Author Archives: karez hamad

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی رێکدەخات

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی رێکدەخات

رۆژی شەممە 20ی نیسانی 2024، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی رێکدەخات بەهاوبەشی لەگەڵ پۆرتڤلکۆلیجی ئەمریکی لە کالیفۆرنیا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر لەژێر ناونیشانی: “وانەوتنەوە و تەکنەلۆژیا لە سەدەی بیست و یەکدا: دەرفەت و ئاستەنگەکان.”

لەم سیمپۆزیۆمەدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی پەرەسەندنی ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە پەروەردەدا، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوی پەروەردەکاران دەبنەوە. هەروەها خستنەڕووی ئەو دەرفەتانەی کە تەکنەلۆژیا فەراهەمی کردوون بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی وانەوتنەوە و ئەزموونی فێربوون لە سەردەمی مۆدێرندا، کە هەموو ئەوانەی سەرەوە لە دوو تەوەردا باسدەکرێن ئەوانیش:

یەکەم/ پەرەپێدانی توانای مامۆستاکانمان و گونجاندنی لە پڕۆسەی وانەوتنەوە لە سەدەی بیست و یەکدا.

دووەم/ ڕووبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکانی وانەوتنەوە لە قۆناغی تەکنەلۆژیادا، گۆڕینیان بۆ دەرفەت.

پەیامی ڕاگری پەیمانگە تەکنیکی مێرگەسۆر بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستان

پەیامی ڕاگری پەیمانگە تەکنیکی مێرگەسۆر بەبۆنەی ڕۆژی ژینگەی کوردستان

16ی نیسان ڕۆژی ژینگەی کوردستان، مێژووی ژینگە دۆستی و کەلتوری پاراستنی سروشت لە دەڤەری بارزان نەریتێکى نوێ نیە کە ئێمە ئێستا دەستمانپێکردبێت، بەڵکو میراتی دەیان ساڵ لە بیرتیژى و رەفتارى بەرزى مرۆیى شێخانى بارزانە، کە ئێستا ئەرکى ئێمەیە درێژەى پێبدەین و وەکو بەهایەکى باڵا، بەردەوام بە بیر نەوە یەک لە دواى یەکەکانى کۆمەڵگەکەمانى بهێنیننەوە. ئەمە جگە لەوەى ئیلتزامێکى ئەخلاقییە بەرامبەر بە رابردوو و ژینگە و سرووشتمان، هاوکات یەکێکە لە دیارترین سیماکانى کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیش بە تایبەتى ئەگەر سەرنج بدەین، ئێستا زۆربەى دەوڵەتان، رێکخراوە مەدەنییەکان و تەنانەت ناوەندە ئەکادیمییەکانیش، بۆ ئەوەى خۆیان وەک دامەزراوەیەکى پێشکەوتوو و بەرپرسیار و روو لە داهاتوو، لە قەڵەم بدەن، پێویستیان بەوەیە بەرنامەى ژینگەپارێزى و هاوسۆزى و دەستگیرۆیى کۆمەڵایەتى لە پڕۆگرامەکانیاندا بگونجێنن لە راستیشدا ئەمەیان کردووە.

لێرەوەیە کە جگە لە هەستکردن بە شانازى لە بەرامبەر بوونى میراتێکى ژینگەپارێزى دەوڵەمەند و هاوسۆزیى و دەستگیرۆیى کۆمەڵایەتى لە دەڤەرەکەمان، ئەرکێکى زانستى و ئەخلاقیشە، کە پێداگرى لەسەر بکەین و پەرەی پێبدەین، تا بتوانین بیکەینە نەریتێکى گشتگیرى کۆمەڵایەتى لە هەموو کوردستان و بەمجۆرە بتوانین
هاوشانى گۆڕانە خێراکانى دنیا بچینە پێشەوە.

