Monthly Archives: نیسان 2025

ئەندامێکی ئەنجوومەنی زانکۆمان وەک قسەکەری سەرەکی بەشداریی لە کۆنفرانسێکی زانستیدا کرد

پ.ی.د.مراد امیر احمد ئەندامی ئەنجوومەنی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر وەک قسەکەری سەرەکی بەشداریی لە کۆنفرانسی زانستی زانکۆی نۆڵج کرد لە هەولێر.

کۆنفڕانسەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٤ نیسانی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە نوێنەرایەتی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی و دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی نۆڵج بەڕێوەچوو، تیایدا پ.ی.د.مراد امیر احمد بابەتێکی سەبارەت بە بەکارهێنانی لەیزەر لەبواری تەندروستی و پزیشکییەکان پێشکەش کرد کە چەندین پسپۆڕ و شارەزای ئەم بوارە تیایدا بەشداربوون.

لە کۆتاییدا بڕوانامەی تایبەتی زانکۆ لەلایەن پ.د.ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی نۆڵج پێشکەش بە ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کرا.

کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە ١٤ـی نیسانی ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە حەوتی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پیرۆزبایی لە د.فه‌رهه‌نگ عەلی کرد به‌ بۆنه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ک نوێنه‌ری ماموستایانی زانکۆمان له‌ ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێی.

پاشان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە خرایە بەر باس و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا باس لە‌خۆ ئاماده‌كردن بۆ كۆنفرانسی قوتابیانی زانکۆمان کرا كه‌ به‌م نزیكانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر جەختی  كرده‌وه‌ له‌ بایه‌خدان به‌ رۆژ و بۆنە نەتەوەیی و  نیشتمانییەکان بۆ ئاشنابوونی قوتابیه‌كان به‌ مێژووی گەلی كورد و پێویستە گشت بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە کۆلێژ و پەیمانگاکان یاد بکرێتەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە خۆئامادەکردن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی فاینه‌ڵ لە گشت كۆلێژ و په‌یمانگه‌كانی سەربە زانکۆمان کرا و لەمبارەیەوە سەرۆکی زانکۆ راگرەکانی راسپارد کە لە هەموو روویەکەوە ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ ئەم بابەتە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندار بە کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان و  سەنتەری توێژینەوەی زانستی کرا و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

 

دووەمین کۆڕبەندی زانستی پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی نیسانی 2025، لە پەیمانگەی تەكنیكی مێرگرسۆر، بە ئامادەبوونی دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمست و رۆشنبیر و کەسایەتی حزبی و حکومی و قوتابیان، دووەمین کۆڕبەندی زانستی پەیمانگای تەکنیکی مێرگەسۆر، لە ژێر ناونیشانی “ڕۆڵی مێژوو، هونەر، سینەما و وەرگێران لە گواستنەوەی بەها پیرۆزەکانی کوردستان بۆ جیهان: ڕێبازی بارزان وەک نموونە” بەڕێوە چوو .

لە سەرەتای کۆڕبەندەکەدا ڕاگری پەیمانگە د. طالب محمد شریف عمر وتارێكی پێشكەشكرد، کە تیایدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووان، تیشکی خستە سەر رۆلی هونەر و سینەماو وەرگێران لە گواستنەوەی بەها جوان و پیرۆزەکانی کوردستان.

لەکۆڕبەندە زانستییەکەدا، چەندین فیچەر و دۆکیۆمێنتاری سەبارەت بە مێژووی بارزان و چیرۆکە نەبیستراوەکانی (ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی) پێشکەشکران، لەگەڵ چەند پانێڵێک لە بارەی ڕۆڵی حکومەتی هەرێم بۆ گرنگیدان و پاراستنی بەها پیرۆزەکانی نیشتمان و ڕۆڵی فیلم و هونەر و سینەما و وەرگێران لە ناساندنی مێژوو و کەلتوور و پێکەوەژیان لە کوردستان.

دواتر پانێلێك لە ژێر ناونیشانی “ڕۆڵی مێژوو، هونەر، سینەما و وەرگێران لە گواستنەوەی بەها پیرۆزەکانی کوردستان بۆ جیهان: ڕێبازی بارزان وەک نموونە” بەڕێوەچوو، بە سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی سەید محەمەد سەید عەبدوڵڵا، و بە بەشداری بەڕێزان پ.د. محمد کاکەسور، پ.ی. د. شوان حمدئەمین و ئاریان سەلاحەدین ئەسعەدوەک پانێڵیست.

