Monthly Archives: ئه‌یلول 2024

بەشی پەلی دەستکرد وپاڵپشتەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامەی نێودەوڵەتی متمانە پێکراو لە یەکێتی جیهانی دروستکردنی پەلی دەستکرد بەدەستدەهێنێت

ئەمڕۆ 18ی ئەیلوولی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەیاوەری یاریدەدەرانی بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کاروباری قوتابیان و بەشەناوخۆییەکان، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرێوەبەری نووسینگە بەشداری کرد لەمەراسیمی بەنێودەوڵەتی کردنی بڕوانامەی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتیەکان لەکۆلیژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی ھەولێر.

سەرەتا ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی ھەولێر بەخێرھاتنی میوانانی کرد، و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو بەشە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ھاوکارانی کرد بۆ پشتوانی بەردەوامیان لەبەشەکە و کولێژی ناوبراو.

دواتر سەرۆکی زانکۆ لە وتارێکدا دوای بەخێرهاتنی میوانان ووتی: “بەڕێزان لای ھەمووان ئاشکرایە بابەتی پەلی دەستکرد یاخود ئەو زانستە لەسەرتاسەری جیھان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستانیش بابەتێکی پێویست و گرنگە.

ئەو ھەموو جەنگ و شەڕەی لەم وڵاتە بەرپابووە وادەکات پێویستیمان بەو زانستە ھەبێت بۆئەوەی خزمەتی کۆمەڵگەکەمانی پێبکەین. ئەو بەشە بەھاوکاری خاچی سووری نێودەوڵەتی و وەزارەتی تەندروستی عێراق و ھەرێم و ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ھەرێم بەیەکەوە بەرێوەدەچێت.

 پیرۆزە بەدەسھێنانی بڕوانامەی جیھانی متمانەپێکراو لەیەکێتی جیھانی دروستکردنی پەلی دەستکرد، ئەمە دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ ئەو بەشە و کۆلێژ، زانکۆ، وەزارەت و حکومەتی ھەرێم.

ئومێد دەکەم بەشەکانی دیکەی زانکۆمان ھەوڵبدەن بۆ بەدەسھێنانی ھەمان بڕوانامەی جیھانی باوەرپێکراو.

 دواتر پ.ی.د. محەمەد حوسێن ئەحمەد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دڵخۆشی خۆیانی دەربڕی کەشان بەشانی د.ئەمیر چالی بەنوێنەرایەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشداربوون لە مەراسیمەکەدا. رایگەیاند ئەو بڕوانامەیە جێگای دڵخۆشیە نەک تەنھا بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەڵکو بۆ سەرجەم ستاف و مامۆستا و قوتابی و خوێندکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

بەر لە کۆتایی ھاتنی مەراسیمەکە، بڕوانامەی رێزلێنانی متمانەپێکراو بەخشرا بەخەمخۆران و بنیادنەرانی ئەو بەشەو قوتابیانی بەشەکە.

 

ئەندامێکی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ناوی لە لیستێکی زانایانی جیهان تۆمار دەکرێت

پ.د.کیهان زرار غفور، ڕاگــری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، ناوی لە لیستی زانکۆی ستانفۆرد بۆ ئەو زانایانەی کە 2% کۆی زانایانی جیهان پێكدەهێنن تۆمار دەکرێت.

 

زانکۆی ستانفۆرد نوێترین لیستی ڕیزبەندیی ئەو زانایانەی کە توێژینەوەکانیان زۆرترین جار وەکو سەرچاوە بەکارهێنراوە لەبوارە زانستیە جیاوازەکان بڵاوکردەوە، ئەو زانایانە کە زانکۆکە ناویانی بڵاوکردۆتەوە، 2% کۆی زانایانی جیهان پێكدەهێنن. ئەو مامۆستایەی زانکۆمان لە لیستەکەدا لەنێو ئەو زانایانەیە کە لەسەر ئاستی عێراق لەو پۆلێنبەندیەدا ناویان هاتووە، توێژینەوەکەی لە بواری (Information and Communication Systems) ئەنجام داوە.

