Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک مامۆستای میوان لە زانکۆی لوودز لە وڵاتی پۆڵەندا وانە دەڵێتەوە

لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی بەنێودەوڵەتی کردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە پێی ڕێککەوتنامەی لێکتێگەیشتنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ زانکۆی لوودز لە پۆڵەندا بە خۆشحاڵیەوە مامۆستا پ.د. وەلاء جەودەت هەڵبژێردرا کە وەک مامۆستای میوان لە زانکۆی لوودس وانە بڵێتەوە.

شیاوی باسە ئەو مامۆستایەی زانکۆمان سێ بابەت دەڵێتەوە ئەوانیش (Soft Skill, International University Resource Management, Business presentation Technology) کە کۆی گشتی وانەکان دەگاتە 60 کاتژمێر لە ڕێکەوتی 26ی شوبات تاکو 30 نیسانی 2024.

 

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەشداریی لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەشداری لە کۆنگرەی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لە رۆژانی3-6ی ئاداری 2024 لە زانکۆی بەغدا بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەشداریی لە کارەکانی کردنەوەی 56 ھەمین خولی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، د.نەعیم عەبوودی و ئامادەبوونی د.عەمرو عیزەت سەلامە ئەمینداری گشتی یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی دەستی بەکارەکانی کرد.

دوای رێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی کۆنگرەکە کە بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، د.نەعیم عەبوودی بەڕێوەچوو، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و سەرۆکی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشداربووانی کۆنگرەکە ئەنجامدا.

لەو دیدارانەدا شاندی کوردستان لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندی و ھەماھەنگیی نێوان زانکۆکان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکانیان کرد.

بڕیارە لە میانی کارەکانی کۆنگرەکەدا چەندین بابەتی پەیوەندار بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆکان تاوتوێی بکرێت، لەوانە ھەماھەنگی نێودەوڵەتی، سیستەمی بۆلونا، پرۆژەکانی پۆلێنبەندی عەرەبی بۆ زانکۆکانی عەرەبی و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ تاوتوێ بکرێت.

جێی ئاماژەیە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر وەک یەکێک لە زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی ساڵانە بە فەرمی بانگھێشتی کۆنگرەی یەکێتییەکە دەکرێت کە ھەر خولێکی لەلایەن زانکۆیەکی ئەندام لە یەکێتییەکە میوانداریی دەکرێت.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وۆرکشۆپێکی تایبەت بە گۆڕانکاری لە بەشە زانستییەکانی کەرتی پسپۆڕی کارگێری رێکدەخات

رۆژی یەکشەممە 3ی ئاداری 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د. بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.ی.د. عەبدولخالق نادر قادر راگری کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە هاوکات سەرۆکی لێژنەی کەرتی پسپۆڕییە کارگێڕییەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، وۆرکشۆپێک لەژێر ناونیشانی ” پێداچوونەوە و رێکخستنی پڕۆگرامەکانی خوێندنی بەشە کارگێڕییەکان” بەڕێوەچوو.

ئەم وۆرکشۆپە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بەردەوام بوو، بە بەشداری سەرجەم سەرۆک بەشە کارگێڕییەکانی زانکۆمان کە پێکدێن لە 26 سەرۆک بەش، و تیایدا بەشێوەیەکی چڕوپڕ گفتوگۆکرا دەربارەی گۆڕینی چەند پرۆگرامێکی خوێندن لە نێو پرۆگرامی بەشەزانستییەکان هەروەها گۆڕینی ناوی چەند بەشێکی زانستی کە بگونجێت لەگەڵ بازاڕی کار و گۆڕینیان بۆ ناوی سەردەمییانە بۆ ئەوەی کە قوتابییان خوێندنیان لەو بەشە تەواو کرد لە داهاتوودا ئاسانتر دەرفەتی کار بەدەست بهێنن.

وۆرکشۆپەکە دەستپێکی چەند گۆڕانکارییەکی گرنگە بۆ زیاتر پێشخستنی بەشە زانستییە کارگێڕییەکان و رێکردن لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییە زانستییەکانی سەردەم، و هاوکات خۆگونجاندنە لەگەڵ بازاڕی کاردا.

 

کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و کۆمپانیای(AwroSoft)  گرێبەستێک واژوو دەکەن

رۆژی پێنجشەممە 29ی شوباتی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد طاهر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و پ. د. کیهان زرار غفور ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ لە ڕێوڕەسمێکدا گرێبەستی بە ئەلیکترۆنی کردنی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر لەگەڵ کۆمپانیای ئەوڕۆسۆفت واژووکرا.

هەر لەو رێوڕەسمەدا سێمینارێک لە لایەن بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای (AwroSoft) پێشکەشکرا بە وردی باسی لە چەند تایبەتمەندییەک کرد لە سیستەمی ئەلیکترۆنی کۆلێژی ناوبراو بوونی هەیە.

لەمەودوا کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر ئەزموونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە لە بەرەوپێشچوون و نوێگەری لە رێگای بە ئەلیکترۆنی کردنی کۆلێژەکە کە ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەنگاوی گەورەتر لە بواری تەکنەلۆجیای کۆلێژی ناوبراو و ئەزموونێک بۆ گشت کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.