رۆژی چوارشەممە ١٢ـی ئاداری ٢٠٢٥، بە سەرۆکایەتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە شەشی ئەنجوومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دوای بەخێرهێنان، پیرۆزبابی هاتنی مانگی رەمەزانی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ کرد و هیوای خواست مانگی رەمەزان مانگی خێر و خۆشی بێت بۆ هەمووان.
باشان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە خرایە بەر باس و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەسەرکەوتوویی پەیڕەوکردنی ساڵنامەی خوێندن لە زانکۆمان کرا کە بەشێوەیەکی زانستی داڕێژرابوو بەجۆرێک کە قوتابیان پابەندی تەواوەتی دەوامکردن بوون و لە ئێستادا قوتابیان تاقیکردنەوەکانی میتێرم ئەنجام دەدەن، بۆ ئەمەش سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لە راگرەکان کرد کە بە وردی چاودێری جێبەجێکردنی ساڵنامەکە و دەوامی قوتابیان و بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان دەکەن.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەلایەن پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەی گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی بە وردی و بە داتا و زانیاریی باسی لە ریزبەندی زانکۆی پۆلیتەکنیکی کرد لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی جیهانیش لەگەڵ ئەو رێککار و میکانیزمانەی کە بۆ پڕۆسەی رانکینگ و ریزبەندی زانکۆکان پەیڕەو دەکرێت، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا میوانداریی ئاکۆ جعفر محمود بەڕێوەبەری دارایی زانکۆمان کرا و بە تێرتەسەلی باسی بابەتەکانی پەیوەندار بە کاروباری دارایی بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ خستەڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتۆگۆ لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندار بە کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کارگێری و دارایی و کاروباری قوتابیان و سەنتەری توێژینەوەی زانستی کرا و دوای گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە، لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆوە بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.