Daily Archives: نیسان 23, 2025

بڕوانامە بەسەر قوتابیانی بەشداربووی خولی هۆشیاری ژینگە دابەش کرا

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ ی نیسانی ٢٠٢٥  لە هۆلی کۆنگرەکان لە کەمپی یەکی زانکۆمان، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئەندازیار عبدالرحمن صدیق سەرۆکی پێشووی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی  زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و پ.د.فەرهاد عەلی مستەفا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین بۆ کاروباری قوتابیان و خوێندن، ژمارەیەک لە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیان، بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولی هۆشیاری ژینگە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لە هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەددین بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە لە ژێر ناونیشانی روڵی قوتابی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا  بەسەر (٦٤) قوتابی هەردوو زانکۆکە دابەش کرا.

لە سەرەتادا، ئاسۆ شکاک سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە وتەیەکی پێشکەش کرد و لە دوای بەخێرهێنانی میوانان، و سوپاسکردنی هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەددین، هاوکات باسی لە گرنگی کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بۆ قوتابیانی زانکۆ و رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر پاراستنی ژینگە کردەوە.

پاشان ئەندازیار عبدالرحمن صدیق سەرۆکی پێشووی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە  بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی رۆڵی قوتابی لە پاراستنی ژینگەدا بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد.

 لە کۆتاییدا لەلایەن ئامادەبووانەوە بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەش کرا.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئاژانسی شارەزایانی فەڕەنسی تاوتوێی هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکان دەکەن

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا پێشوازیی لە شاندێکی ئاژانسی شارەزایانی فەڕەنسی (Expertise France) بە سەرۆکایەتی د.ڕیتا دیر سارکیسیان پسپۆری ڕێکخستنی مەترسییەکان لە ئاژانسەکە کرد.

لە دیدارەکەدا کە پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان، پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، د.شارا کمال سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای پێترۆل لە کۆلێژی تەکنەلۆجی و راوێژکاری سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و شاناز تەها بەڕێوەبەری وەڵامدانەوە لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، تاوتوێی هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکانیان کرد.

مەبەست لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ڕۆلی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر  لە پرۆژەی ڕێکخستنی مەترسی کارەساتەکان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا/ ئاژانسی شارەزایانی فەڕەنسی (Expertise France) کە لەلایەن یەکیتی ئەورووپاوە پالپشتی دارایی دەکرێت.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان هاوکات کورتەیەکی لەبارەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پێکهاتەکەی و مێژووی دروستبوونی خستەڕوو.

شاناز تەها  بەڕێوەبەری وەڵامدانەوە لە  ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە گرینگی پرۆژەی ڕێکخستنی مەترسییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە پڕۆژەیەکی هەرێمییە و گرینگی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە ژێرخانی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان و توانای وەڵامدانەوە و هۆشیاری کۆمەڵگە بەرزدەکاتەوە، وە هەروەها هاوکاری تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و پشتیوانێکی باش دەبێت لە بڕیاردانی دروست لە بارودۆخە لەناکاوەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانی توانا لۆجستییەکان.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوکەوە، ، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە یەکخستنی تواناکان بۆ رووبەرووبوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکان وەک وشکەساڵی، لافاو، ئاگرکەوتنەوە و بوومەلەرزە، کە چۆن بتوانین بە داتا و زانستییانە بە شێوەی کار و بە خێراترین رێگا رووبەڕووی ئەو کارەساتانە ببینەوە کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە بەشێوەی ئەکادیمیانە، ئەویش بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەر بنەمای داتا و زانیاری راستەقینە و دروست بۆ ئەوەی کردار و کاردانەوەکانمان زانستی بن.