Monthly Archives: نیسان 2025

خولی فریاگوزاری سەرەتایی و کاری خۆبەخشی بۆ قوتابیانی زانکۆمان کرایەوە

ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥، لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیار ناز جەلال بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و بەسەرپەرشتی سەرۆکی تیم و ڕاهێنەرانی تیم بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی زانکۆمان، و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان، هەڵسان بە ئەنجامدانی سیمینارێک لە بواری ( فریاگوزاری سەرەتایی و کاری خۆبەخشی ) بۆ قوتابیانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و کۆلێژی تەکنیکی کارگێری .

هاوکات لە درێژەی کارو چالاکییەکانی تیمی وەڵامدانەوەی خێرا (RRU) سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر ، کەمپینی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆڕاگری و هۆشیاری لە سەر ئاستی ماڵان REACH لەکاتی کارەساتە سرووشتییەکان بە هاوکاری زانکۆمان بەردەوامی دەبێت.

لە کۆتاییدا دەرفەت درا بە شێوەی پراکتیکی بەشداربووان بتوانن بابەتەکانی سیمینارەکە جێ بە جێ بکەن و دواتر بۆکسی فریاگوزاری سەرەتایی بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا.

بە ئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ لە پەیمانگای تەكنیكی مێرگەسۆر ۆوركشۆپێكی نێودەولەتی بەڕێوەچوو

ڕۆژی یەكشەممە ٢٧ نیسانی ٢٠٢٥، بەئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ  بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، د.طالب محمد شریف عومەر ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، نەزاكەت سالح نوێنەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  و ئەندام پەڕلەمان و چەندین کەسایەتی حکوومی بەشداریان كرد لە وۆركشۆپێکی پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر لە ژێر ناونیشانی (داهێنان و نوێگەری لە بەهێزكردنی كارامەییەكانی قوتابیان بۆ بازاڕی كار).

لە دەستپێكی وۆركشۆپەكەدا، د. طالب محمد شریف عومەر ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر وتارێكی پێشكەشكرد  و تیایداباسی لە ڕۆلی قوتابی كرد كە چۆن بتوانن لە ژینگەی ئێستادا  كاری تایبەت بەخۆیان هەبێت، دواتر هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وتارێكی پێشكەشكرد و  دواتر پ.ی.د. بۆتان مجید ئاسنگەر، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، وتار و سمینارێكی پێشكەش بە ئامادەبوان كرد.

‎دواتر، پانێلێک بەڕێوچوو بەسەر پەرشتی و بەڕێوەبردنی م. نیهاد یاسین مامۆستا لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر و بە بەشداری پ.ی.د مەحمود باشقالی، م. زانیار جەبار مامۆستای زانکۆ، پاشان، لەلایەن پ.ی.د. محمود باشقالی، مامۆستا لە زانكۆی ئاكرێ بۆ زانستە كردارییەكان باسی لەبارەی كار و بەكارخستنی بازاڕی كار و كاریگەرییەكانی ژیری دەستكرد لەسەر داهاتوی كار لە نێوان گۆڕانكاری و نەماندا کرد ، هەروەها; م. زانیار جەبار، باڵیۆزی داهێنان و نوێگەری لە عێراق باسی لە داهێنانی پێشەنگی لەكاردا وە گۆڕینی بیرۆكەكان بۆ سود گەیاندن بە مرۆڤایەتی و ژینگە کرد

لە کۆتاییدا لەلایەن یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ و ڕاگری پەیمانگە و بڕوانامەی بەشداربوون بە بەڕێوەبەری پانێل و پانێلیستەكان درا.

لەم چالاکییە زانستییەدا پێشانگای کاری دەستی و فێستیڤاڵی خواردن بەشێکی گرنگی چاڵاکییەکە بوون لەو فێستیڤاڵەدا کە وەک وانەیەکی مارکێتینگ بۆ قوتابیانی بەشی کارگێڕی کار کە تیایدا خواردنیان فرۆشت بە ئامادەبووان و میوانان و پێشانگایەکی کاری دەستی بۆ چەند خانمێكی بەهرەمەند و خاوەنكاری دەڤەرەکە ئامادەکرابوو کە دەستڕەنگینی و بەهرەمەندیان لەو کارەیان دا دیار بوو کە لە لایەن مێوانان و مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان بەرهەمەکانیان لێ کڕدرا  و بەهرەمەندان لە لایەن قوتابیان و گەنجانی دەڤەرەکە وەک کاری سەربەخۆ پێشاندران دواتر ڕێزلێنانی تایبەت بە هەموو خاوەن پیشەکان پێبەخشرا

