دوای ئەوەی رۆژی رابردوو، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری واژۆکرا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢٥، وەک یەکەم هەنگاوەی جێبەجێکردنی یاداشتەکە، وۆرکشۆپێک لە سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆمان بەڕێوەچوو.
لە وۆرکشۆپەکەدا پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د.عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و د.سامح ئەلمقدادی سەرۆکی رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری و مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگای هەولێر و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و نوێنەری دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، باس لە هەنگاوەکانی پەرەپێدانی بەردەوام کرا.
لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا، پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆمان وتەیەکی پێشکەش کرد.
پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا گوتی ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵین بە ئامادەبوونتان لە وۆرکشۆپی تایبەت بە بواری هۆشیاری ژینگە کە دەبێتە رێگا بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام.
بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆمان هیوای خواست کە دەرەنجامەکانی وۆرکشۆپەکە کە رۆژی رابردوو لە نێوان زانکۆمان و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و دەزگای سەنەد واژۆکرا ببێتە پاڵپشتییەک بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
پاشان پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا لە دوای بەخێرهێنانی میوانان، گوتی هەروەک ئاگادارن دوێنێ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری واژۆکرا تاوەکو بتوانین پڕۆژەیەکی ستراتیژی هاوبەش دابڕێژین کە بە پشتیوانی دارایی حکوومەتی سویسرا لە هەموو عێراق ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر راشیگەیاند، لەم وۆرکشۆپە کە نوێنەری دامودەزگاکانی پارێزگای هەولێر ئامادەن ناوەڕۆکەکەی تایبەتە بە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە پەرەپێدانی بەردەوام کە لە ساڵی ٢٠١٥ رایگەیاند.
پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرنجی بۆ گرنگی بابەتە راکێشا بەوەی هەموو ئەو لایەنانەوە هەیە کە لە خزمەت کۆمەڵگەدان و هەموویان پێکەوە دەبەستێتەوە چونکە ئامانجی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دایڕشتووە، بۆ بابەتەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و ژینگە پارێزی و دۆزینەوەی هەلی کار و چەندین بواری دیکەیە کە بەشێوەیەکی گشتی بۆ گەشەسەندنی ئابووریی و ژینگە پارێزییە لەسەر ئاستی جیهان.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هیوای خواست کە بەشداربووان سوود لە ناوەڕۆکی وۆرکشۆپەکە وەربگرن و دواتر زانیارییەکان بخەنە خزمەتی کۆمەڵگەوە.
پاشان و د.سامح ئەلمقدادی سەرۆکی رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و سوپاسی ئامادەبووان بۆ بەشدارییکردنیان لە وۆرکشۆپەکەدا رایگەیاند کە بابەتی پەرەپێدانی بەردەوام لە ئێستادا بووەتە پرسێکی گرنگی جیهان و جیهان بە بایەخەوە لەم پرسەدا دەڕوانێت.
سەرۆکی رێکخراوی سەنەد بۆ گەشەپێدانی ئابووری خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە کاری هاوبەشی نێوان رێکخراوەکەی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کە لە چوارچێوەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتندا لەسەر بابەتی پەرەپێدانی بەردەوام کار دەکەن.
دواتر بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە بەسەر گرووپی کار دابەش بوون و بڕیارە ئەم وۆرکشۆپە دوو رۆژ بخانەیەنێت.