Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

مامۆستایەکی زانکۆمان لە دوو پانێڵی جیاواز بەشداری لە کۆنفرانسی لایەنەکان (COP29) لە باکووی ئازەربایجان دەکات

د.شارا کەمال سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای پێترۆڵ لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و سەرۆکی لێژنەی (flood mapping and management )  لە دوو پانێل بەشداری لە کۆنفرانسی لایەنەکان (کۆپ29) لە باکووی ئازەربایجان دەکات.


لەپانێلی یەکەمدا لە رۆژی 19ـی تشرینی دووەمی2024 د.شارا دەربارەی کێشەی لافاو لە کوردستان بەشداربوو، لەم پانێڵە د.شارا کمال پرۆژەیکی پێشکەش کرد کە دەرئەنجامی هەماهەنگیە لە نێوان زانکۆمان و IOM بۆ بەرەنگاربونەوەی کیشەی لافاو لە کوردستان.

لەم پرۆژەیە چەند مامۆستایەک و قوتابیانی زانکۆکەمان بە خۆبەخشانە کار دەکەن بو چارەسەرکردنی کێشەی لافاو لە قوشتەپە لە ریێ mapping technology ، لە کۆتایی پرۆژەکە چەندین پۆند و کاچمێنت دیزاین ئەکرێ بۆ گلدانەوەی ئاوی باران بۆ بەکارهێنان و بەرزکردنی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکە، دەرئەنجامی ئەم بەژداریکردنە د.شارا توانی هەماهەنگی دروست بکات لەگەل چەند لایەنیکی حکومی و کۆمپانیای ناحکومی بۆ دابینکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی مرۆیی بۆ قوتابیانی زانکۆمان.
 
پانێلی دووەم دەربارەی چیاکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانی کەشوهەوا لە رۆژی 21ـی تشرینی دووەمی2024 بەڕێوەچوو، لەم پانێڵەدا لە پێگەی عێراق کە بۆ تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکخرابوو، دکتۆرە شارا کمال باسی لە تۆبۆگرافیای جوانی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی دا بە چیاکان بەگشتی و گوتی هۆکارێکن بۆ ژینگەیەکی لەبار و جوان بۆ گەشت و سەیران، هەروەها باسی لەوەشکرد کە دەوڵەمەندە بە چەندین دارستان و ڕۆڵی زۆریان هەیە لەکەمکردنەوەی دەرهاوێشتەی گازەکان و دەوڵەمەندە بە ژیانی کێوی، بەمەش ناوچەیەکی لەباری ڕەخساندووە بۆ ئەوەی چەندین ناوچەی پارێزراوی لێ هەڵکەوێت و لەکۆتایدا گوتی ئەو ناوچانە ڕۆلیان هەیە لەپاراستنی ژیانی کلاسیک و لەو شوێنانە چەندین ڕووەکی تێدایە بۆ داو دەرمان سودی لێوەردەگیرێت و هەروەها ساڵانە چەندین چاڵاکی رۆشنبیری و میهرەجان لەم ناوچانە ئەنجام دەدرێت.

 

شایەنی باسکردنە كۆنفرانسی لایەنەكان (COP29) بۆ پرسە ژینگەییەكانی جیهان، لە باكووی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوە چوو، تاكوو 22ی تشرینی دووەمی 2024 بەردەوام بوو، لە كۆنفرانسەكەدا سەرۆك و سەركردەكانی جیهان، نوێنەرانی حكومەتەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، كەرتی تایبەت، خاوەنكاران، دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و چالاكانی ژینگە بەشداربوون و دەیانەوێت بگەنە ئەو ڕێكارە كاریگەرانەی بە هۆیانەوە، باشتر ڕاسپاردە و بڕگەكانی ڕێككەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە جێبەجێ دەكرێت.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێک دەربارەی کاریگەری خراپی بەکارهینانی مادەی هۆشبەر ڕێکدەخات

 ئەمڕۆ 24ی تشرینی دووەمی 2024 لەژێڕ چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە ئامادەبوونی پ.ی.د.هەتاو کەریم بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار، د.شوان بەڕێوەبەری رێکخراوی O.H.C و بەشێک لە مامۆستایان و قوتابیانی بەشی کارگێڕی یاسایی لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و بەشی دەرمانسازی لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر، زانکۆمان بۆ زیاتر گرینگی دان بە لایەنی هۆشیاری و رۆشەنبیری قوتابییانی زانکۆکەمان سیمینارێک دەربارەی کاریگەری خراپی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە سەرۆکایەتی زانکۆ ڕێکخست.
 
