ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەڕێز د. طالب محمدشەریف عومەر ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و بەڕێز د. ساد رووسێل جێگری سەرۆکی کۆلێجی پۆرتڤل لە کالیفۆرنیای ئەمریکا و بەڕێز ئیلێسا کوینەن یاردەدەری کۆلێجی پۆرتڤل و یاردەدەری ڕاگر و ئەنجومەنی پەیمانگە و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان مەراسیمی بەخشینی بڕوانامە بە بەشداربووانی خولێک لە ژێر ناونیشانی “ پردێک لە نێوان کولتوورەکان لە پەروەردەدا “ لە هۆڵی کۆنفڕانسی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو.




























لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا بەڕێز د. طالب محمد شەریف ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وتارێکی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەش کرد و بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد، دواتر د. ساد ڕووسێل جێگری سەرۆکی کۆلێجی پۆرتڤل لە کالیفۆرنیا وتارێکی پێشکەش کرد.
لە چوارچێوەی نامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆلێجی پۆرتڤل لە کالیفۆڕنیا و پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر / زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، خولێکی پەرەپێدانی تواناکان وەکو پردێک لە نێوان پەروەردەکاران و مامۆستایانی جیهان، بە بەشداری 51 مامۆستای زانکۆ و 22 مامۆستای سنوری پەروردەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو، خولەکە بەشێوەیەکی فەرمی لە 15ی 11ی 2024 تا 10ی 3ی 2025 بەردەوام بوو.
خولەکە بەشێوەی ئۆنلاین و بە سوود وەرگرتن لە پڕۆگرامی کانڤس و پلاتفۆڕمی زووم بەڕێوەدەچوو، هەفتەیەک بە لایڤ بوو هەفتەیەک وانەکان جێبەجێ دەکران، خولەکە لە 5 مۆدیۆل پێکهاتبوو، وەک: پەرەپێدانی تواناکان، دیزاینکردنی پۆلێکی کاریگەر، بابەتەکانی وانە وتنەوە، تێگەیشتن لە قوتابی، چۆنیەتی دارشتنی وانەیەکی کاریگەر، دەستنیشانکردنی بەربەستە کلتوری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیستەماتیکیەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندنێکی کوالێتی، هەروەها کۆکردنەوەی تێڕوانین و تیۆریە پێداگۆژیە جیهانیەکان.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا لەلایەن بەڕێز د. طالب محمد شەریف ڕاگری پەیمانگە و بەڕێز د. ساد ڕووسێل جێگری سەرۆکی کۆلێجی پۆرتڤل و بەڕێز ئیلێسا کوینەن یاردەدەری کۆلێجی پۆرتڤل بڕوانامە بە بەشداربووانی خولەکە دران کە لە لایەن کۆلێجی پۆرتڤل ئامادەکرابوون.
ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر