لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، یاریگای شەتڕەنج لە کەمپی یەکی زانکۆمان کرایەوە.
دوای کردنەوەی یاریگاکە کە جوتیار عەلی سەرۆکی فەخری یانەی شەتڕەنجی خانزاد و پ.د.ازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.یوسف مستەفا رەسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ و دڵزار حمەصالح قادر سەرۆکی یانەی شەتڕەنجی خانزاد و بەرپرسانی حزبی و مامۆستایان و قوتابیان ئامادەی بوون، سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای وتەکەیدا، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە دوای بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووان، گوتی “لەدوای دەست بەکاربوونمان وەک سەرۆکی زانکۆ، بەرنامەی ئەوەمان دانا کە چۆن بتوانین ژینگەیەکی ئارام بۆ قوتابیان زانکۆمان فەراهەم بکەین کە قوتابیان جگە لە بواری خوێندن، هاوکات بیر لە بوارەکانی دیکەی ژیانیش بکەنەوە کە وەرزش یەکێکە لەوانە و کردنەوەی ئەم یاریگایەیش لە چوارچێوەی ئەو پلانەماندایە.
راشیگەیاند کە باوەڕمان بەوە هەیە کە قوتابیان ئەگەر چاویان لە خوێندنیش نەبێت ئاوا چاویان لەناو زانکۆ و بۆیە کارمان بۆ ئەوە کردووە کە ژینگەیەکی وا دروست بکەین کە قوتابی هەمیشە بیریان لە هاتن بۆ زانکۆ بێت بەجۆرێک بێت کە قوتابی زانکۆ لە شوێنەکانی دیکە بە گونجاوتر و ئارامتر بزانێت، بەمەش دەتوانین قوتابی پەیوەست بکەین بە زانکۆوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی ئەگەر لەم هەنگاوەدا سەرکەوتووبووین و قوتابیمان پەیوەست کرد بە زانکۆوە ئەوا بە دڵنیایەوە قوتابی حەز و خولیای بۆ چوونە ناو هۆڵەکانی خوێندن و بابەتە زانستییەکانی دیکەیش دەبێت.
سەرۆکی زانکۆ ئومێدی ئەوەی خواست کە لە داهاتوودا بتوانن هەنگاوی هاوشێوە لە کەمپی دووی زانکۆ و گشت کۆلێژ و پەیمانگاکان دابنێن و قوتابیانیش سوودی لێ وەربگرن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازە و پڕۆژەکان و سەرپەرشتیاری ئەندازە و خزمەتگوزاری کەمپی یەکی زانکۆ و سەرپەرشیارانی پڕۆژەکە کرد بۆ ئەنجامدانی کارەکە بەشێوەیەکی رێک و پێک، هەروەها دەستخۆشی لە یاریدەدەری راگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی، م.طارق وەیسی کرد کە هاوکاری زانکۆ بووە لە ئەنجامدانی ئەم کارە.
پاشان دڵزار حمەصالح قادر سەرۆکی یانەی شەتڕەنجی خانزاد لە وتەیەکدا بەناوی خۆی و سەرۆکی فەخری یانەکەوە دەستخۆشی لە سەرۆک و سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد بۆ دروستکردنی یاریگای شەتڕەنج لە کەمپی یەکی زانکۆ.
سەرۆکی یانەی شەتڕەنجی خانزاد گوتیشی، یاری شەتڕەنج لە کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە وڵاتانی ناوچەکە بەبایەخەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن لەسەر ئەم وەرزشە و لەم دواییەدا لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا رێکەوتین لەسەر ئەوەی ئەو پڕۆگرامەی کە لە بواری شەتڕەنج لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەخوێندرێت، هەمان ئەزموون بگوازرێتەوە بۆ ئەو وڵاتانە و سەرەتاش لە وڵاتی ئیمارات جێبەجێکرا.
راشیگەیاند کە ئەو بابەتە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە پشت بەستن بە پڕۆگرامی چەند زانکۆیەکی بەناوبانگ کاری لەسەر کراوە و پەسەندکراوە، کە ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان و ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریش مایەی شانازییە بۆ هەموومان.
سەرۆکی یانەی شەتڕەنجی خانزاد داوای کرد کە هەمووان بایەخ بەم وەرزشە بدەن چونکە ئەم جۆرە وەرزشە بە جەستە و بەبیرکردنەوە ئەنجام دەدرێت.
دڵزار حمەصالح قادر هۆشداریی دا لە زیاد بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئەلیکترۆنی و داوای لە دایکان و باوکان کرد هانی منداڵانیان بدەن بۆ بایەخدان بە وەرزش بە تایبەتی وەرزشی شەتڕەنج.
جێی ئاماژەیە، ئەم یاریگایە لەسەر داهاتی زانکۆمان گوژمەی پێویستی بۆ تەرخان کراوە و بڕیارە لە ئایندەدا لە کەمپەکانی دیکەی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکانیش یاریگای هاوشێوە دروست بکرێت.