Author Archives: Hallo Majed

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە بەغدا بەشداری لە وۆرکشۆپێکی رێکخراوی یونسکۆ دەکەن

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولیر لە شاری بەغدا بەشدارییان لە وۆرکشۆپێک کرد کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ رێکخرابوو و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

وۆرکشۆپەکە بۆ حەوت زانکۆی پۆلیتەکنیکی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان رێکخرابوو کە پێکهاتبوو لە هەردوو بۆردی (Quality Assurance board) و (Subject Area Board). لە رۆژی یەکەمدا بۆردەکان سیمینارێکیان پێشکەش کرد کە لە ماوەی 2 ساڵی ئەکادیمی کاری لەسەر کراوە.

لە وۆرکشۆپەکەدا شاندی زانکۆمان باسیان لە پرۆگرامی نوێ و کوالیتی خوێندن و چۆنیەتی پیادەکردنی بۆلۆنا پرۆسس لە زانکۆمان بۆ ئامادەبووان روونکردەوە، بڕیارە لە رۆژی دووەم و سێیەمی وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پلان و ئاستەنگەکان بکرێت، هەروەها دەرئەنجام و ئامادەکردنی دەرچووان بۆ بازاری کار لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانی عێراق بخرێتە بەرباس.

شیاوی باسە شاندی زانکۆمان پێکهاتبوون لە مامۆستا سالار احمد رسول، مامۆستا کەمال محەمەد عەبدوڵا، مامۆستا جبارمجید صادیق ومامۆستا ئەحمەد رفیق تۆفیق کە بە نوێنەرایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداربوون.

 

سەرۆکی زانکۆ بەفەرمی باڵەخانەی نوێی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کردەوە

رۆژی یەکشەممە 17ـی ئەیلولی 2023، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لە مەراسیمێکدا باڵەخانەی نوێی بەشی بازاڕگەری نێودەوڵەتی و زمانی لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێری هەولێر کردەوە.

لە مەراسیمەکەدا کە هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و مامۆستا هەژار عوسمان بەرپرسی لێژنەی ناوچەی ئاسۆی (پ.د.ک) و راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی پ.ی.د.ئازاد احمد و سەرجەم سەرۆك بەشەکانی کۆلێژی ناوبراو و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و قوتابیان، باڵەخانە نوێیە بە تەواوی پێداویستییەکانییەوە کرایەوە.

لەوتەیەکیدا د.ئیدریس پیرۆزبایی کردنەوەی ئەو باڵەخانە نوێیەی لە ڕاگرو سەرۆک بەش و فەرمانبەران قوتابیان کرد و بە قوتابییانی راگەیاند، “پیرۆزباییتان لێدەکەم ئێوە لە ئێستادا لە یەکێک لە باشترین بەشە زانستییەکانی ئەم کۆلێژە و گشت زانکۆکانی کوردستان دەخوێنن کە پێویستی ئێستای بازاڕی کارە لە هەموو جیهان”، هەروەها هیوای خواست قوتابیان بەماڵی خۆیانی بزانن و چاویان لە کەل و پەلەکان بێت و بیپارێزن چونکە بۆ خزمەتی خۆیانە، هەروەها لەنزیکەوە گوێی لەڕاوبۆچوون و کێشەو گیرو گرفتی قوتابیان گرت و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێدان.

شیاوی باسە باڵەخانەکە بەشێوەیەکی مۆدێرن دروستکراوە کە لەگەڵ سروشتی بەشەکە بگونجێت جگە لەوەش کورسی و مێزەکانی خوێندن بەشێوەیەکن کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ کاتی وانە خوێندن هەروەها دروستکردنی تیم، کە قوتابیان دەتوانن کورسی و مێزەکان بەشێوەی بازنەیی ریز بکەن بۆ ئەوەی بەچەند دانەیەک مێزێکی گفتوگۆی بەکۆمەڵ دروست بکرێت.

 

زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵنامەی ساڵی خوێندنی 2023-2024 بڵاودەکاتەوە

سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ساڵنامەی ساڵی خوێندنی 2023-2024ی کۆلیژ و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆکە بڵاودەکاتەوە.

بەپێی ساڵنامەکە، رۆژی شەممە 16.9.2023 بۆ ئەو کۆلیژ و پەیمانگایانەی کە رۆژانی پێنجشەممە پشوویانە و رۆژی یەکشەممە 17.9.2023 بۆ ئەو کۆلیژ و پەیمانگایانەی کە رۆژانی شەممە پشوویانە، یەکەم رۆژی دەوامی فەرمی ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 دەست پێدەکات.

سەرۆکی زانکۆ سەردانی کۆلیژی تەکنیکی ئەندازیاری کرد و بەشداریی لە تاوتوێکردنی تێزێکی دکتۆرا و ماستەرنامەیەک کرد

پ.د.ئیدریس محمد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی کۆلیژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێری کرد و لەلایەن پ.د.ئەیاد زکی صابر راگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر و یاریدەدەری راگر پێشوازیی لێکرا.

لە دانیشتنێکدا کە پ.ی.د نجیب توما بتو، یاریدەدەرى سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئامادەی بوو، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کرا.

دواتر سەرۆکی زانکۆ بەیاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بەشدارییان لە تاوتوێکردنی تێزى دکتۆرای قوتابى زرار خالد عبدول کرد لە بەشی تەکنیکی ئەندازیاری سیستەمی زانياریی لەژێر ناونیشانی Automatic Gear Fault Diagnosis Using Machine Learning Algorithms

دواتر بەشدارییان لە تاوتوێکردنی ماستەرنامەی قوتابی ديدار عارف حسين لە بەشی تەکنیکی ئەندازیاری شارستانى به ناونيشانى Experimental Evaluation of Load Carrying Capacity of Post Installed Adhesive Anchors