Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە قوتابیانی بەشداربووی کۆنفرانسی ساڵانەی قوتابیانی زانکۆ کرد

ئەمڕۆ پێنج شەممە 29ی شوباتی 2024، بەڕێز پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پەیوەندیە ڕۆشنبیریەکان، پ.ی.د.عبدالخالق نادر راگری کۆلێژی تەکنیکی  شەقڵاوە و پ.ی.د.سەرسام خلیل شوانی راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر، پ.ی.د.رەنج سیروان بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و بەڕێز پێشوازی کرا لە ژمارەیەك قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە لە رۆژانی 19 و 20ی شوباتی 2024، بەشدارییان کرد لە (کۆنفراسی ساڵانەی قوتابیانی زانکۆ) لە زانکۆی عەین لە وڵاتی ئیمارات.

شایەنی باسە قوتابیانی زانکۆمان بە چوار پرۆژەی ئەکادیمی بەشداربوون لە کۆلێژەکانی  ئەندازیاری هەولێر و کارگێری هەولێر بە ناوەکانی (فەرهاد ئەمین عەلی بە سەرپەرشتی مامۆستا دلڤین حەسەن، یاد فەرهاد حەمەخان بە سەرپەرشتی مامۆستا باریزە بەدیع، محەمەد سەفین بە سەرپەرشتی د. رەفاهـ رەشید، زینە محەمەد جەمیل بە سەرپەرشتی مامۆستا تاڤگە مەهدی عەزیز) لە بوارەکانی ئەندازیاری، ژمێریاری و بازاڕگەری.

هەر لەو دانیشتنەدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو جۆرە چالاکییانە بۆ زیاتر ئاشنابوونی قوتابیان و مامۆستایانی وڵاتانی بەشدار بوو بەو پێشکەوتنە زانستیانەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەدەست هاتووە.

لە کۆتاییدا بەڕێز سەرۆکی زانکۆ خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە مامۆستایان و قوتابیانی بەشدار بوو کرد.

 

قوتابیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری دەکەن لە کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئیمارات

ژمارەیەک قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە رۆژانی 19 و 20ی شوباتی 2024، بەشدارییان کرد لە (کۆنفراسی ساڵانەی قووتابیانی زانکۆ) لە زانکۆی عەین لە وڵاتی ئیمارات.

قوتابییانی زانکۆمان بە چوار پرۆژەی ئەکادیمی بەشداربوون لە کۆلێژەکانی تەکنیکی کارگێڕی و ئەندازیاری هەولێر بە ناوەکانی (فەرهاد ئەمین عەلی بە سەرپەرشتی مامۆستا دلڤین حەسەن، یاد فەرهاد حەمەخان بە سەرپەرشتی مامۆستا باریزە بەدیع، محەمەد سەفین بە سەرپەرشتی د. رەفاهـ رەشید، زینە محەمەد جەمیل بە سەرپەرشتی مامۆستا تاڤگە مەهدی عەزیز) لە بوارەکانی ئەندازیاری، ژمێریاری و بازاڕگەری.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەندامێکی کارای یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبییە و بەشداریکردنی قوتابییانمان لەو کۆنفرانسەدا هەر لە چوارچێوەی بەرنامەکانی یەکێتی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی دایە.

سەرۆکی زانکۆ بەشداری کرد لە دیدارى نەخشەڕێى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکانی

رۆژی دووشەممە 26ی شوباتی 2024، پ.د. ئیدریس محمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەسەرۆکایەتی شاندێک بەشداری کرد لە “دیدارى نەخشەڕێى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکانی” کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە رێکخرابوو.

لە دیدارەکەدا کە لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەچوو بریکارى وەزارەتی خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و ئەندامانى لێژنەى باڵاى بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و توێژەران و پارێزەران و کەسانى پسپۆڕ ئامادەیبوون.

شاندی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکهاتبون لە پ.ی.د. یوسف مستەفا رەسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان، د. هەتاو کەریم و د. عەلی عەبدوڵا مامۆستای زانکۆمان و مامۆستا سەرمەند نەسرەدین بەڕێوبەری کارگێڕی سەرۆکایەتی زانکۆ و هاوکات چالاکی بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان.