 

بۆ بینینی لیستەکە، دەتوانن کلیک لـــــــــــــــــــــــێـــــرە بکەن

 

 

پەیامی راگری پەیمانگە بە بۆنەی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد(د.خ)

پەیامی راگری پەیمانگە بە بۆنەی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد(د.خ)

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی لەدایک بوونی پێغەمبەری خۆشەویستمان محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت) بە سوپاسگوزاری و تێڕامانەوە ئەم یاد مەزنە دەکەینەوە. ژیانی ئەو چرایەکی میهرەبانی و بەزەیی و دادپەروەری بوو، بەرەو ڕێگای ڕاست و دروستی ڕێنماییمان دەکات.

لەم رۆژە پیرۆزەدا، با پابەندبوونمان نوێ بکەینەوە بە شوێنکەوتنی نموونە بەرزەکەی لە میهرەبانی و دڵسۆزی و پەرۆشی بۆ خوا و یەکتر و خاک و نیشتمان، له‌ خودای بەخشندە و میهرەبان داواكارم له‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌دا ده‌رگای خێر و به‌ره‌كه‌ت به‌ ڕووی گه‌لی كوردستان بكاته‌وه و ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر جیهان و ناوچەكەدا بكێشێت و گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان و تەبایی لەناو مرۆڤایەتیدا بچەسپێت.

والسلام علیكم ورحمة‌ الله وبركاته‌

د. طالب محەمەد شەریف عومەر
ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

راگری پەیمانگە بەشداری لە چالاکییەکی رێکخراوی ئاسک ئیجوکەیتەر دەکات کە بە پاڵپشتی نوسینگەی مەلا مستەفا بارزانی رێکخرا بوو

راگری پەیمانگە بەشداری لە چالاکییەکی رێکخراوی ئاسک ئیجوکەیتەر دەکات کە بە پاڵپشتی نوسینگەی مەلا مستەفا بارزانی رێکخرا بوو

ئەمڕۆ شەممە 14ی ئەیلوولی 2024، لە کامپسی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، رێکخراوی ئاسک ئیجوکەیتەر دوو پانێڵی لەبارەی شێواز و چۆنیەتی خوێندن سەرکەوتنی قوتابییانی پۆلی دوانزە بەبەشداری کەسانی پسپۆڕ رێکخست.

د. طالب محەمەد شەریف عمر راگری پەیمانگە لە یەکێک لە پانێڵەکاندا وتارێکی پێشکەش کرد، سەرتای وتارەکە دەستخۆشی لە رێکخراوی ئاسک ئیجوکەیتەرکرد و دەستخۆشی لە پانێلیستە بەرێزەکان کرد بۆ ئەوبابەتانەی کە پێشکەشکران، راگری پەیمانگە لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر رێکخستنی کات و پلان بۆ دانان و ئەو فاکتەرە ناوەکی و دەرەکیانەی کە کاردەکەن وە زێدەرۆیی نەکردن لە بەکارهێنای تەکنەلۆجیا و چونکە دەبێتە هۆی بە فیرۆدانی کاتی نەهێشتنی زهنی و تەرکیز، و چۆنیەتی کەم کردنەوەی سترێس و قەلەکی لە رێگای پلاندان و رێکخستنی کات و بەم هۆیەوە باوەربەخۆبون زیاد دەبێت و دەبێتە هۆی کەم بونی سترێس.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا راگری پەیمانگە، تیشکی خستە سەر پەیمانگە و بەتایبەتی ئەوە دووبەشە زانستییە نوێیەی کە بۆ ئەمساڵی خوێندن لە پەیمانگەکەمان کراوەتەوە ئەوانیش بەشی پەروەردەکرنی مێش هەنگ و بەشی رووەکە پزیشکەکان.

لە کۆتایی وتارەکەیدا ئامادەیی پەیمانگەی دەربڕی بۆ هەر هاوکاری کردنێکی قوتابییان و پێدانی رێنمایی پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین بە خۆرایی کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا وێبسایتی زانکۆلاین کارا بکرێت.

لە کۆتایی چالاکییەکەشدا سەرۆک رێکخراوی ناوبراو لۆگۆی رێزلێنانی پێشکەش بە راگری پەیمانگە کرد لە بەرامبەر هاوکاریکردنیان لە بواری لۆجستیکی و تەکنیکی بۆ رێکخستنی چالاکییەکە.

راگەیاندنیپەیمانگەیتەکنیکی_مێرگەسۆر