Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە ئیڤێنتی کۆنسوڵخانەی کۆریای باشوور لە هەولێر دەکات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەمووزی 2024، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەندامێتی هەریەکە لە پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی، پ.د. کەیهان زرار ڕاگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پ.ی. د.ڕەنج سیروان عەبدوڵا بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەشدارییان کرد لە ئیڤێنتی کۆنسولخانەی کۆریای باشوور لە هۆتێڵ ڕۆتانا لەشاری هەولێر.

لە ئیڤینتەکەدا کۆنسولی گشتی کۆریا لەشاری هەولێر سینجول لیم ئامادەبوو، و تیایدا ژمارەیەک لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریای باشوور پرێزنتەیشنی تایبەت بە ناساندنی زانکۆکانیان لە رووی مێژوو و پسپۆڕی و ژمارەی ستافی ئەکادیمی و قوتابیانیان پێشکەش کرد.

شیاوی باسە جگە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەریەک لە زانکۆکانی سەڵاحەدین، زانکۆی سۆران، زانکۆی کۆیە، زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک، دەستەی کوردستانی، زانکۆی کوردستان لەهەولێر لە کوردستان و لە وڵاتی کۆریاش هەریەکە لە زانکۆکانی (Seoul Women’s University، Hanyang University، KDI School of Public Policy and Management) بەشداربوون تێیدا.

لە درێژەی ئیڤێنتەکەدا گفتوگۆکرا لە بارەی کارکردنی هاوبەش لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی کۆریای باشوور لەڕووی ئاڵوگۆڕی ستافی ئەکادیمی و قوتابییان و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش لە نێوان توێژەرانی هەردوولا.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوونی خولی سێیەمی راهێنانی پێداگۆجی دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەمووزی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری پ.ی.د. ڕەنج سیروان عەبدوڵا بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی بەشداری کرد لەڕێورەسمی ئاهەنگی دەرچوونی خولی سێهەمی بەشداربووانی ڕاهێنانی پێداگۆجی کە لە هۆتێڵ شیراتۆن بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بەچاودێری و ئامادەبوونی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لەسەرۆک زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەری سەنتەرەکانی پێداگۆجی و بەشداربووانی راهێنانی پێداگۆجی لەگەڵ زانکۆی (HAMK)ى فينلەندی لە هۆتێل هەولێرى نێودەوڵەتى بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا، باسی گرنگی پێداگۆجی و پێویستی کرد بۆ مامۆستایان، کەپرۆسەی خوێندن تەنها لەهۆڵەکان قەتیس نەکرێن، بەڵکو لەودیو دیواری هۆڵەکان کاربکرێت و تێکەڵی کۆمەڵگا بکرێن، داهێنان بکرێت و کارئاسانی زیاتر بۆ گەنجانی وڵاتی خۆمان برەخسێت، مۆدێڵی نوێی کارسازی بێتە گۆرەپان، سوپاسی سپۆنسەرەکانی ئەو خولەی کرد، هیوای کارکردنی باشتری خواست بۆ خزمەتی هەمووان. هەروەها گوتیشی ، “پێداگۆجی پڕۆژەیەکی یەکجار گرنگە و داوا لەهەموو مامۆستایان دەکەم بەشداربن تیایدا و لەو فەلسەفە پەروەردەییە نوێیە سوود وەربگرن” .

شیاوی باسە (41) مامۆستا لەزانکۆکانى کوردستان خولى سێهەمى پێداگۆجیان تەواوکرد و بڕوانامەى نێودەوڵەتیان لە زانکۆى (HAMK) ى فینلاند بەدەستهێنا، لەو ژمارەیەش سێ مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری تێدابوو کە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە د.دەشنێ و د. هەتاو و م. ڕەوەز.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا بڕوانامەی ڕێزلێنان بەسەر بەشداربووانی خولەکەدا دابەشکرا .

کۆمپانیای (Leybold Didactic )ی ئەڵمانی سیمنارێکی تایبەت بە ئامێرە پزیشکییەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشکەش دەکات

ئەمڕۆ سێ شەممە 2ی تەمووزی 2024، بەئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و بەشێک لە ڕاگری کولێژ و پەیمانگەکان و مامۆستایان، کۆمپانیای (Leybold Didactic )ی ئەڵمانی سمینارێک دەربارەی نوێترین پێشکەوتن لە بواری ئامێری تاقیگاکانی تەکنەلۆجی و پزیشکی پێشکەش کرد

لەو سیمینارەدا ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر و سەرۆک بەش و مامۆستایانی بەشە پزیشکیەکان بەشداریان کرد تاکو لە تاقیگە پزیشکییەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆمان سوودی لێوەربگرن لە داهاتوودا بۆ خزمەتکردنی زیاتری بواری پزیشکی و قوتابیان.

شاندێکی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی تاقیگەی (CISCO) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، شاندێکی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی تاقیگەی نێتۆرکینگ/(CISCO)یان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد و لە لایەن پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.د. کەیهان غەفوور زرار راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پێشوازییان لێکرا.

لە ماوەی رابردوودا کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئایرێکس ئەمریکی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاقیگەی سیسکۆیان دامەزراند و سەردانی ئەمڕۆی ئەو شاندە بۆ ئاگاداربوون بوو لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی تاقیگەکە.

پێداویستییەکانی ئەم تاقیگەیە لەسەر ئەستۆی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و رێکخراوەی ئایرێکس دابینکراوە کە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنی هەردوو بەشی (ICT) لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و (ISE) لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر کە لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆگرامەکانی خوێندن لەم دوو بەشە لەسەر بنەماکانی نێتۆرکینگ/ سیسکۆ دەخوێندرێت و قوتابییان لە لایەنی زانستییەوە سوودمەندەبن.

شایەنی باسە ئەم تەکنەلۆژیایە نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانییە کە لە بواری نێتۆرکینگ پەیڕەو دەکرێ وە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابییان و زانکۆمان.