Category Archives: کۆلێژی تەکنیکی سۆران

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران دیبەیتێک بەڕێوەچوو

ڕۆژی شەممە 22ـی شوباتی 2025، لە هۆڵی کۆنفڕانسی کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە بەشداری هەر یەکە لە دیبەیتەران ( پ.د. شوکریە ڕەسوڵ ، پ.د. مەولود ئیبراهیم ، پ.د. هاوژین صلێوە ، پ.ی.م. فەرهاد عەزیز ) و بەڕێوەبەری دیبەیت د. پشتیوان ئەسعەد مامۆستای کۆلێژەکەمان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بە ناونیشانی ( ڕۆڵی ئەدەبی فۆڵکلۆر لە پاراستنی زماندا ) دیبەیتێک بەڕێوەچوو.

لە دیبەیتەکەدا، پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و حەکیم تێلی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسانی حزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابییانی کۆلێژ ئامادەبوون.

لە میانەی دیبەتەکەدا دوای پێشکەشکردنی وتاری ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دیبەیتەران تەئکیدیان لەسەر پاراستنی زمانی دایک کردەوە، بە مەبەستی بەرەپێش چوونی کلتور و ڕەسەنایەتی زمان و دەوڵەمەند کردنی لەڕێگەی گواستنەوە و گەیاندنی زانیاری و داب و نەریتەکان بە نەوەکانی داهاتوو.

دواتر مامۆستا فەرهاد عەزیز کە یەکێک بوو لە دیبەیتەران بە پشتبەستن بە توێژینەوە زانستییەکان، باسی ئەوەی کرد کە “کوردەکان سۆمەرین” و چەند بەڵگەیەکی لە زمانی سۆمەری خستەڕوو کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە.

هەروەها، پ.د. شوکریە ڕەسوڵ ئاماژەی بە ڕۆڵی و گرنگی ئەدەبی سەرزاریدا لە پاراستنی نەتەوە و زماندا و ئەزموونی ولاتان و گەلانی لەم بوارەدا خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی دیبەیتەکەدا پ.د. مەولود ئیبراهیم حەسەن، باسی لە بایەخی ئەفسانە و کوردستان وەک لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانیەت کرد، بەڵگەی زانستیانەی بۆ هێنایەوە.

لە هەمان کاتدا، پ.د. هاوژین صلێوە، توێژینەوەیەکی خۆی لەبارەی ئاوێتە بوونی زمانی کوردی و سریانی پێشکەشکرد، بەناونیشانی (بەراوردی پەند و ئیدیۆمی سریانی و کوردی) تێدا کۆمەڵێک دەقی بە زمانی سریانی و کوردی خستەڕوو و بەراوردی کردن.

لەکۆتایی دیبەیتەکەدا سوپاسنامەی کۆلێژی تەکنیکی سۆران لەلایەن جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاگری کۆلێژەکەمان پێشکەشی دیبەیتەران کرا.

 

ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران بەشەناوخۆییەکانی کوڕان و کچانی بەسەرکردەوە

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 3ـی شوباتی 2025، لەسەردانێکی مەیدانیدا ، پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، بە یاوەریی م.زرار موحسین محەمەد عەلی یاریدەدەری ڕاگر و ستافی بەشەناوخۆییەکان، بە مەبەستی گوێگرتن لە داواکارییەکانی قوتابییان و پێدانی ڕێنماییەکانی کۆلێژ، سەرجەم بەشەناخۆییەکانی قوتابییانی کوڕان و کچانی بەسەرکردەوە.

لە سەردانەکەدا ڕاگری کۆلێژ لەنزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ قوتابییان کرد سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی چاکسازییەکان لە بەشەناوخۆییەکاندا کە ماوەیەکە دەستی پێکراوە لە دابینکردنی کەل و پەلی پێویست و پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانیان.

ڕاگری کۆلێژ بەڵێنی بە قوتابییاندا کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و دابینکردنی کەشێکی گونجاو و لەبار بۆ قوتابییان، و ڕایگەیاند کەلایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆلێژی ڕاسپاردووە بەزوویی بەدەم داخوازییەکانەوە بێن و لەکەمترین کاتدا کێشە و گرفتەکان چارەسەربکەن.

لەبەرامبەردا قوتابییانی بەشەناوخۆییەکانی کۆلێژ سوپاس و دەستخۆشییان ئاراستەی ڕاگری کۆلێژ کرد بۆ بەدەمەوە هاتنی داواکارییەکان و پەرۆشیان بۆ خزمەتکردنی زیاتری قوتابییان.

 

قوتابییانی بەشی پەرستاری وانەی جینۆسایدیان لە بارزان خوێند

ڕۆژی پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2024، بە هاوکاری و هەماهەنگی نووسینگەی ڕێزدار مەلا مستەفا بارزانی، قوتابییانی قۆناغی یەکەمی بەیانیان و ئێواران لە بەشی پەرستاری – کۆلێژی تەکنیکی سۆران، گەشتێکی زانستی ـیان بۆ بارزان ئەنجامدا و له‌لایه‌ن بەرێز خه‌ڵات بارزانی، نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی پێشوازی كران.

لەم گەشتە زانستییەدا، لەلایەن سەرپەرشتیارانی مۆنۆمێنت و بە ئامادەبوونی مامۆستا زرار موحسین محەمەد عەلی جێگری ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و مامۆستایانی بابەت، وانەی جینۆساید بەشێوەی مەیدانی لە مۆنۆمێنتی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان لە بارزان پێشکەشی قوتابییان کرا.

 

لە بارزان قوتابییانی به‌شی ئافرەتان و لەدایکبوون وانه‌ی جینۆسایدیان خوێند


ڕۆژی سێشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، بە پاڵپشتی و هەماهەنگی نووسینگەی ڕێزدار مەلا مستەفا بارزانی، قوتابییانی بەشی ئافرەتان و لەدایکبوونی کۆلێژی تەکنیکی سۆران / قۆناغی یەکەمی بەیانیان و ئێواران، گەشتێکی زانستی ـیان بۆ بارزان ئەنجامدا.

لە گەشتە زانستییەکەدا قوتابییانمان وانەی جینۆسایدیان بەشێوەی مەیدانی لە مۆنۆمێنتی ئەنفالی بارزانییەکان، لەلایەن سەرپەرشتیارانی مۆنۆمێنت و بە ئامادەبوونی پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و مامۆستایانی بابەت وەرگرت.

له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌ زانستییه‌كه‌یان بۆ ده‌ڤه‌ری بارزان تا به‌شێوه‌ی مه‌یدانی وانه‌ی جینۆساید بخوێنن، ڕاگری کۆڵێژ و مامۆستایان و قوتابییانی کۆلێژەکەمان ، سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مرانییان كرد و له‌لایه‌ن شێخ خه‌ڵات بارزانی، نوێنه‌ری سه‌رۆك بارزانی پێشوازی لێكران.