Author Archives: karez hamad

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەشداری یادی ڕیفراندۆم دەکات

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەشداری یادی ڕیفراندۆم دەکات

ڕۆژی دووشەمە 25ی 9ی 2023، ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر د.طالب محەمەدشەریف و شاندی یاوەری، بەشدارییان کرد لە یادی شەشەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی کوردستان، لەژێر دروشمی ( پێری ئۆتۆنۆمی، دوێنێ فیدرالی، ئەمرۆ ڕیفراندۆم و بەیانی دەوڵەت).

ئەم یادە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی نووسینگەی رێزدار (مەلا مستەفا بارزانی) و بە پشتیوانی بەرێز (هەڵگورد شێخ نەجیب) سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرێز (غەفور احمد ملاسوار) قائمیمقامی قەزای مێرگەسۆر، بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری بارزان لە قەزای مێرگەسۆر ئەنجامدرا.

هەر لەمیانەی بەڕێوەچوونی یادەکەدا چەند چالاکییەک ئەنجامدران وەک کۆرێکی تایبەت بۆ ناساندنی کتێبی (ریفراندۆم… هەنگاوێک بەرەو ئەودیوی مانەوە) لە نووسینی ( مەعروف حەسەن )، و چەند گۆرانی و سروودێکی تایبەت بە یادەکە پێشکەشکران.

ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

راگری پەیمانگە بەشداری لە کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی دەکات

راگری پەیمانگە بەشداری لە کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی دەکات

لەسەر بانگهێشتی فەرمی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، راگری پەیمانگە بەشداری لە کۆنفرانسێکی زانستی ئەو زانکۆیە کرد.

رۆژی 18ـی ئەیلولی 2023، د. طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وەک هەڵسەنگێنەر بەشداری کرد لە سێیەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، لەژێر ناونیشانی (ئاڵنگاریەکانی توێژینەوەی زانستی، و دوایین پێشهاتەکان لەبەردەم بواری زانستەکانی کرداری و مرۆڤایەتی).

کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو کە تیایدا توێژەرانی نێوخۆیی و بیانی دەرئەنجامی چەندین توێژینەوەیان خستەروو.

هەر لە پەڕاوێزی کۆنفرانسەکەدا راگری پەیمانگە سەردانی تاقیگە و بەشە زانستییەکانی زانکۆی ناوبراوی کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ راگر و سەرۆک بەشەکان گفتوگۆی دەربارەی کۆمەڵێک بابەتی زانستی و کوالیتی خوێندن لە زانکۆکان کرد.

راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

پەیامی پیرۆزبایی ڕاگری پەیمانگە بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمی

پەیامی پیرۆزبایی ڕاگری پەیمانگە بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمی

مامۆستا وفەرمانبەر و قوتابیانی ئازیز…

بەیانی شەممە 16ی ئەیلول2023 دەستپێکی سالێکی تازەی خوێندنی ئەکادیمیە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر- پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، ساتێکە بۆداڕشتنی پلان وئامانجی نوێ و، دۆزینەوەی توانا شاراوەکانت. بۆیە، بەم بۆنەیەوە بە ناوی ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکینکی مێرگەسۆر جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەتان دەکەین. بەو هیوایەی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمی 2023-2024 ببێتە زیاتر بەدیهێنانی ئامانجی نوێی ئەکادیمی و بەرزکردنەوەی توانا شاراوەکانتان.

قوتابیانی ئازیز..
ئێمە لە ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەرسۆر پابەندین بە دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاریکار کە بیرۆکە و تواناکان تیایدا گەشە بکەن و مەعريفە بەرهەم بهێنێت. ستافی ئەکادیمی و فەرمانەبەرە دڵسۆزەکانمان هەمیشە لێرەن بۆهاوکاریکردن و ڕێنماییکردنتان.

ئێمە لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و تەکنیکی هەمەچەشن و زیندوو، هانتان دەدەین ئەو دەرفەتانە لە خوێندن و خۆ پێگەیاندن لە باوەش بگرن کە چاوەڕێتان دەکەن. ئەرکەکانتان وەک هەمیشە بەوپەڕی تواناوە جێبەجێ بکەن و بەشداری لە چالاکیە ئەکادیمیەکان و توێژینەوەی زانستی بکەن کە خزمەت بە ئێوەو کۆمەڵگە و وڵات بگەیەنێت بە سوود وەرگرتن لەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدایە.

بەسەر بردنی کاتەکانت لە ناوحەرەمی پەیمانگە تەنها بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە نییە؛ بەڵکو هاوکات بۆپێشخستنی توانا و کارامەییەکانتانە لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلەکانتان بۆ بەدواداچوون بۆ دیدگا جیاوازەکان و بەشداریکردن لە تابلۆی دەوڵەمەندی بیرۆکەکان کە زانکۆ و پەیمانگەکەمان جوانتر و ئاست بەرزتر دەکەن. بۆیە، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتن تەنها بە نمرەکان پێوانە ناکرێت بەڵکو بە زانست و زانیاری بەدەست هاتوو دەپێورێت، ئەمە جگە لەو کار و پەیوەندیانەش کە لە ئەنجامی کارکردنی بەتیم بۆ لەیەکتر فێربوون بەدەست دێت.

لەکاتێکدا، ئێمە بەناو ئاڵنگاری و دەرفەتەکانی ئەم ساڵەی خوێندندا دەڕۆین، پەیمانگەکەمان وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و تەکنیکی ، بەردەوام لە گەشەسەندندایە. لەم ساڵەی خوێندندا چەندین کاری گرنگ لە بواری زانستی و توانا مرۆیی و ژێرخان و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، دەتوانین بەسەر هەر بەربەستێکدا زاڵ بین کە دێتەبەردەممان بە ئیرادە و دڵسۆزی و پابەندبوونێکی هاوبەش دەتوانین دەستکەوتی ئەکادیمی زیاتریش بەدەستبهێنین.

بۆیە ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەین کە شایەتحاڵی دەستکەوتەکانتان بین لە بواری ئەکادیمی بەدرێژایی ئەم ساڵەی خوێندن. دووبارە بەخێربێنەوە بۆ ناو هۆڵەکانی خوێندن و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

د.طالب محمد شریف عمر
سەرۆکی ئەنجومەنی پەیمانگەی تەکینیکی مێرگەسۆر
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر

راگری پەیمانگە سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات

راگری پەیمانگە سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئەیلولی 2023، د. طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن راوێژکاری بەڕێز سەرۆکی هەرێم (پ.د. صاڵح مەلا عومەر)ـەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا دەربارەی هەماهنگی وکارەکانی پەیمانگە و پلان و بەرنامەی کارکردن بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 و کردنەوەی بەشی پەرستاری لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر کە پێویستییەکی گرنگ و هەنووکەییە بۆ دەڤەرەکە و پڕکردنەوەی کەمی کادیری ناوەندی لە نەخۆشخانەکانی قەزای مێرگەسۆر و دەوروبەری.
لە لای خۆیەوە بەڕێز د. صاڵح بەڵێنی دا کە وەک سەرۆکایەتی هەرێم پشتیوان و پاڵپشتی پەیمانگە دەبن بۆ هاوکاریکردنی ئەو دامەزراوە ئەکادیمییە و قوتابییانی ئازیزی دەڤەرەکە.

راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر