Category Archives: سەرۆکایەتی زانکۆ

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لیستی کاندیدانی راوندی دووەم بە پێی رێنمایی ژمارە 9ی ساڵی 2023 رادەگەیەنێت

لیستەکانی کاندیدانی ڕاوندی دووەم بە پێی ڕێنمایی ژمارە 9ی ساڵی 2023، ڕێنمایی هەمواری چواردمی ژمارە 3ی ساڵی 2023 خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکان. هەر کاندیدێکی بەڕێز ئارەزوومەندە درێژە بە خوێندن بدات بە شێوازی پارالێل پێویستە لە ماوەی 10 رۆژدا سەردانی کۆلێژەکەی بکات.

بۆ بینینی لیستی ناوەکان کلیک لـــــــــــێــــــــــــــــرە بکە.

سەرۆکی زانکۆ سەردانی بەشەناوخۆییەکانی کچان دەکات

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، پ. د ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆکاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مستەفا رەسول و بەڕێوبەری بەشەناوخۆییەکان ئەحمەد شێرکۆ عەبدوڵا، سەردانی بەشەناوخۆییەکانی کچانی کرد.

لە سەردانەکەدا ژوور و هۆڵەکانی بەشەناوخۆیی کچانیان بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوونیان کرد بۆ ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە بەشەناوخۆییەکان، هەروەها بڕیاردرا بەزووترین کات کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەندروست بۆ قوتابییان بڕەخسێنرێت.

شیاوی باسە بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2023-2024 بە بڕیاری سەرۆکایەتی زانکۆ، سەرجەم بەشەناوخۆییەکانی کچان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکدەخرێت و کۆی قوتابییانی کچ لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی ناو شاری هەولێر لە بەشەناوخۆییەکانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر شوێنیان بۆ دابین دەکرێت.

 

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەغدا بەشداری لە وۆرکشۆپێکی رێکخراوی یونسکۆ دەکەن

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولیر لە شاری بەغدا بەشدارییان لە وۆرکشۆپێک کرد کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ رێکخرابوو و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

وۆرکشۆپەکە بۆ حەوت زانکۆی پۆلیتەکنیکی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان رێکخرابوو کە پێکهاتبوو لە هەردوو بۆردی (Quality Assurance board) و (Subject Area Board). لە رۆژی یەکەمدا بۆردەکان سیمینارێکیان پێشکەش کرد کە لە ماوەی 2 ساڵی ئەکادیمی کاری لەسەر کراوە.

لە وۆرکشۆپەکەدا شاندی زانکۆمان باسیان لە پرۆگرامی نوێ و کوالیتی خوێندن و چۆنیەتی پیادەکردنی بۆلۆنا پرۆسس لە زانکۆمان بۆ ئامادەبووان روونکردەوە، بڕیارە لە رۆژی دووەم و سێیەمی وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پلان و ئاستەنگەکان بکرێت، هەروەها دەرئەنجام و ئامادەکردنی دەرچووان بۆ بازاری کار لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی عێراق بخرێتە بەرباس.

شیاوی باسە شاندی زانکۆمان پێکهاتبوون لە مامۆستا سالار احمد رسول، مامۆستا کەمال محەمەد عەبدوڵا، مامۆستا جبارمجید صادیق ومامۆستا ئەحمەد رفیق تۆفیق کە بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداربوون.

 

سەرۆکی زانکۆ بەفەرمی باڵەخانەی نوێی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کردەوە

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە مەراسیمێکدا باڵەخانەی نوێی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر کردەوە.

لە مەراسیمەکەدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆی (پ.د.ک) و راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی پ.ی.د.ئازاد احمد و سەرجەم سەرۆك بەشەکانی کۆلێژی ناوبراو و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و قوتابیان، باڵەخانە نوێیە بە تەواوی پێداویستییەکانییەوە کرایەوە.

لەوتەیەکیدا د.ئیدریس پیرۆزبایی کردنەوەی ئەو باڵەخانە نوێیەی لە ڕاگرو سەرۆک بەش و فەرمانبەران قوتابیان کرد و بە قوتابییانی راگەیاند، “پیرۆزباییتان لێدەکەم ئێوە لە ئێستادا لە یەکێک لە باشترین بەشە زانستییەکانی ئەم کۆلێژە و گشت زانکۆکانی کوردستان دەخوێنن کە پێویستی ئێستای بازاڕی کارە لە هەموو جیهان”، هەروەها هیوای خواست قوتابیان بەماڵی خۆیانی بزانن و چاویان لە کەل و پەلەکان بێت و بیپارێزن چونکە بۆ خزمەتی خۆیانە، هەروەها لەنزیکەوە گوێی لەڕاوبۆچوون و کێشەو گیرو گرفتی قوتابیان گرت و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێدان.

شیاوی باسە باڵەخانەکە بەشێوەیەکی مۆدێرن دروستکراوە کە لەگەڵ سروشتی بەشەکە بگونجێت جگە لەوەش کورسی و مێزەکانی خوێندن بەشێوەیەکن کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ کاتی وانە خوێندن هەروەها دروستکردنی تیم، کە قوتابیان دەتوانن کورسی و مێزەکان بەشێوەی بازنەیی ریز بکەن بۆ ئەوەی بەچەند دانەیەک مێزێکی گفتوگۆی بەکۆمەڵ دروست بکرێت.