سیمینارەکە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری پەرەپێدانی کار لە سەرۆکایەتی زانکۆمان لەگەڵ رێکخراوی O.H.C رێکخرابوو، پێشکەشکردنی سیمینارەکە لە لایەن قسەکەری دانیمارکی گاری گۆری و قسەکەری ئیتالی جولیا بەرێوەچوو، کە لەسەرەتای سیمینارەکەدا بە پێناسەی مادەی هۆشبەرەکان دەستی بە سیمینارەکە کرد و دواتر تیشکی خستە سەر کاریگەری خراپی بەکار هێنانی مادەی هۆشبەر و شێوازی خۆ پاریزی و چارەسەری دوای توشبوون،
 لە کۆتایی سیمینارەکەشدا چەند پرسیارێک لە لایەن میوانان و قوتابیان ئاراستەی قسەکەرەکان کراو وڵامیان درایەوە.

 

رۆڵی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پاڵپشتیکردن و پێشخستنی زیرەکی دەستکرد

زیرەکی دەستکرد بابەتیکی گرنگی سەردەمیانەیە کە پێویستە زانکۆکان و دەزگای پەیوەندیدار رۆڵیان هەبێت لە پێشخستنی. هەر وەک ئاشکرایە زانکۆکەمان لەم بوارە چالاکی زۆری ئەنجامداوە و نویترینیان بەشداریکردنی د.سەلار عثمان علی، مامۆستا لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر، لە پۆدکاستێکی تایبەت بە کۆمەڵەی توێژینەوەی پەروەردەیی بەریتانی بە هاوبەشی زانکۆی لیڤەرپووڵ لە بەریتانیا و زانکۆی پوورسەعید لە میسر.

بابەتی پۆدکاستەکە جەخت لە گرنگی سەرکردایەتی ئەکادیمی دەکات، سەرچاوەی زانیاری و هەماهەنگی وپەیوەندی ئەکادیمی لە نێوان دەزگا ئەکادیمییەکان لە پاڵپشتی کردنی بەردەوامی ئامانجەکانی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەتی لە جیهانی باشوور و ووڵاتانی تازە پێگەیشتوو.


لەم پۆدکاستە باسی ڕۆڵی زانکۆکەمان دەکرێت لە پێشخستن وپاڵپشتی کردنی بابەتی زیرەکی دەستکرد لە ڕێگەی ئەنجامدانی وۆرکشۆپ ودامەزراندنی کۆلێژی ئەندازیاری زانستەکانی کۆمپیوتەر کە بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2024-2025 کراوەیە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەك.

جێگەی باسە ئەم بڵاوکراوەیە لە دەرەنجامی دوو وۆرکشۆپی نێودەوڵەتییە کە بە هاوبەشی هەردوو زانکۆی ئاماژەپێکراو لە سەرەتای ئەم ساڵ لە زانکۆکەمان ئەنجام درا.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ناوەڕۆکی پۆدکاستەکە، دەتوانن کلیک لـــــــــــێرە بکەن.

بەئامادەبوونى سەرۆکی زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر، چلەی ماتەمینی پرۆفیسۆر ” د. خەلیل ئیسماعیل ” بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دوو شەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2024 ، بە ئامادەبوونى پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى زانکۆ و هاوڕێ و هەڤاڵ و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، مەراسیمى چلەی ماتەمینی خوالێخۆشبوو مامۆستاى زانکۆى سەڵاحەدین، پرۆفیسۆر ” دکتۆر خەلیل ئیسماعیل ” بەڕێوەچوو.

لە مه‌راسیمه‌كه‌دا، سەرۆکی زانکۆ وێڕاى سەرەخۆشى لە خانەوادە وکەس و کارەکەی، ڕۆڵى خوالێخۆشبووى لە ژیانی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتی بەرز نرخاند، کە خاوەنی 45 کتێبە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی.