پڕۆژەکانی قوتابیانی کۆلێژی تەکنیکی سۆران بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نمایشکران

رۆژی یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و مامۆستا محەمەد مەحموود سەرۆک بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری و قوتابییانی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری، لە دیوانی ئیدارە سەردانی هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کرد.

مەبەستی سەردانەکە تایبەت بوو بە پڕۆژەی توێژینەوەی قوتابییانی کۆلێژەکە، کە تیایدا چەندین توێژینەوەی قوتابییان لەبەردەم سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشکەشکران، کە لە باشترین توێژینەوەکانی کۆنفڕانسی ساڵانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و کۆلێژی تەکنیکی سۆران بوون.

ئەم نمایشە گرنگە دەرفەتێکی باش بوو بۆ قوتابییان تا ئاستی زانست و لێهاتووییەکانیان لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری پیشان بدەن و ئەزموونێکی پراکتیکی لە ژینگەیەکی پیشەیی بەدەست بهێنن.

دوای پێشکەشکردنی توێژینەوەکان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پاڵپشتی و هاوکاری خۆی بۆ پڕۆژە توێژینەوەکانی قوتابییان و کۆلێژی تەکنیکی سۆران دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند؛ “ئەمڕۆ بینیمان کە گەنجانی دەڤەرەکەمان توانای داهێنان و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوویان هەیە. ئامادەین هاوکاری و پشتگیری پرۆژە باشەکان بکەین بۆ جێبەجێکردنیان لە دامەزراوەکانی ئیدارەی سۆران”.

لای خۆیەوە، پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران  رایگەیاند ئێمە لە کۆلێژی تەکنیکی سۆران شانازی بە تواناکانی قوتابییانمان دەکەین و سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەکەین، بۆ ئامادەبوون و هاندانی قوتابییانمان. ئەم هەنگاوە کاریگەری دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی تەکنەلۆجیا لە ناوچەکەدا بۆ دروستکردنی هەلی کاری گونجاو بۆ دەرچووانمان.