د.طالب محمد شریف عمر
راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

راگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین کۆربەندی ساڵانەی خۆی سازدەکات

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر یەکەمین کۆربەندی ساڵانەی خۆی سازدەکات

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 6ی ئاداری 2024، یەکەمین کۆربەندی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر لەژێر ناونیشانی “بارزان لە بەرخودان خۆنەچەماندن بۆ نیشتمانسازی ( پەروەردە و فێرکردن ژینگەپارێزی و پێکەوەژیان)” بە بەشداری هەریەک لە بەڕێزان (پ.د.ابوبەکر دێوانە حمد، د.عەبدوڵا ملا سعید وەیسی، پ.د.فەرسەت مەرعی، مامۆستا ڕێکار مزوری) بەڕێوەچوو.
کۆڕبەندەکە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و نوێنەرانی نووسینگەی (جەنابی مەلامستەفا بارزانی)و، غەفور احمد ملاسوار قائیمقایمی قەزای مێرگەسۆر، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆ، بەرپرسانی حزبی و حکومی دەڤەرەکە، پەیڕەوانی ئاین و ئاینزا جیاوازەکان و مامۆستایان و فەرمانبەران وقوتابیان دەستی پێکرد.

سەرەتا ڕاگری پەیمانگە تەکنیکی مێرگەسۆر وتەیەکی پێشکەش کرد کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

به‌ناوی خودای گه‌وره‌ و میهره‌بان

  • میوانانى بەرێز ،چ حکومی و حیزبی لە هەر پێگە و مەقامێکدابن
    -توێژەر و ئەکادیمیستان و مامۆستایانی قەدرگران
    قوتابییانی ئازیز و گەنجانی خۆشەویست
    ئەم کاتەی هەموولایەک باش و زۆر بەخێربێن:
    سەرەتا بە ناوی ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم؛ هەست بە خۆشحاڵییەکى زۆر دەکەین، کە لە چالاکییەکى ئەکادیمی دیکەدا لە خزمەتتانداین؛ چالاکییەک کە لە روانگەی ئێمەوە، خاوەنى تایبەتمەندى و جیاوازى تایبەت بە خۆیە؛ چونکە تیشک دەخاتە سەر میراتێکى گەورەی مێژوویى و چەند رەهەندێکى خاوەن شانازى و پر لە ئەزموونى شارستانى نەتەوەکەمان لە ناوچە و دەڤەرێکى دیاریکراوى کوردستان.

بەڕێزان:
هەروەکو لە بۆنە و چالاکییەکانى پێشترى پەیمانگەکەشماندا ئاماژەمانپێداوە، ئێمە پێمانوایە، بیرکردنەوە و رێگاو مێتۆدى زانستى، ئەو کاتە زیاتر نرخ و بەهایان دەردەکەوێ، ئەگەر هەوڵبدرێ هەلومەرجى هەنووکەیى کۆمەڵگەکانیان راچاوبکرێت؛ تا لەم رێگەیەوە، یاسا و رێساکان دیاریبکرێن و ئاسۆى بینینى تاکەکان روونتر و مەوداى وشیارى و هەگبەی زانست و مەعریفەی کوردستانیان فراوان و دەوڵەمەند بکرێت و، دواجارلێرەشەوە، هەلى پێشکەوتنى بەردەوام و سەقامگیر بۆ کۆمەڵگە بڕەخسێنرێ.
هەر لەم ڕوانگەیەوە، ئێمە لە سەر ئاستی باڵا لە پەیمانگەکەمان بە پێویستمان زانى، بەرنامەو بابەتی ئەم کۆڕبەندە زانستیە بۆ تیشک خستنەسەر ئەزموون و نەریتى مێژوویى، سیاسى و کولتوورى دەڤەرەکەمان بێت. ئەمڕۆو لە یەکەمین کۆڕبەندا، بە ناونیشانى (بارزان لە بەرخۆدان و خۆنەچەماندن بۆ نیشتمانسازی) دەست پێ دەکەین و، بە ووردی باس لە پەروەردە و فێرکردن، ژینگەپارێزی و پێکەوە ژیان دەکەین، تا بتوانین راسپاردەمان هەبێ بۆ ئایندە سازی..