دوای خوێندنەوەی چەند وتارێک بەرنامەى کارى دیدارەکە دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگەى دوو پانێڵ کە لەلایەن هەریەک لە د. سەباح ئیبراهیم وەیس راوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بەڕێوەچوو، توێژەران و پسپۆڕانى بوارەکە گفتوگۆیان لەبارەى لایەنە جیاکانى مادە هۆشبەرەکان کرد و کۆمەڵێک بیروبۆچونى جیاوازیان خستەڕو بۆ چۆنیەتى دانانى نەخشەڕێى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا رۆڵی گەورەى هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، پەرەپێدانی تواناکان، توێژینەوە و پەرەپێدان، ئاوێتەکردنی پرسی مادە هۆشبەرەکان لەگەڵ پرۆگرامەکانی خوێندن، بەکارهێنانی زانستییانەی هۆیەکانی میدیا و سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیا، هەروەها کاراکردنی سێنتەرەکانی راوێژکاری قوتابیان لەناو زانکۆکان بۆ بەرەنگاربونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان، هەروەها لەسەر ئاستی حکومەت بە چڕی کار لەسەر ئەم پرسە دەکرێت، لیژنەی باڵای تایبەت بۆ ئەم پرسە بە بەشداری نوێنەرانی هەمو وەزارەتەکان پێکهێنراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشدارییەکی کارای کردووە لە داڕشتنی نەخشەڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆتایی بە خولی هەشتەمی پێداگۆجی هێنا و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا

ڕۆژی پێنچ شەممە 22ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، د. ژاڵە سعید خطاط بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، لە رێوڕەسمێکدا کۆتایی بە خولی هەشتەمی پێداگۆجی هات و بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەشکرا.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا وێرای بەخێرهێنان پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەکە کرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو خولەو گوتی:

“بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشەکی دەستخۆشی لەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەین کەماوەی شەش مانگ بەردەوام بوون لەو خولە و وانەوتنەوە تێیدا، کە بەردەوامن و هەر بەردەوامیش دەبن لەگەڵمان، بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هاتوون و بەشداری دەکەن لەگەڵمان، دەستخۆشیتان لێدەکەین و سوپاس گوزارین، زۆر زۆر بەخێربێن. هەوەها پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی مامۆستایانیش دەکەین کە بەشداربوون سەرکەوتووانە خولەکەتان تەواو کرد، ئیتر دوای تەواوکردنی ئەم خولە و بەدەستهێنانی‌ئەو بڕوانامەیە دەتوانن داواکارییەکانتان پێشکەش بکەن و ببنە مامۆستا لەیەکێک لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند، خولەکانی پێداگوجی مەرجێکە بۆ‌ ئەوەی بتوانن داواکاری پێشکەش بکەن و ببن بەمامۆستای زانکۆ، گرنگی ئەو خولە کە بۆماوەی شەش مانگ بەردەوام بووە دڵنیام گرنگی و سوودێکی زۆری هەیە ، دەسپێکێکی زۆرباشە بۆ ئەوە ی ببیت بەمامۆستایەکی سەرکەوتوو لە بواری خوێندنی باڵا بەتایبەتی، بەڵام ئەوە بەتەنیا بەس نییە، بەڵکو بەردەوامی دەوێت ئەوەتا ئێمە 30 ساڵە مامۆستای زانکۆین هێشتا پێویستمان بەخوێندن و خۆئامادەکردن هەیە، هەوڵدەدەین زیاتر فێربین لەپیشەی پیرۆزی مامۆستایەتی، پیشەی مامۆستایەتی دەریایەکە و پێویستە ڕۆژانە هەوڵبدەین شتی زیاتر فێربین بەتایبەتیش لەزانکۆ، تەنها بەخولێک تۆ نابیتە مامۆستایەکی شایستە و سەرکەوتوو، وادابنێ لەزانستەکەی خۆت زانستێکی مام ناوەندیت هەیە و زۆر ئیمتیازت نییە، بەڵام دەتوانی مامۆستایەکی نایاب بیت بەپلەی یەک زۆر لەو مامۆستایانەش باشتربیت کە ئیمتیازیان هەیە، بۆیە لەئێستا بەدواوە و دوای وەرگرتنی ئەو بروانامەیە خۆتان دروست بکەن و ببن بەمامۆستایەکی نایاب، بۆ ئێمەش هەر ئەوە گرنگە چونکە ئێوە لێرەن بۆ ئەوەی ببن بەمامۆستا، پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەم ‌و هیوادارین‌ سەرکەوتووانە لەزانکۆکانی کوردستان خزمەت بکەن”.

لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا بڕوانامەی دەرچوون بەخشرایە مامۆستایانی بەشداربووی خولی هەشتەمی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

شایەنی باسە بەشداربووانی خولی هەشتەمی پێداگۆجی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکهاتبوون لە 69 قوتابی کە بە سەرپەرشتی ژمارەیەک مامۆستا لە ناوەوە و دەرەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ماوەی شەش مانگ سەرپەرشتی وتنەوەی وانەکانی خولەکەیان کرد.