زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا چەند چالاکییەک ئەنجام دەدات

بەبۆنەی 22ـی نیسان، یادی 124 ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی، ڕۆژی یەکشەمە 24ـی نیسانی 2022 لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی و نەقیبی سەندیکار رۆژنامەنووسانی کوردستان حاکم ئازاد و بەرپرسانی حزبی و حکومی و رێکخراوەکان و کەسایەتی و رۆژنامەنووسان، چەند چالاکییەک ئەنجام درا لە لایەن مامۆستایان و قوتابیانی بەشی تەکنیکی میدیا لە هەردوو کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر.

چالاکییەکە بە کردنەوەی پێشانگای فۆتۆگرافی و چالاکی ڕۆژنامەوانی دەستی پێکرد و ئەو ڕۆژنامە و پۆستەرانەی کە لەلایەن قوتابیانی هەردوو بەشی راگەیاندن لە کۆلێژ و پەیمانگە بەرهەمهێنرابوون سەرجەمیان پیشان دران هەروەها ژمارە (0)ـی گۆڤاری پۆلیتەکنیک مەگەزین نمایشکرا کە لەلایەن بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێرەوە دەردەچێت و پێشکێشی میوانان و ئامادەبووان کرا.

دواتر لە هۆڵی بۆنەکان سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. کاوە شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا پیرۆزبایی یادی رۆژنامەگەری کوردی لە سەرجەم رۆژنامەنووسان و مامۆستایان و ئامادەبووان کرد و وتی : “خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە یەکێکبووین لەو زانکۆیانەی دەستپێشخەربووین لە کردنەوەی بەشی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر وە دەزگاکانی راگەیاندن گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن کە کادری پرۆفیشناڵ لەم  بەشە دەرچووە و ئێستا لە کەناڵەکان خزمەت دەکەن، لە چاوپێکەوتنەکانمان لە کەناڵەکان رۆژانە دەرچووانی خۆمان لەسەر شاشە و پشتی شاشەکان دەبینین شانازییان پێوەدەکەین، لێرەوە دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئەو بەشە دەکەم هەروەها شانازی دەکەم کە 15 بۆ 16 ساڵ پێش ئێستا لەو بەشە مامۆستا بووم لەگەل ئەو مامۆستا بەڕێزانە رۆڵێکمان هەبووە لە پێگەیاندنی کادری میدیایی پرۆفیشناڵ و ئەکادیمی. بەرێزان ئەمرۆ بینیتان چەند چالاکییەکمان هەبوو بەشێکی زۆریان بەدەستی قوتابییان بەرهەم هاتبوون کە ئەوە بەراستی کارێکە لەگەڵ سیستەمی (ئی سی تی ئێس) و بۆلۆنا پرۆسێی یەکدەگرێتەوە کە ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین و کار بۆ جێبەجێ کردنی دەکەین.

دووبارە پیرۆزبایی یادی رۆژنامەگەری و دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە ئێوەی بەڕێز دەکەم و هیوادارم زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر توانیبێتی هەم سوودێک بە راگەیاندکاران هەم قوتابییانی بەشەکانی میدیا بگەیەنێت. لێرەوە زۆر سوپاسی کاک حاکم ئازاد و خاتوو نەرمین سندی دەکەم کە داوەتی ئێمەیان قبوڵ کرد بۆ ئەوەی لە پانێڵێک بەشداربن باس لە بارودۆخی میدیای کوردی بکەن لە ئێستادا زۆر بەخێرهاتنیان دەکەم سوپاس بۆ ئامادبوونتان”.

دواتر پانێڵی تایبەت بە یادی ڕۆژنامەگەری کوردی لە لایەن مامۆستا شاکر ڕەزا سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر دەستی پێکرد بە بەشداری بەرێزان حاکم ئازاد نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و خاتوو نەرمین سندی راوێژکار لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، و تیایدا باس لە بارودۆخی میدیای کوردی و کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەرەوپێشچوونی و کێشەکەکانی میدیای نوێ و سۆشیال میدی کرا دواتر دەرگای گفتوگۆ بەرووی ئامادەبوواندا کرایەوە و لەلایەن پانێڵیستەکانەوە وەڵام درانەوە، لە کۆتاییشدا سەرۆکی زانکۆ پلاکێتی رێزلێنانی بەخشییە پانێڵیستە بەرێزەکان.