Daily Archives: ئازار 6, 2025

یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی ئازادی ئێران واژۆ کرا

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی ئازادی ئێران کرد کە پێکهاتبوو  لە د.محەمەد رەزا وەلیلو سەرۆکی زانکۆی ئازادی ورمێ و د.کەیوان شافیعی سەرۆکی زانکۆی ئازادی سنە و کوردستان و د.ئارش رەنجبەران سەرۆکی زانکۆی ئازادی تەبرێز و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی زانکۆکە.

لە سەرەتای دیدارەکەدا کە پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.تیران جەمیل پیرۆ راگری پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر و پ.ی.د.عەبدوڵڵا عومەر یاسین بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و م.بەهزاد حلمی حسێن بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ و سەرمەند حەمید نەسرەدین بەڕێوەبەری کارگێری و خۆیەتی ئامادەی بوون، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی بەناوی خۆی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرەوە بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و کورتەیەکی لەبارەی مێژووی دروستبوونی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پێکهاتەکەی و کار و ستراتیژییەتی زانکۆی بۆ شاندی میوان خستەڕوو.

لای خۆیانەوە شاندی زانکۆی ئازادی ئێران سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێریان کرد بۆ پێشوازیی و رەخساندنی ئەم دیدارە، هاوکات بەجیا هەریەکێکیان کورتەیەکیان لەبارەی زانکۆکانیان خستەڕوو.

هەر لە دیدارەکەدا تاوتوێی دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی ئازادی ئێران کرا بەتایبەتی لەبواری زانستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر  لەوانەش ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی هاوبەش و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی هاوبەش لە گۆڤارەکانی یەکتر لەگەڵ تاوتوێکردنی چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندار بە زانکۆکان.

هاوکات شاندی میوان داوەتنامەیەکی فەرمی زانکۆیان ئاراستەی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد تاوەکو سەردانی زانکۆی ئازادی ئێران بکات و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە داوەتنامەکەی قبوڵکرد و رایگەیاند کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی زانکۆکە دەکات.

لە کۆتاییدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی ئازادی ئێران واژۆکرا.