جگە لەم چالاکییانە، قوتابیانی قۆناغی دووەمی بەشی پەرستیاری و كارگێڕی كار لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر بۆ ماوەی ٩ هەفتە بەشداریان لە خولێكی ئایرێکسی ئەمریکی كردبوو توانیان پلەی دووەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەستبهێنن لەلایەن یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ و ڕاگری پەیمانگە و قەلغانی ڕێزلێنانی بەشداریكردنیان پێبەخشرا.

 

 

خولی چوارەمی پەرەپێدانی زمان و ئاخاوتنی ئینگلیزی بۆ فەرمانبەرانی زانکۆمان دەکرێتەوە

لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەرەی گشتی سەنتەری توێژینەوە و بەرەپێدانی زانستی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی نیسانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان، خولی چوارەمی  پەرەپێدانی زمان و ئاخاوتنی ئینگلیزی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆمان و کۆلێژ و پەیمانگا تەکنییەکان دەستی پێکرد.

لە سەرەتای خولەکەدا پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەرەی گشتی سەنتەری توێژینەوە و بەرەپێدانی زانستی لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانی راهێنەران و سوپاسکردنیان بۆ وتنەوەی وانەکان بەشێوەی کرداری، هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووان خواست.

خولەکە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ بەردەوام دەبیت لەلایەن دەزگای  University institute کە لەلایەن ڕاهێنەرانی لێهاتووی بیانی کە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەتایبەت بۆ ئەم مەبەستە هاتوون.

پێشتریش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدان سێ خولی دیکەی هاوشێوەی بۆ فەرمانبەرانی زانکۆ کردەوە و تیایدا بەشداربووان لە دوای تەواوکردنی خولەکان بەتەواوی فێری زمان و ئاخاوتنی ئینگلیزی کران و ئەم خولانە لە داهاتوودا بەردەوامی دەبێت.

سیمینارێک لەسەر زیان و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بۆ قوتابیانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری لە کەمپی دووی زانکۆ ئەنجام درا

لە چوارچێوەی پلانی هاوبەشی نێوان زانکۆمان و سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ لە پارێزگای هەولێر/ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان  EJCC، سیمینارێک لەلایەن ئەندازیار ناز ڕۆستەم تاهیر، لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر بۆ قوتابیانی قۆناغی سێیەم لە بەشە زانستییەکانی ئەندازیاری شارستانی و ڕێگاوبان و میکانیک و وزە ئەنجامدا لەژێر ناونیشانی(زیان و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و هۆشیارکردنەوەی گەنجان لەو دیاردەیە).

ئەندازیار ناز ڕۆستەم تاهیر،  بەچڕوپڕی ئاماژەی بە خاڵە نەرێنییەکانی کۆچی نایاسایی بۆ قوتابیانی بەشداربوونی سیمینارەکە ڕوونکردەوە کە ڕێگەی یاسایی هەڵبژێرن بۆ کۆچ تاوەکو خۆیان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بپارێزن.

لە کۆتایی سمینارەکەدا ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر پ.د. ئەیاد زەکی صابر سوپاس و ڕێزلێنانی تایبەتی بەخشییە ئەندازیار ناز ڕۆستەم تاهیر و هیوای سەرکەوتنی هەمیشەیی بۆ خواست کە بەردەوامبن لەو جۆرە سمینارانە، تاوەکو قوتابیانی زانکۆ و گەنجان و هاووڵاتییان بەوریاییەوە لەو بابەتە مەترسیدارە بڕوانن و خۆیان بەدووربگرن.

شایانی باسە سەنتەری راوێژکاری کۆچ لە میانی ئەو هاوبەشیەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەگەل ICMPD لە پارێزگای هەولێر دامەزراوە بۆ خزمەتکردنی گەنج و هاوولاتییان و بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی قوتابیانی زانکۆمان لە زیان و مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی زانکۆ و راگرایەتی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکییەکان زنجیرەیەک سیمینار ئەنجام دەدەن .