارگێڕی دەزگاکانی گەشتاری لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر

رۆژی پێنچ شەممە 6ی حوزەیرانی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د . سەرسام خەلیل عومەر ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کاگێری هەولێر، مامۆستا بەهزاد حیلمی ئاکرەیی بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی زانکۆ، د. بەهجەت سەبری ئاکرەیی سەرۆک بەش و مامۆستایانی بەشی کارگێڕی دەزگاکانی گەشتیاری، پێشوازی کرد لە ژمارەیەک قوتابی بەشی ناوبراو کرد و بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێبەخشین لەپای ئەرک و ماندووبوون و چالاکییان لەکاتی بەڕێوەچوونی 29هەمین دیداری زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی.

سەرۆکی زانکۆ وێڕای بەخێرهێنانی قوتبییان گوتی: “دڵخۆشم کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کارێکی زۆر باشتان ئەنجامدا و وێنەیەکی جوانتان بە شاندە عەرەبیەکان نیشاندا، لە 29هەمین دیداری تایبەت بە ئاڵوگۆری دەرفەتی مەشق لە نێوان زانکۆکانی ئەندام لەیەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی، ئێمەش دەمانتوانی چالاکیەکەتان ببەینە شوێنێکی تر، بەڵام مەبەستمان بوو لەناو زانکۆ بکرێت تا میوانانی ئامادەبوو بزانن زانکۆمان چییەو چی پێدەکرێت و توانای چەندە، لەبەر ئەوەی ئێوە بەشێکن لەو پەیمانگە و زانکۆیە و دەتوانن ئەوەی فێری بوون نیشانی بدەن و خزمەتی ئەو کۆمەڵگایەی پێ بکەن، ئێوەش سوودتان لێ بینی، دەمانویست شارەزابن لەوەی کە لە ناو زانکۆ چی دەکرێت، ئەمڕۆش پێمانخۆش بوو لەنزیکەوە بتانبینین و دەستخۆشیتان لێ بکەین سوپاسی خۆمانتان ئاراستە بکەین.

دواتر پ.ی.د. سەرسام ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر لەوتەیەکدا سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و هاوکاری و پشتیگیریەکانی بەڕێزیانی کرد بۆ قوتابییان و پەیمانگە، و هەروەها هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ قوتابیان خواست، و سوپاسی ستافی پەیمانگە و مامۆستایانی بەشەکەی کرد کە ماندووبوون لەگەڵ قوتابیان.