Category Archives: پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

پەیامی راگری پەیمانگە بەبۆنەی 41هەمین ساڵیادی جێنوسایدی بارزانییەکان

پەیامی راگری پەیمانگە بەبۆنەی 41هەمین ساڵیادی جێنوسایدی بارزانییەکان

ئەوکاتانەى کە ژیان تازە دەیویست بەدەم گریانى هاتنەدنیام بە پێکەنین وەڵامم بداتەوە و، شادى روخسارى باب و برام بە روونى هەستپێبکەم، دەستى رەشى دڕندەترین مرۆڤەکان، تاڵترین تامى ژیانی پێ چەشتم و بۆ هەمیشە وێنەى ئازیزانمى بە تەمى تارى نادڵنیایى داپۆشى؛ بۆیە بۆ من، یادى ئەنفال جگە لەو کاریگەرییە گشتییەى کە لەسەر کۆنەستى هەموومان هەیەتى، ئەزموونێکى تایبەتى پڕ لە ژان و ئازاریشە؛ چونکە من خۆم رزگاربوویەکى ئەنفالم.

چل و یەک ساڵ لەمەوبەر، بە مەبەستى لەناوبردنى بزووتنەوەى رزگاری خوازی کوردستان، ڕژێمی سەدام حسێنى گۆڕبەگۆڕ، لە کردەوەیەکی دڕندانەى بەرنامە بۆداڕێژراودا، کردەوەى جینۆساید و سڕینەوەى بارزانییەکانى دەستپێکرد و زیاتر لە 8 هەزار جوامێرى بارزانى بێسەروشوێن و راپێچى مەرگ کردن؛ لەوکاتەوە تا ئێستا، ئێمە بە ئازارى خەمى لەدەستدانى ئەو ئازیزانەوە ژیانمان تێدەپەرێنین.

ئەمڕۆ بە هەستێکی قووڵی پڕ لە خەم یادى ئەو کارەساتە دەکەینەوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر چاوێک بە مێژووماندا بگێڕین و لە چارەنووسى ئەوانەى کە ئەنفالیان کرد و ئەوانەش کە ئەنفالکران رابمێنین، سوکناییەک بەدڵماندا دێت. ئەوەتا ئێمەى بەجێماوانى ئەنفال و میراتگرانى ئەو کۆستە مەزنە، سەرەڕاى ئەو هەموو سەختى و نەهامەتییانەى کە چەشتمانن و رووبەڕوومان بوونەوە، بووینەتە رووسوورى مێژوو و بکەرانى ئەنفالیش لە زبڵدانى مێژوودان.

بۆ ئێمە نەک تەنیا 31ى تەمووز، بەڵکو هەموو رۆژێک یادى ئەو ئازیزانەیە. چونکە ئەوان تەنیا هەشت هەزار کەس نەبوون، بەڵکو ئەوان هەریەکەیان ژیانێک بوو بە هەموو رەنگاڵەیى و جۆراوجۆرییەکانیەوە، هەریەکەیان چیرۆک و ئاوات و خۆشەویستی خۆی هەبوو بۆ وڵات، ئاین و مرۆڤایەتی و ژینگەدۆستی.

وەک ئەکادیمییەک، ئەرکی ئێمەیە کە یادەوەرییەکانمان و تەواوى ئەو دڕندەییانەى بەرامبەرمان کراون لەبیر نەکەین؛ پێویستە نەوەکانی داهاتوو ئاگادار بکرێنەوە، کە پێشینانیان، باوک و براو خزم و کەسیان، تەنیا لەبەر ئەوەى کورد بوون، تەنیا لەبەرئەوەى بارزانى بوون، لە چرکەساتێکى مێژووییدا، جینۆساید کران و لەناوبران. ئەمە گرنگە بزانرێ، تا داهاتوومان روون و دیار بێ.

ئەنفالى بارزانییەکان لە یادەوەری ئێمەدا بۆ هەمیشە بە بەرزى دەمێنێتەوە؛ بەڵام ئەمە هاوکات پەڵەیەکى رەشیشە بە ناوچاوى مرۆڤایەتى و دادەپەروەری مرۆییەوە.

جارێکى تر لەو یادەدا، دروود دەنێرین بۆ گیانى پاکى هەموو ئەوانەى بوونە قوربانى ئەو دڕندەییەى داگیرکەران، و بەڵێن بە رۆحى بەرزەفڕیان دەدەین، هەروەک رابردوو ئیرادەى نەبەزیوى کوردستان هەر لە باڵاییدا دەمێنێتەوە.