هێژایان:

کاتێک ئاوڕ لەم دەڤەرە بچووک لە رووى رووبەرو، دەوڵەمەند لە رووى فەرهەنگ و سامانى مێژووییە دەدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێ، وەکو کورد پێویستە هەڵوەستەیەکى جدى لەسەر مێژوو و هەموو رەهەندەکانى ژیانى کولتوورى و سیاسییمان بکەین.

بە پێچەوانەى زۆرێک لەوانەى کە بە دیدێکی رەشبینیەوە سەیرى هەلومەرجى رابردوو و ئێستامان دەکەن و، لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەى کە نیشانەى باوەڕبەخۆبوونە بۆ تاکى کوردیان نەهێشتووەتەوە.
ئێمە بە کەمێک لێووردبوونەوە، دەتوانین، لە هەناوى دوورترن خاڵەکانى مێژوومان، درەوشاوەترین ئەزموونەکان و، جوانترین گونجانەکانى مرۆڤ لەگەڵ بیروباوەڕ لە لایەک و، سرووشت لە لایەکى ترەوە و، ئەزموونى مرۆیى لە لایەکى دیکەوە، هەستپێبکەین.

بەرێزان:
لە راستیدا ئیمە کە باس لە دەڤەرى بارزان دەکەین، باس لە نەریتێکى تایبەتى ژیان و، هەڵسوکەوتى مرۆیى دەکەین؛ باس لە مێژوو و، گیانى بەرخۆدان و، ملکەچنەکردن دەکەین؛ باس لە کولتوورى مرۆڤدۆستى و، رۆحى بەرزى پێکەوەژیان دەکەین؛ باس لە نیشتمان خۆشەویستى و ژینگەدۆستى دەکەین؛ باس لە هاڕمۆنى باوەڕی ئایینى و خزمەتکردنى راستەقینەى مرۆڤ دەکەین، باس لە پەروەردەى مرۆڤدۆستانە دەکەین.

ئەمانە هەموو ئەو رەهەند و، ئاڕاستانەن کە بوون بە بەردی بناغەى کۆمەڵگە پێشکەوتووو، مۆدێڕنەکانى جیهان. ئەو وڵاتە پێشکەوتووانەى کە ئێستا، ئەوقییەم وبەهایانەمان وەکو بەهاى جێگیرى خۆیان پێدەناسێننن و، پێیان وایە، ئێمەش دەبێ رەچاویان بکەین!!!! غافڵ لەوەى کە ئێمە زۆر دەمێکە لە گۆشە و کەنارەکانى ئەم نیشتمانەدا، دەتوانین بەهێزترین نموونەکانیشى بە شێوەیەکى کردەیى ببینینەوە. بۆیە، زێدەڕۆی نییە، ئەگەر بپرسین:

