بەمەبەستی دانانی بەرنامە و میکانیزمی کاری هاوبەش، کۆبوونەویەوەک لەنێوان تیمێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.
سێشەممە رێکەوتی ٨ی نیسانی ٢٠٢٤، پ.ی.د.سەرسام شوانی – ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر پێشوازیی لە ئەندازیار ناز جەلال بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای کرد.
لەسەرەتادا کە پ.ی.د.هەتاو کریم بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار، پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، م.بەهزاد حلمی حسێن بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ و مكرم فائق بەرپرسی بەشی یاسایی پارێزگای هەولێر و د. دڵزار بکر قادر ئامادەی بوون، ئەندازیار ناز جەلال وێرای سوپاسی ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر کرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە، هاوکات کورتەیەکیان لەبارەی کار و چالاکییەکانیان خستەڕوو و رایانگەیاند کە ئامانجی سەردانەکەیان دروستکردنی هەماهەنگییە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەک سیمینار لەسەر ئاستی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابیان لە زیان و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و هاندانی قوتابیان بۆ بەشداریکردن لە خولی تایبەت بە چۆنییەتی ئامادەکردنی سیڤی و دۆزینەوەی هەلی کار کە بڕیارە بە هاوبەشی بۆ قوتابیانمان بکرێتەوە تاوەکو قوتابیان لەدوای دەرچوونیان ببنە خاوەنی کاری خۆیان، هەروەها داوایان کرد کە سوود لە ئەزموون و شارەزایی مامۆستایانی زانکۆمان وەربگرن لەمبارەیەوە.
لای خۆیەوە ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەناوی خۆی و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە پشتیوانی خۆی بۆ بیرۆکە و دەستپێشخەرییەکەیان دووپات کردەوە و رایگەیاند کە ئەرکی زانکۆ تەنها مەعریفە و پێگەیاندنی قوتابیان نییە، بەڵکو دەبێت زانکۆ بەشێک بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە و کارەکانیشی رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەبێت ، راشیگەیاند کە پێشتریش وەک زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەوا بوارانەدا کاریان کردووە لەوانەش ساڵی رابردوو پڕۆژەکیان بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی کردنەوەی خولی تایبەت بە فێربوونی زمان تاوەکو ببێتە پاڵپشتییەک بۆ تواناکانیان ئەنجامدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کاری خۆبەخشی و گرنگی کاری خۆبەخشی و چەندین تەوەری دیکە کرا و لەمبارەیەوە هەردوولا باسیان لە پێویستی هەماهەنگیی و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر کرا ،
هاوکات باس لەوەشکرا کار بکرێت بۆ ئامادەکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا تاوەکو سەرجەم بیرۆکە و پێشنیارەکان لەنێویدا جێگیربکرێت و بکرێتە بنەمای کاری داهاتوو.