Monthly Archives: ته‌مموز 2024

پەیامی راگری پەیمانگە بەبۆنەی 41هەمین ساڵیادی جێنوسایدی بارزانییەکان

پەیامی راگری پەیمانگە بەبۆنەی 41هەمین ساڵیادی جێنوسایدی بارزانییەکان

ئەوکاتانەى کە ژیان تازە دەیویست بەدەم گریانى هاتنەدنیام بە پێکەنین وەڵامم بداتەوە و، شادى روخسارى باب و برام بە روونى هەستپێبکەم، دەستى رەشى دڕندەترین مرۆڤەکان، تاڵترین تامى ژیانی پێ چەشتم و بۆ هەمیشە وێنەى ئازیزانمى بە تەمى تارى نادڵنیایى داپۆشى؛ بۆیە بۆ من، یادى ئەنفال جگە لەو کاریگەرییە گشتییەى کە لەسەر کۆنەستى هەموومان هەیەتى، ئەزموونێکى تایبەتى پڕ لە ژان و ئازاریشە؛ چونکە من خۆم رزگاربوویەکى ئەنفالم.

چل و یەک ساڵ لەمەوبەر، بە مەبەستى لەناوبردنى بزووتنەوەى رزگاری خوازی کوردستان، ڕژێمی سەدام حسێنى گۆڕبەگۆڕ، لە کردەوەیەکی دڕندانەى بەرنامە بۆداڕێژراودا، کردەوەى جینۆساید و سڕینەوەى بارزانییەکانى دەستپێکرد و زیاتر لە 8 هەزار جوامێرى بارزانى بێسەروشوێن و راپێچى مەرگ کردن؛ لەوکاتەوە تا ئێستا، ئێمە بە ئازارى خەمى لەدەستدانى ئەو ئازیزانەوە ژیانمان تێدەپەرێنین.

ئەمڕۆ بە هەستێکی قووڵی پڕ لە خەم یادى ئەو کارەساتە دەکەینەوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر چاوێک بە مێژووماندا بگێڕین و لە چارەنووسى ئەوانەى کە ئەنفالیان کرد و ئەوانەش کە ئەنفالکران رابمێنین، سوکناییەک بەدڵماندا دێت. ئەوەتا ئێمەى بەجێماوانى ئەنفال و میراتگرانى ئەو کۆستە مەزنە، سەرەڕاى ئەو هەموو سەختى و نەهامەتییانەى کە چەشتمانن و رووبەڕوومان بوونەوە، بووینەتە رووسوورى مێژوو و بکەرانى ئەنفالیش لە زبڵدانى مێژوودان.

بۆ ئێمە نەک تەنیا 31ى تەمووز، بەڵکو هەموو رۆژێک یادى ئەو ئازیزانەیە. چونکە ئەوان تەنیا هەشت هەزار کەس نەبوون، بەڵکو ئەوان هەریەکەیان ژیانێک بوو بە هەموو رەنگاڵەیى و جۆراوجۆرییەکانیەوە، هەریەکەیان چیرۆک و ئاوات و خۆشەویستی خۆی هەبوو بۆ وڵات، ئاین و مرۆڤایەتی و ژینگەدۆستی.

وەک ئەکادیمییەک، ئەرکی ئێمەیە کە یادەوەرییەکانمان و تەواوى ئەو دڕندەییانەى بەرامبەرمان کراون لەبیر نەکەین؛ پێویستە نەوەکانی داهاتوو ئاگادار بکرێنەوە، کە پێشینانیان، باوک و براو خزم و کەسیان، تەنیا لەبەر ئەوەى کورد بوون، تەنیا لەبەرئەوەى بارزانى بوون، لە چرکەساتێکى مێژووییدا، جینۆساید کران و لەناوبران. ئەمە گرنگە بزانرێ، تا داهاتوومان روون و دیار بێ.

ئەنفالى بارزانییەکان لە یادەوەری ئێمەدا بۆ هەمیشە بە بەرزى دەمێنێتەوە؛ بەڵام ئەمە هاوکات پەڵەیەکى رەشیشە بە ناوچاوى مرۆڤایەتى و دادەپەروەری مرۆییەوە.