لە مێژووى کام نەتەوە هەیە کە بۆ نیشاندانى باوەڕداریى راستەقینەى ئایینى و خزمەتکاریى مرۆڤ، بتوانێ نموونەیەکى جوانترمان لە ( شێخ عەبدولسەلامى بارزانی) بۆ بخاتە بەردەست؟ لە مێژووى کام نەتەوە دەتوانێ نموونەیەکى بەرزتر لە نەبەزین و کۆڵنەدانى ناوچەى بارزانمان بداتێ، کە سەرەڕاى ٤٦ جار راگواستن، تەنیا لە ماوەى سەدەیەکدا و، دەیانجار سووتاندن و بۆمبارانکردن و لێدانى بەچەکى قەدەغەکراو، کەچى هێشتاش هەر کۆڵى نەداوە و نەچەمیوە؛
ئەزموونى کام نەتەوە دەتوانێ لە رۆژگارانێکى دوورەوە، نەریتى ژینگە پارێزییەکى جوانتر لە ژینگەپارێزیى بارزانمان بۆ بێنێتەوە؛
لە مێژووی کام نەتەوەدا هاتووە، بۆپیشاندانی تفاق و بەزەیی و عەدالەتی کۆمەلایەتی بتوانێ نموونەیەکی جوانترمان لە( شێخ ئەحمەدی بارزانی) بۆ بەرجەستەبکات.
لە میژووى رزگاریخوازى کام نەتەوە هەیە، کە بتوانێ خەباتکارو شۆڕشگێڕێکى وەک جەناڕالی چیاکان (بارزانى نەمرمان) بۆ وێنا بکات . رابردووى دوور و نزیکى کام نەتەوە هەیە، کە بتوانێ نموونەیەکى جوانتر لە نموونەى پێکەوەژیانى ئایینى و کۆمەڵایەتى دەڤەرى بارزانمان بۆ بنوێنێ؛

ئەمانە و دەیان نموونەى تر. بۆیە، ئێمە لەم رێگەیەوە و، بە هەڵدانەوەى ئەو لاپەڕە نەناسراوانەو، ئەو دیمەنە کەمبینراو و هەستپێکراوانە، چ لە دەڤەرى بارزان و چ لە دەڤەرەکانى دیکەى کوردستان، دەتوانن ئاسۆى روانین و رێگاکانى دەرچوونمان لە هەر قەیران و بنبەستێکى مێژوویى، رووناکتر و جوانتر بکەین.

هێژایان
کاتێک سەیرى ئەو هەموو نموونانەى سەرەوە دەکەین و دەشزانین کە رەگێکى پتەویان لە مێژوودایە، ئەوەمان پێدەڵێن، کە مێژوو تەنیا بریتى نییە لە رابردوو، بریتى نییە لە بەسەرچوون و پووکانەوە، بەڵکو بریتییە لە ئێستا و داهاتووشمان. ئەمەش پێویستى بە کارى زانستى و پشتبەستن بە پسپۆڕییە جیاوازەکانە، تا هەر یەکە و لە روانگەى خۆیەوە، تێگەیشتنێکى بابەتییانەترمان سەبارەت بە رابردووى خۆمان پێبڵێ. ئیتر لێرەوە دەتوانین ئومێدمان بەوە هەبێ، کە سبەینێمان زۆر گەشاوەتر بێ.

لە کۆتاییدا،
وێڕاى بەخێرهێنانى دووبارەى هەموو ئێوە بەرێز، زۆر بە گەرمى دەستخۆشى لە هەموو ئەو ئازیزانە دەکەم، کە بە ماندوونەناسى و دڵسۆزى خۆیان ئەم کۆربەندە بە ئەنجامگەیاند. هەروەها سوپاسى تایبەتى بەشدارانى بەڕێزى کۆربەندەکە دەکەم و، هیوادارم بەگفتوگۆی ئەکادیمی و زانستیانە، بە ئەنجامى باش و بەسوود بگەین، تا بتوانین باشتر مامەڵە لەگەڵ رابردووى خۆمان و شێوازی پەرەپێدانى ئێستامان بکەین.

دواتر دەستکرا بە پێشکەش کردنی بەرنامەکانی کۆڕبەندەکە پێکهاتبوو لە پێشکەشکردنی پانێڵێک بە بەشداری ” پ.د.ابوبەکر دێوانە حمد، د.عەبدوڵا ملا سعید، پ.د.فەرسەت مەرعی، مامۆستا ڕێکار مزوری ” کە تیایدا بە وردی شەن و کەوی قوناغەکانی بەرخودان و شۆڕشی بارزانیان و کەلتوری پێکەوەژیان و ژینگەدۆستی لە دەڤەرەکە کرا، و دوای کۆتایی هاتنی پانێڵەکە لەلایەن سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محمد طاهر هەرکی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەلگورد شێخ نەجیب بروانامەی رێزلێنان بە خشرایە بەشداربووانی پانێڵەک.

