Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

سەرۆکی زانکۆ بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکان لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بەسەردەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەیاوەری پ.د. ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و م. بەهزاد حیلمی ئاکرەیی بەرێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ، بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتەکانی لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی بەسەرکردەوە.

لەو سەردانەدا سەرۆکی زانکۆ و یاوەرانی لەلایەن راگری کۆلێژ و یاریدەدەری راگر و سەرۆک بەش و ژمارەیەک لە مامۆستایانەوە پێشوازییان لێکرا.

دواتر سەردانی تاقیگە و هۆڵەکانی بەشەکەیان کرد کە بەشێکی تایبەتە و تاقیکردنەوەکانی بەشێوازێکی جیاواز بەڕێوەدەچێت، و لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکان بوون و پاڵپشتی تەواوی سەرۆکایەتی زانکۆیان بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کۆلێژی ناوبراو و بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتییەکان وەک تاکە بەش لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق، دووپات کردەوە.

سەرۆکی زانکۆ بەمەبەستی پیرۆزبایی سەردانی بەڕێوبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و بەڕێوبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان دەکات

ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی حوزەیرانی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەمەبەستی پیرۆزبایی سەردانی هەریەکە لە بەڕێوبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی کرد.

لە سەردانەکاندا کە هەریەکە لە پ.د. ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی زانکۆ م. بەهزاد حیلمی ئاکرەیی و ئاکۆ جەعفەر مەحموود بەڕێوبەری کاروباری دارایی و سەرمەند حەمید نەسرەدین بەڕێوبەری کاروباری کارگێڕی لە سەرۆکایەتی زانکۆ، هاوڕێی بوون سەرۆکی زانکۆ پەیامی پیرۆزبایی ئەنجومەنی زانکۆی بە هەریەکە لە بەڕێزان کۆڤان تحسین بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لەوەزارەتی دارایی و ئابووری و محەمەد ئەحمەد گەردی بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان گەیاند و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە ئاهەنگی رۆژی نیشتمانی ئیتاڵیا دەکات

رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە و گەشەپێدانی زانستی زانکۆمان بەشداری کرد لە ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانی دەوڵەتی ئیتالیا.

شاندی زانکۆمان کە بە بانگهێشتنامەی فەرمی کوسوڵخانەی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، وێڕای پیرۆزبایی کردنی یادەکە لە کونسولی گشتی ئیتاڵیا، گفتوگۆ و دیداریان لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و سیاسی ئەنجامدا.

شیاوی باسە لەو رێوڕەسمەدا نوێنەرانی حکومەت و پارتە سیاسییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتان ئامادە بوون.

دوو قوتابی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە پێشبڕکێیەک لە وڵاتی چین پلەی دووەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەست دەهێنن


تیمی قوتابییانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە نوێنەرایەتی وڵاتی عێراق بەشدارییان کرد لە پێشبڕکێی جیهانی هواوی لە وڵاتی چین و توانیان پلەی دووەم بەدەست بهێنن لەسەر ئاستی جیهان کە تایبەت بوو بە بواری نێتوۆرکینگ.

ڕۆژی 22ی ئایاری 2024، تیمی قوتابییانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە پێکهاتبوون لە بەیار قەهار قوتابی قۆناغی چوارەمی بەشی ICTE لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و بەشار قەهار قۆناغی دووەمی بەشی ISE لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بەسەرپەرشتی مامۆستا شیرین عەبدوڵڵا ئەنوەر بەڕێوەبەری سەنتەری ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وڵاتی چین بەشدارییان کرد لە پێشبڕکێی جیهانی هواوی و توانیان سەرکەوتنێکی گەورە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و خۆیان تۆمار بکەن و پلەی دووەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەست بهێنن.

تیمی زانکۆمان بە نوێنەرایەتی سەرجەم زانکۆکانی عێراق بەشداربوون لە قۆناغی کۆتایی پێشبڕکێی جیهانی هواوی (ICT Networking) کە تیایدا 476 پێشبڕکێکار لە 161 تیم و لە 49 وڵات و هەرێم لەسەر ئاستی جیهان بەشداربوون.

شیاوی باسە تیمی زانکۆمان لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر ئاستی عێراق سەرکەوتن بۆ قوناغی دووەم کە لە وڵاتی بەحرەین بەڕێوەچوو لەوێش پلەی دووەمیان بەدەستهێنا و گەیشتنە قۆناغی کۆتایی کە لە وڵاتی چین لە رۆژی 22ی ئایاری 2024 بەڕێوەچوو.

سەرەتای پێشبڕکێیەکە بەکۆی گشتی زیاتر لە 170 هەزار قوتابی لە زیاتر لە 80 وڵات و هەرێمەوە کێبڕکێیان کرد بۆ ئەوەی چانسی بەشداریکردنیان هەبێت لە قۆناغەکانی کۆتایی.