جارێکى تر لەو یادەدا، دروود دەنێرین بۆ گیانى پاکى هەموو ئەوانەى بوونە قوربانى ئەو دڕندەییەى داگیرکەران، و بەڵێن بە رۆحى بەرزەفڕیان دەدەین، هەروەک رابردوو ئیرادەى نەبەزیوى کوردستان هەر لە باڵاییدا دەمێنێتەوە.

د. طالب محەمەد شەریف عومەر
راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

 

نوێنەری سەرۆکی زانکۆ بەشداری لە کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی دەکات

ئەمڕۆ سێ شەممە 30ی تەمووزی 2024، بە نوێنەرایەتی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د. عەبدوڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتەکانی زانکۆ، بەشداری کرد لە چوارەمین کۆنفرانسی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان کە لە لایەن زانکۆی تەکنیکی فوراتی ناوەڕاست و بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی نێودەوڵەتی مێژوونووسان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

نوێنەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەسەر بانگهێشتی فەرمی زانکۆی تەکنیکی فوراتی ناوەڕاست بەشداری لەو کۆنفرانسەدا کردبوو کە لەژێر ناونیشانی “ڕۆڵی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە بونیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و گەشەسەندووتر” بەڕێوەچوو و تیایدا 61 توێژینەوە لە لایەن 73 توێژەرەوە پێشکەشکرابوون.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمی کۆتایی هاتنی مەشقی هاوینەی بۆ قوتابیانی وڵاتانی عەرەبی رێکخست

لەژێر چاودێری پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە ئامادەبوونی پ.د. ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و پ.ی.د. یوسف مستەفا رەسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ مەراسیمی کۆتایی هاتنی مەشقی هاوینەی قوتابییانی زانکۆکانی فەڵەستین و سەڵتەنەی عومان بەڕێوەچوو.

لە رێوەسمەکەدا پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی بە ناوی سەرۆکایەتی زانکۆوە وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا داوای لە قوتابییان کرد کە ئەو ئەزموونەی لەم مەشقەیاندا بەدەستیان هێناوە لە داهاتوودا سوودێکی زۆری لێ ببینن، دواتر هەریەکە لە قوتابییانی زانکۆکان سیمناری تایبەت بە مەشقەکەیان و لە رووی زانستی و کەلتورییەوە پێشکەش کرد، هەروەها سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و گشت کۆلێژ و پەیمانگەکان و ستافی زانکۆیان کرد بۆ ئەو پێشوازی و خزمەتەی کە پێشکەشیان کرا، هەروەها سەرسامی خۆیان لە بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان دەربڕی لە سەرجەم بووارەکان بەتایبەتی لە بواری زانستی.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا بڕوانامەی رێزلێنان بەخشرایە قوتابییان و قوتابییانیش دیاری تایبەتی زانکۆکانی خۆیان پێشکەش بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد.

پێشوازی کردن لەو قوتابییانە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییانە کە ساڵانە زانکۆکەمان بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە میوانداری ژمارەیەک قوتابی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهان دەکات و لە بەرامبەریشدا ژمارەیەک قوتابی کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆمان رەوانەی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهان دەکات.

 

راگری پەیمانگە بەشداری یاری کۆتایی پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی کوردستان دەکات

راگری پەیمانگە بەشداری یاری کۆتایی پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی کوردستان دەکات

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 24ی تەمووزی 2024، د.طالب محەمەد شەریف عمر راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، بەئامادەبوونی بەرێز هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەبەخۆی سۆران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی و وەرزش دۆستان بەشداریکرد لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی شارەکان بۆ تۆپی پێ لە یارگای د.فرسەت سۆفی لە شاری سۆران.

یاریەکە لە نێوان هەڵبژاردەی هەولێر و هەڵەبجە بەرێوەچوو.

لە یاری کۆتایدا هەڵبژاردەی هەولێر توانی بێتە پاڵەوانی پاڵەوانێتییەکە دوای سەرکەوتنیان بە سەر هەڵبژاردەی هەڵەبجە بە ئەنجامی (4-3).
لە کۆتاییدا خەڵات بەسەر هەردوو تیمو باشترینەکانی خولەکەدا دابەشکرا.

 

1 2 3 6