Author Archives: Hallo Majed

کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێرخولێکی راهێنان بۆ مامۆستایانی دەکاتەوە

بەشی تەكنیكی ئەندازیاری شارستانی لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێرخولێکی راهێنان بۆ مامۆستایانی بەشەکە له ژێر ناونیشانی

Total Station Application in Civil Engineering works

ئەنجام دا، کە ماوەی سێ هەفتەی خایاند دوو رۆژ له هەفتەدا له رێکەوتی 10/4/2022 تاكو 25/4/2022 بەردەوام بوو، خولەكه بە شێوەی  تیۆری و پراكتیكی بەرێوەچوو و تیایدا 10 مامۆستای كۆلێژی تەكنیكی ئەندازیاری هەولێر بەشداربوون وه وانەكان به شێوەی پراكتیكی جێبەجێ كران.

خولەکە لە لایەن پ. ی. م. سالار خضر حسین، م. ی. مامۆستا كەمال یاسین عبدالله، م. ی. دلڤین حسن عمر و م. ی. هۆگر هیمداد  سەرپەرشتی دەکرا کە بەشێوەیەکی ورد باسی گرنگی و چۆنیەتی بەكارهێنانی جیهازی تۆتاڵ ستەیشن كرا له ئیش و پرۆژەی ئەندازیاری و وانەكان به شێوەی پراكتیكی جێبەجێ كران له لایەن مامۆستایانی بەشداربوو.

هەروەها ئەو داتایانەی كه له مەوقع وەرگیرابوون به جیهازی تۆتاڵ ستەیشن ناردرانه سەر پرۆگرامی (سیڤیل ٣د)  بۆ دیزاین كردنی رێگاوبان، بەشداربووانی خولەکە سودێکی زۆریان لە خولەکەى وەرگرت و دوای کۆتایی هاتنی خولەکە بروانامەی بەشدارییان پێبەخشرا.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا چەند چالاکییەک ئەنجام دەدات

بەبۆنەی 22ـی نیسان، یادی 124 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، ڕۆژی یەکشەمە 24ـی نیسانی 2022 لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی و نەقیبی سەندیکار رۆژنامەنووسانی کوردستان حاکم ئازاد و بەرپرسانی حزبی و حکومی و رێکخراوەکان و کەسایەتی و رۆژنامەنووسان، چەند چالاکییەک ئەنجام درا لە لایەن مامۆستایان و قوتابیانی بەشی تەکنیکی میدیا لە هەردوو کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر.

چالاکییەکە بە کردنەوەی پێشانگای فۆتۆگرافی و چالاکی ڕۆژنامەوانی دەستی پێکرد و ئەو ڕۆژنامە و پۆستەرانەی کە لەلایەن قوتابیانی هەردوو بەشی راگەیاندن لە کۆلێژ و پەیمانگە بەرهەمهێنرابوون سەرجەمیان پیشان دران هەروەها ژمارە (0)ـی گۆڤاری پۆلیتەکنیک مەگەزین نمایشکرا کە لەلایەن بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێرەوە دەردەچێت و پێشکێشی میوانان و ئامادەبووان کرا.

دواتر لە هۆڵی بۆنەکان سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا پیرۆزبایی یادی رۆژنامەگەری کوردی لە سەرجەم رۆژنامەنووسان و مامۆستایان و ئامادەبووان کرد و وتی : “خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە یەکێکبووین لەو زانکۆیانەی دەستپێشخەربووین لە کردنەوەی بەشی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر وە دەزگاکانی راگەیاندن گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن کە کادری پرۆفیشناڵ لەم  بەشە دەرچووە و ئێستا لە کەناڵەکان خزمەت دەکەن، لە چاوپێکەوتنەکانمان لە کەناڵەکان رۆژانە دەرچووانی خۆمان لەسەر شاشە و پشتی شاشەکان دەبینین شانازییان پێوەدەکەین، لێرەوە دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئەو بەشە دەکەم هەروەها شانازی دەکەم کە 15 بۆ 16 ساڵ پێش ئێستا لەو بەشە مامۆستا بووم لەگەل ئەو مامۆستا بەڕێزانە رۆڵێکمان هەبووە لە پێگەیاندنی کادری میدیایی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی. بەرێزان ئەمرۆ بینیتان چەند چالاکییەکمان هەبوو بەشێکی زۆریان بەدەستی قوتابییان بەرهەم هاتبوون کە ئەوە بەراستی کارێکە لەگەڵ سیستەمی (ئی سی تی ئێس) و بۆلۆنا پرۆسێی یەکدەگرێتەوە کە ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین و کار بۆ جێبەجێ کردنی دەکەین.

