Daily Archives: ئازار 22, 2025

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە یادی رۆژی جیهانی کاتژمێری زەوییان کردەوە

لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر  و  یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزاری و ژینگەییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەییە لە کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی و بڵاوکردنەوە هۆشیاری ژینگەیی، لە کەمپی یەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ڕۆژی جیهانی كاتژمێری زەوی لەلایەن ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە بەهەماهەنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەشێک لەلایەنە ژینگەییەکان بەڕێوەچوو و بۆ ماوەی چەند خولەکێک ڕووناکی کارەبا کوژایەوە و مۆم داگیرسێنران.

لەڕێورەسمەکەدا، ئاسۆ شکاک سەرۆکی رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە لە وتەیەکدا لە دوای بەخێرهاتنی میوانان باسی لە ئامانجی چالاکییە هاوبەشەکەیان لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد و رایگەیاند کە ئەمساڵ بە خۆشحاڵییەوە ئەم چالاکییە لەناو کەمپی یەکی زانکۆکە ئەنجام دەدەن.

پاشان پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخراوی ئاڤیار و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرپەرشتیارانی چالاکییەکە، دەستخۆشی لە سەرجەم فەرمانگە و ڕێکخرا و چالاکوانانی ژینگە پارێزی سنووری پارێزگای هەولێر کرد، لەو هەوڵ و کار و چالاکیانەی لە پێناو پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی ئەنجامیانداوە، هەروەها باسی لەسەرجەم ئەو هەنگاو وڕێگا چارەسەریانە کرد کە لەلایەن پارێزگای هەولێر، بەپاڵپشتی ڕاستەوحۆی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەچوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاری کەش و هەوا و کێشەکانی گیراوەتەبەر.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەسەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە بەرز نرخاند و تیشکی خستە سەر پڕۆژەی ڕووناکی وەک پڕۆژەیەکی نیشتیمانی لە خزمەت هاوڵاتییان و پاک و خاوێنی ژینگە.

دواتر پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیەکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە ئەمساڵ رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێکەوە هاوکات لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان پێکەوە ئەم یادە دەکەنەوە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی لە گرنگی بایەخدان بە پاراستنی ژینگە کرد کە هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەنگاوی پێویستی لەمبارەیەوە گرتووەتەبەر.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی باسی لە بەشێک لە کار و چالاکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەبارەی پاراستنی ژینگە کرد و رایگەیاند کە هەفتەی رابردوو وۆرکشۆپێکیان لەبارەی کردارەکانی کەشوهەوا لەبەر رۆشنایی کۆنفرانسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا COP29یان ئەنجامدا کە مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکێک بوو لە بەشداربووانی ئەو کۆنفرانسە جیهانییە.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کردنەوەی بەشی وزەی نوێبووەوە لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و هەڵمەتی نەمام چاندن و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە ژینگە وە بەشێک لەبایەخدانی زانکۆ بە پرسی پاراستنی ژینگە بە نموونە باس کرد.

جێگەی باسە، چالاكی كاتژمێری زەوی چالاكییەكی جیهانیە و بەبەشداری زیاتر لە 150 وڵات، ساڵانە لە سەرانسەری جیهان ئەوڕۆژە لە كۆتا شەممەی مانگی ئازار لەدوای كاتژمێر 8:00ی شەو ئەنجامدەدرێت، مەبەست لەئەنجامدانی ئەو چالاكییە زۆر بوونی ئەو كێشە ژینگەییانەیە كە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بەهۆی كەمی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی لە كۆمەڵگەكان، وەک زۆر بەكارهێنانی كارەبا و زۆر بوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان لەشارەكان و پیسکردنی شوێنە گشتییەکان و زۆر بوونی ژاوەژاو و پیسبوونی هەوای شارەكان و پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە و نەبوونی هۆشیاریەکی بەرزی ژینگە پارێزی.