لە بڕگەی دووەمی کۆڕبەندەکەدا وەک رێزگرتنێک لە هەوڵ و تێکۆشان لە بواری زانستی و ئەکادیمی قەڵغانی رێزلێنان بەخشرایە کۆمەڵێک خاوەن نازناوی زانستی پرۆفیسۆر کە لەدایکبوو یاخود خەڵکی سنووری قەزای مێرگەسۆرن و کۆڕبەندەکە کۆتایی هات.

پەیامی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆربەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستاندا

پەیامی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستاندا

لە رۆژی (١٨) شوبات و (٧١) یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوە مێژووییە پیشەییەکەتان، ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە کانگای دڵمەوە پیرۆزبایتان لێ دەکەم.

جێگای شانازیمانە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە ساڵی (١٩٥٣)دا، ئەم ڕێکخراوە لەسەر دەستی ڕابەری ڕۆحیی نەتەوەیی کورد (بارزانی نەمر) دامەزراوە. تا ئێستاش بەبێ وەستان لە خزمەتکردنی ڕەوتی زانست و مەعریفە بەردەوامە. سەرباری خزمەتکردنی ڕەوتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان.

ئەوەی جێگای باسە، ئەم ڕێکخراوە لە قۆناغە جیاجیاکانی سەردەمی شاخ و دوای ڕاپەڕین و تائێستاش لە خەباتی شارستانیانەی خۆی بەردەوامە، وەک پێشەنگ لە داکۆکیکردن و نوێنەرایەتیکردنی مافەڕەواکانی قوتابیان. هەر ئەم پێشەنگی و خەمخۆریەی ئێوەیە، وایکردوە کە بارزانی نەمر بە سەری ڕم ناوزەندتان بکات.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان ڕێکخراوی متمانەپێکراوی قوتابیانی شاخ و شارە، بەردەوامە لە خەباتی مەدەنیانە و ڕێکخراوەیی خۆی. لەم سۆنگەیەوە توانیویەتی لەگەڵ هەمو قۆناغەکانی سەردەم و گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان خۆی بگونجێنێ، هاوتەریب بەرەوپێشچونی تەواو بەخۆیەوە ببینێ.

فەخرە بۆ هەموان کە یەکێتی قوتابیانی کوردستان قوتابخانەی پێگەیاندنی دەیان و سەدان کادیر و نیشتیمانپەروەری دڵسۆزی ئەم کوردستانە بووە، کە لە ڕابردو و ئێستاش خزمەت بەم نیشتیمانە دەکەن.
لەم یادەدا، وێڕای پیرۆزبایی، پشتیوانی خۆم بۆ کار و چالاکی و خەباتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەردەبڕم، لە پێناو بەدیهێنانی خەون و مافەکانی قوتابیان.
دڵنیام ڕێکخراوە دڵسۆز و تێکۆشەرەکەتان، پشت ئەستور بە مێژو و خەبات و ئەزمونی خۆی، هەمیشە لە پێشەنگ دەمێنێتەوە لەخزمەتکردنی ڕەوتی زانست و قوتابیان، هەر ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرێ.

لە کۆتاییدا، دەمەوێ جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە گەورەو مێژوییەتان لێبکەم، دەخوازم بەگڕوتینێکی زیاتر لە ڕابردو لەخزمەتکردنی قوتابیان بەردەوام بن، بە مەبەستی هاندان و پەروەردەکردنیان بە نوێترین زانستی سەردەم لە پێگەیاندنیان بۆ خزمەتی نیشتیمان و نەتەوەکەمان.

سەرفراز بن، بژین بۆ خزمەتکردنی قوتابیان، کە نەوەی داهاتوو و ئومێدی گەلەکەمانن.
د.طالب محمدشریف عمر

ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر

17 ی شوباتی 2024