دووبارە پیرۆزبایی یادی رۆژنامەگەری و دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە ئێوەی بەڕێز دەکەم و هیوادارم زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر توانیبێتی هەم سوودێک بە راگەیاندکاران هەم قوتابییانی بەشەکانی میدیا بگەیەنێت. لێرەوە زۆر سوپاسی کاک حاکم ئازاد و خاتوو نەرمین سندی دەکەم کە داوەتی ئێمەیان قبوڵ کرد بۆ ئەوەی لە پانێڵێک بەشداربن باس لە بارودۆخی میدیای کوردی بکەن لە ئێستادا زۆر بەخێرهاتنیان دەکەم سوپاس بۆ ئامادبوونتان”.

دواتر پانێڵی تایبەت بە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی لە لایەن مامۆستا شاکر ڕەزا سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر دەستی پێکرد بە بەشداری بەرێزان حاکم ئازاد نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و خاتوو نەرمین سندی راوێژکار لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، و تیایدا باس لە بارودۆخی میدیای کوردی و کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەرەوپێشچوونی و کێشەکەکانی میدیای نوێ و سۆشیال میدی کرا دواتر دەرگای گفتوگۆ بەرووی ئامادەبوواندا کرایەوە و لەلایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵام درانەوە، لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ پلاکێتی رێزلێنانی بەخشییە پانێڵیستە بەرێزەکان.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆمپانیای شلومبێرگر سیمنارێک بۆ دەرچووانی زانکۆمان بەرێوەدەبەن

رۆژی سێ شەممە رێکەوتی 19ـی نیسانی 2022 بەرێوبەرایەتی رەخساندنی هەلیکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای (شلومبێرگر) هەڵسان بە ئەنجامدانی سیمنارێک بۆ دەرچووان و قوتابیانی قوناغی چواری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر.

مەبەستی سیمنارەکە زیاتر ئاشناکردنی کۆمپانیای ناوبراو وکارەکانی و هەروەها رەخساندنی هەلیکار بوو بۆ قوتابیان ، لە کۆتایی سیمنارەکەشدا چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربووان ئەنجام درا بەمەبەستی دامەزراندنیان لە کۆمپانیای ناوبراو.

سەرۆکی زانکۆ پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی هۆڵی خوێندنەوەی بەشەناوخۆییەکانی کچان دەکاتەوە

ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی 4ـی نیسانی 2022 سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانی بە یاوەری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان پ.ی.د. یوسف مصطفى رسول لە مەراسیمێکدا پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی هۆڵی خوێندنەوەی قوتابیانی لە بەشەناوخۆییەکانی کچانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردەوە.

لە رێورەسمەکەدا کە هەریەکە لە راگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر د. برزۆ دزەیی، بەرێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ مامۆستا فەرهاد عثمان و بەرپرسی نوسینگەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان حسین تۆڤی ئامادەیبوون، قوتابییان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەهۆی کردنەوەی هۆڵەکە، کە سوودێکی زۆر بە قوتابییان دەگەیەنێت و هەروەها سوپاسی سەرۆکی زانکۆیان کرد بۆ نۆژەنکردنەوەکە و لە لەی خۆیەوە سەرۆکی زانکۆ تەواوی پاڵپشتی سەرۆکایەتی زانکۆی بۆ قوتابییان دووپاتکردەوە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی تواناکانیان و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندن و خوێندنەوە.

پاشان لە لایەن بەڕێوبەرایەتی بەشەناوخۆییەکانەوە بەدواداچوون کرا بۆ کێشە و گرفتەکانی دیکەی بەشەناوخۆییەکان و بڕیاری چارەسەری خێرا لە بارەیانەوە درا.