Author Archives: Hallo Majed

یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی بەغدا واژۆ کرا

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی، سەرۆکی زانکۆی بەغدا واژۆیان لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو زانکۆ کرد.

رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٣، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەردانی زانکۆی بەغدای کرد لە لایەن پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارەکەدا کە پ.ی.د.نەجیب تۆما، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئامادەی بوو، باس لە پێویستی هەماهەنگیی لەنێوان هەردوو زانکۆ بەتایبەت لە بواری ئەکادیمی و زانستی کرا.

هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆی بەغدا کورتەیەکی لەسەر مێژووی زانکۆی بەغدای بۆ شاندی میوان باس کرد کە یەکەم خولی دەرچووانی زانکۆکە لە ساڵی ١٩١١ بووە، هاوکات باس لە مێژووی دروستبوونی یەک بەیەکی کۆلێژەکانی سەربە زانکۆکەی کرد.

لای خۆیەوە پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی بەغدای کرد بۆ پێشوازییان، هاوکات کورتەیەکی لەبارەی مێژووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆلێژەکانی بۆ سەرۆکی زانکۆی بەغدا خستەڕوو.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە کار و چالاکییەکانی زانکۆی بەغدا نیشانی ئامادەبووان درا.

پاشان یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو زانکۆ لە لایەن پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی و پ.د.مونیر حەمید ئەلسعەدی، سەرۆکی زانکۆی بەغدا واژۆ کرا.

بەگوێرەی یاداشتەکە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێدەکرێت، وێڕای پەرەپێدان بە هەماهەنگیی ئەکادیمی و زانستی لەنێوان هەردوو زانکۆ، هاوکات هەردوولا کار دەکەن بۆ ناردنی مامۆستا و توێژەران و فەرمانبەرانی کارگێری بۆ زانکۆکانی یەکتر بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر.

هەروەها هەردوو زانکۆ قوتابیانیان بۆ مەشقی هاوێنە بۆ زانکۆکانی یەکتر دەنێرن، هاوکات کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش و وۆرکشوپ و ئاڵۆگۆڕی زانیاریی، پڕۆگرامەکانی خوێندن، توێژینەوەی زانستی بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی، هەروەها هەردوو زانکۆ بە هەماهەنگیی کاردەکەن بۆ رێکخستنی چالاکی ئەکادیمی و زانستی.

دوای ئاڵوگۆڕی دیاری و لۆگوی هەردوو زانکۆ، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆکی زانکۆی بەغدا گەڕانێکیان بەناو زانکۆی بەغدا کرد و لەناو تاوەری زانکۆوە شوێنی مێژوویی بەغدا و زانکۆی بەغدا لەسەر رووباری دیجلە نیشانی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر درا.

 

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە کۆنفرانسی کارامەیی لەپێناو کشتوکاڵی بەردەوام دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە کۆنفرانسی کارامەیی لەپێناو کشتوکاڵی بەردەوام کرد کە لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت.

شاندێک کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بەناوی ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەشداریی لە کۆنفرانسی کارامەیی لەپێناو کشتوکاڵی بەردەوام دەکەن کە لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت.

هەریەک لە پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆکایەتی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و سلێمانی هەروەها یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدان بۆ کار لە زانکۆ بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.

کۆنفرانسەکە لەلایەن رێکخراوی Isdeharak بە هاوکاری نوێنەرایەتی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق رێخکراوە و لە میانیدا باس لە چۆنییەتی پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات دەکرێت.

هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا باس لە رۆڵی پەروەردە و خوێندن لە پێشکەشکردنی کارامەیی پیشەیی لە بواری کشتوکاڵ دەکرێت.

زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لیستی خاڵبەندی بۆ پلانی مۆڵەتی خوێندنی مامۆستایان و فەرانبەران بۆ ساڵی 2023-2024 رادەگەیەنێت

نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لیستەکانی خاڵبەندی بۆ پلانی مۆڵەتی خوێندنی تایبەت بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە میلاکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری بۆ ساڵی 2023-2024 ـی راگەیاند، .

هەر فەرمانبەر یاخود مامۆستایەکی بەڕێز لە ئەنجامەکان رازی نییە دەتوانێت تانە لە ئەنجامەکان بگرێت لە رۆژی چوارشەممە 24/5/2023 تاکو کۆتایی دەوامی فەرمی رۆژی یەکشەممە 28/5/2023.

بۆ بینینی لیستی خاڵبەندی پسپۆڕییە جیاوازەکان لێــــــــــــــرە کلیک بکە.

سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە نوێنەری بەشی کاروباری مەعاریفی ئیسلامی لە عەتبەی عەباسی پیرۆز لە کەربەلا کرد

رۆژی سێ شەممە 23ـی ئایاری 2023 سەرۆکی زانکۆ پ. د. ئیدریس محمدتاهیر هەرکی پێشوازی کرد لە بەڕێز عەلا ئەلزیادی، نوێنەری بەشی کاروباری مەعاریفی ئیسلامی لە عەتبەی عەباسی پیرۆز لە کەربەلا و شاندی یاوەری.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کارورباری زانستی و بەڕێوبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ و د.محمد زەهاوی رێکخەری بەشەکە ئامادەیبوون، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەناسین و سەردانیکردنی زانکۆمان و رایانگەیاند بەخۆشحاڵیەوە ئامادەن هەنگاوی جددی بنێن بۆ هاوکاری و هەماهەنگی کردن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی زانکۆکەمان لەگەڵ زانکۆکانی تری عێراق بەگشتی و زانکۆکانی کەربەلا بەتایبەتی.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی زاکۆ باسی لە گرنگی بوونی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان زانکۆکان و قوتابیانی کرد لەگەڵ یەکتری وەک پەیوەندی دروست کردن لە نێوان قوتابیانی زانکۆکەمان و قوتابیانی کەربەلا بۆ گۆرینەوەی راو تێبینی و زانست و زانیاری و شارەزابوون لەداب و نەریت و کلتوری یەکتری، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر بەهێزبوونی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لەگەڵ زانکۆکانی کەربەلاو زانکۆکانی تری عێراق.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا نوێنەری  دامەزراوەکە 3 دانە کتێبی وەک دیاری پێشکەشی سەرۆکی زانکۆ کرد.