لە کۆتایی پانێلەکەدا بروانامەی بەشداریکردن لە لایەن. پ.د.ئازاد حسن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بەخشرایە پانێلیستەکان، هەروەها قەڵغانی رێزلێنان درایە کۆمەلێک نوسەرو وەرگێڕ و سینەماکار و فۆتۆگرافەری دەڤەری بارزان کە خزمەتێکی دیارو بەرچاویان هەبووە.

شایانی باسە ئەمە دووهەمین ساڵە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر کۆڕبەندەکە رێکدەخات و ئامانج لەکۆڕبەندەکەی ئەم ساڵیش ناساندنی زیاتری مێژووی خەبات و قوربانیدانی نەتەوەکەمان بەگشتى و وەک نموونەش، تیشک خرایە سەر ڕێبازی بارزان وەک بەها و بنەمایەکی نەتەوەیی و کولتووری، کە بێگومان بەشێکى گرنگى شوناسی گەلی کوردە. ئێمە لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر دەمانەوێ بەها و کولتووری جوانی کوردستان، بەتایبەتى بەهاکانى ژینگەدۆستی و پێکەوەژیان، بخەینە بەرچاوى هەمووان. لەم رێگەیەشەوە، ئامانجمانە ئاستی هۆشیاری تاک بە تاکی کۆمەڵگا، بە تایبەت گەنجان و قوتابییان بەرزبکەینەوە.

هەوەها گرنگە بەلامانەوە بتوانین، ئەم نەوەیە بهێنینە سەر ئەو باوەڕەى، کە بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم، وەرگێران، بەرهەمی هونەری، فیلم و سینەما، بەها باڵاکانى ژینگەپارێزى و پێکەوەژیان بڵاوبکەنەوە و تاکو بەیەکەوە هەنگاو بنێین بۆ نیشتمانسازییەکى پتەو.

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر مەبەستیەتی بە پێشکەشکردنى قەڵغانى پێزانین، رێز لە ئەرک و ماندووبوونى ئەو مرۆڤە دڵسۆزانە بگرێت، کە بە وەرگێڕان، نووسین، مێژووى زارەکى، فۆتۆگراف و فیلمسازی، رۆڵێکى دیاریان لە گەیاندنى ئەو بەها بەرزانە بە کۆمەڵگەى کوردستان و تەنانەت دەرەوەش، گێڕاوە.

ڕاگەیاندنی پەیمانگای تەكنیكی مێرگەسۆر

سەرۆکی زانکۆ بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کرد کە ئەمڕۆ دووشەممە 2024.4.14، بە ئامادەبوونى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و د.پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بریکارى وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر و جێگرانى پارێزگار و نوێنەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى هەرێم و نوێنەرى سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و قائیمقامى ناوەندى و ژمارەیەکى دیکە لە بەڕێوەبەرانى گشتیى و ڕاوێژکارانى وەزارەت و مامۆستایانی زانکۆ و ئەندازیاران و پسپۆڕان و شارەزایان، لە ژێرناونیشانى ” لە پێناو پەرەپیدانى بەردەوام بۆ شارى هەولێر ” دەستی پێکرد.

ئەم کۆنفرانسە کە بەهاوبەشی لەنێوان سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و زانکۆى سەڵاحەدین، لە ژێرناونیشانى “لە پێناو پەرەپیدانى بەردەوام بۆ شارى هەولێر ” بەڕێوەچێت، ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا ( 9 ) تەوەرى گرنگی تایبەت بە ( پڕۆژەکانى ڕیگا و بان و ڕیکخستنەوەى هاتووچۆ، نەخش و زەخرەفەى کوردى، ووزە نوێبووەکان و پیسبوونى هەوا، ڕووبەرى سەوزایی و مۆڵەت و ڕووپۆشى باڵەخانەکان، خۆڵ و خاشاک، کارگێڕى و کەمکردنەوەى ڕۆتین، ڕێکخستنەوەى تابلۆکان و لافاو، ڕوودان و ڕێگەگرتن لە ئاگرکەوتنەوە، سیستەمى ئاوەڕۆ ) لە لایەن پسپۆڕ و شارەزایان گفتوگۆى زانستى لەبارەوە دەکرێت.

لە ڕێورەسمى دەستپێکى  کۆنفرانسەکەدا وتاری هەریەک لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین پێشكەش كران و باسیان لە گرنگی كۆنفرانسەكە بۆ شاری هەولێر كرد.

دواتر تەوەرکانی کۆنفراسەکە دەستی پێکرد کە بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژدا تەوەرەکانی ئاماژەپێکراوی سەرەوە باس بکرێن.