Daily Archives: ئه‌یلول 24, 2024

راگری پەیمانگە بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سەرپەرشتیار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى سنوورى ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات

راگری پەیمانگە بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سەرپەرشتیار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى سنوورى ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات

ڕۆژی دووشەممە 23ـی ئەیلوولی 2024، ڕێزدار نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ دیوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارە و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى سنوورى ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كۆبووه‌وه‌.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە د. طالب محەمەد شەریف عومەر راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وەک یەکێک لە بەرپرسانی دەڤەرەکە ئامادەیبوو، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی باسی لە پێشکەوتن و گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی دەڤەرەکە کرد و رایگەیاند، دوای بڕیاری بە ئیدارەبوونی، سۆران گۆڕانکارییەکی زۆری لە ڕووی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژە ستراتیژییەکان بەخۆیەوە بینیوە، سۆران نموونەیەکی جوانی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە، دڵخۆشم کە سۆران بەم گۆڕانکارییانەوە دەبینم، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەمووتان دەکەم، خەڵکی دەڤەری سۆران شایەنی لەوە زیاترن، دەڤەری سۆران لانکەی شۆڕشەکانی کورد بووە.

لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سوپاسی سەرۆکی هەرێمیان کرد کە هاوشان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەردەوام پاڵپشتی کارەکانیان بوون.

 

سەرۆکی زانکۆ کردنەوەی کۆلێژێک و ژمارەیەک بەشی زانستی نوێ لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راگەیاند

رۆژی سێ شەممە 24ی ئەیلوولی 2024، پ.د.ئیدریس محمەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی کردنەوەی چەندین بەشی زانستی نوێ لە زانکۆمان رێکخست.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی کردنەوەی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری زانستەکانی کۆمپیوتەر و (11) بەشی زانستی نوێ لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەربە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راگەیاند ئەوانیش پێک هاتوون لە بەشەکانی: زیرەکی دەستکرد (AI) لە کۆلێژی ئەندازیاری بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر، تەکنیکی وەرگێڕان لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر، تەکنیکی پڕۆتۆکۆڵ و شیاندنی دبلۆماسی لە کۆلێژی تەکنیکی شەقڵاوە، سەرچاوە مرۆیەکان، کارگێڕی ڕێبەری گەشتیاری لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر، بەرهەمهێنان و پەروەردەکردنی ماسی، تەندروستی کۆمەڵ لە پەیمانگەی تەکنیکی خەبات، تەکنیکی تەلارسازی لە پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان، پەروەردەکردنی مێش هەنگوین، ڕووەکە پزیشکییەکان لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر.

لەبارەی ئامانجی کردنەوەی ئەو کۆلێژ و بەشانەش سەرۆکی زانکۆ روونیکردەوە، “ئامانج لە کردنەوەی ئەم کۆلێژ و بەشانەش لەسەر چەند بنەمایەک خۆی دەبینێتەوە ئەوانیش:

*خۆ گونجاندن لەگەڵ بازار بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار دوای دەرچونی قوتابیان لەم بەشانە.

*رەچاوکردنی شوێنی جوگرافی، مەبەست لەم خاڵە بەپێی گرنگی شوێنی جوگرافی بەشەکان کراونەتەوە، بۆ نمونە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بەشەکانی پەروەردەکردنی مێش هەنگوین، بەشی ڕووەکە پزیشکیەکان کراونەتەوە و ئەمساڵ قوتابی وەردەگرن، ئەمەش بەهۆی بوونی رووەکێکی زۆری سروشتی و کەشوهەوایەکی گونجاو بۆ پەروەردەکردنی مێش هەنگ لە دەڤەرەکە.”

هەروەها سەرۆکی زانکۆ باسی لە پلانی درێژخایەنی زانکۆ کرد وەک بەشێک لە ستراتیجیەتی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە نوێکردنەوەی بەشەکان بەپێی واقعی هەنوکەیی بۆ ئەوەی قوتابیان لە دوای دەرچوونیان بتوانن خۆیان لەگەڵ واقعی ئەمڕۆی بازاڕی هەرێمی کوردستان بگونجێن.

لەبەشێکیتری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا د. ئیدریس هەرکی باسی لە کردنەوەی پێشەنگای هەلی کار کرد، کە ساڵانە زانکۆمان دوای ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیان ئەم هەلە بە هاوکاری کۆمپانیاکان بۆ دەرچووان دەرەخسێنێت.

دواتر سەرۆکی زانکۆ ووتی، “مەشقی هاوینە دەرفەتێکی ترە بۆ رەخساندنی هەلی کار نمونەی مەشقی هاوینەی ساڵی ڕابردووی هێنایەوە بەوەی کە ٪70ی ئەو قوتابیانەی زانکۆمان لە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی شاری هەولێر کە کۆمپانیای تۆیۆتایە دوای مەشقەکەیان توانیان لە هەمان شوێن هەڵی کاریان بۆ برەخسێت.

سەرۆکی زانکۆ لە کۆنگرەکەدا باسی لە  کارێکی دیکەی زانکۆ کرد ئەویش ھەنگاونان بووە بە ئاراستەی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ و گووتی: “چەندین یاداشتی لێتێگەیشتنمان لەگەڵ زانکۆ و ناوەند ئەکادیمییەکان و تەنانەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت واژۆکردووە، لە ساڵی رابردوو زانکۆمان میوانداری 29 ھەمین دیداری عەرەبی بۆ رەخساندنی ھەلی راھێنان لەنێوان زانکۆکانی ئەندام لە یەکێتی زانکۆکانی عەرەبی کرد کە نوێنەری زیاتر لە 60 زانکۆ لە 12 وڵاتی عەرەبی و رووسیا و مالیزیا بەشداربوون.”

لەکۆتایی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی ئاماژەی بە کردنەوەی پێنج مەڵبەندی ڕاوێژکاری لە پێنج شوێنی جیای سنووری زانکۆمان کرد کە ساڵانە زانکۆمان بۆ پێدانی ڕێنمایی و زانیاری لەسەر بەشەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆمان و چۆنیەتی پێشکەشکردنی لە زانکۆ لاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12 ئەو مەڵبەندە راوێژکارییانە دەکاتەوە.

 

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداری لە سیمپۆزیۆمی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە چوار گۆشە نیگای ئەکادیمی دەکات

رۆژی سێ شەممە 24ی ئەیلوولی 2024, پ.د.ئیدریس محمەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆمان بەشداریانکرد لە سیمپۆزیەمی ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە لێژنەی ناوچەی ئاسۆ(ڕێکخراوی مامۆستایانی کۆلیژە مرۆڤایەتییەکانی-زانکۆی سەڵاحەدین) بە هەمەهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین سیمپۆزیۆمێکی ڕێکخست لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەلاحەدین بەناونیشانی (ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە چوار گۆشە نیگای ئەکادیمی)


‎سیمپۆزیۆمەکە لە دوو پانێڵ پێکهاتبوو، تەوەری یەکەم ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەربەستەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ ڕیفراندۆم، لە تەوەری دووەمدا دەرامەتە سروشتیەکان و جیۆپۆلیتیک و بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەخۆگرتبوو، لەکۆتایی پانێڵەکەدا ناساندن بۆ کتێبی ڕەهەندە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا کرا.