د. طالب محەمەد شەریف عومەر
راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

 

راگری پەیمانگە بەشداری یاری کۆتایی پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی کوردستان دەکات

راگری پەیمانگە بەشداری یاری کۆتایی پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی کوردستان دەکات

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 24ی تەمووزی 2024، د.طالب محەمەد شەریف عمر راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، بەئامادەبوونی بەرێز هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەبەخۆی سۆران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی و وەرزش دۆستان بەشداریکرد لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی شارەکان بۆ تۆپی پێ لە یارگای د.فرسەت سۆفی لە شاری سۆران.

یاریەکە لە نێوان هەڵبژاردەی هەولێر و هەڵەبجە بەرێوەچوو.

لە یاری کۆتایدا هەڵبژاردەی هەولێر توانی بێتە پاڵەوانی پاڵەوانێتییەکە دوای سەرکەوتنیان بە سەر هەڵبژاردەی هەڵەبجە بە ئەنجامی (4-3).
لە کۆتاییدا خەڵات بەسەر هەردوو تیمو باشترینەکانی خولەکەدا دابەشکرا.

 

راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سەردانی سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەرەنسی دەکات

راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سەردانی سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەرەنسی دەکات

رۆژی چوار شەممە 5ی حوزەیرانی 2024، د. طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سەردانی پ.د. ئەمین ساڵح محەمەد سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی کرد.

لە دیدارێکدا گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا و هەماهەنگی کردن لە پێشخستنی ناوەندە ئەکادیمییەکان بەگشتی و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەتایبەتی لەرووی زانستی و ژێرخانی ئەکادیمی.

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وەک قسەکەرێکی سەرەکی بەشداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکات

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وەک قسەکەرێکی سەرەکی بەشداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی دەکات

رۆژی یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، دکتۆر طالب محەمەد شريف عمر راگری پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر / زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە شێوەی ئۆنلاین (پلاتفۆرمی زووم) وەک میوانی فەخری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساڵانەی Delhi School of Professional Studies and Research, University New Delhi India

لەژێر ناونیشانی “تەکنەلۆژیا، ئاشتی، خۆشگوزەرانی و پەروەردە”، لە 2ی حوزەیرانی 2024 لە هیندستان بەڕێوەچوو. لە وتارێکدا دکتۆر طالب محمد شريف عمر تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکی تەکنەلۆژیا لە پەروەردەکردنی ئاشتی، خۆشگوزەرانی و پەروەردە.

لە وتارەکەدا، ڕاگری پەیمانگە جەختی لەسەر کاریگەری گۆڕانکارییەکانی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لەسەر دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی جیهانی، گەشەی ئابووری و دەرفەتەکانی خوێندن کردەوە. بە بەکارهێنانی داهێنانە پێشکەوتووەکان بۆ داهاتوو خستەڕوو کە تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی کاردەکات، کەلێنەکان پڕدەکاتەوە و کوالیتی ژیان بۆ کۆمەڵگاکان لە سەرانسەری جیهاندا بەرز دەکاتەوە.

راگری پەیمانگە جەختی لە گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان لە نێوان ئەکادیمیا، پیشەسازی و حکومەت کردەوە بۆ بەکارهێنانی تواناکانی تەکنەلۆژیا لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییە زەقەکاندا. لە ڕێگەی هاوبەشی ستراتیژی و وەبەرهێنانی بەردەوام لە توێژینەوە و پەرەپێدان.

راگری پەیمانگە جەختیشی کردەوە کە تەکنەلۆژیا دەتوانێت هێزێکی بزوێنەر بێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانەتر و ئاوەدانتر و گوتی: “من خۆشحاڵم کە وەک میوانی فەخری بانگهێشتکراوم لە کۆنفرانسی ساڵانەی نێودەوڵەتی زانکۆی نیو دێلهی
و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لەڕێگەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، توێژەران و پەروەردەکاران دەتوانن ڕێگە خۆش بکەن بۆ داهاتوویەک کە ئاشتی، خۆشگوزەرانی و پەروەردە بۆ هەمووان دەستەبەر بکات، دووپاتیشی کردەوە پێکەوە دەتوانین جیهانێک دروست بکەین کە تەکنەلۆژیا وەک ئایدیاڵێکی هیوا و پێشکەوتن خزمەت بکات.”.

26 هەمین کۆنفرانسی ساڵانەی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی حیکمەتی کۆن: خۆشگوزەرانی، ئاشتی و بەدیهێنان، لەوڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو کە تیایدا پسپۆڕان، زانایان و پزیشکانی پێشەنگی بوارە جیاوازەکانی کۆکردبووەوە بۆ گفتوگۆکردن و هاوبەشکردنی تێڕوانینەکان لەسەر یەکتربڕینی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.

راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر