ڕۆژی شەممە 22ـی شوباتی 2025، لە هۆڵی کۆنفڕانسی کۆلێژی تەکنیکی سۆران بە بەشداری هەر یەکە لە دیبەیتەران ( پ.د. شوکریە ڕەسوڵ ، پ.د. مەولود ئیبراهیم ، پ.د. هاوژین صلێوە ، پ.ی.م. فەرهاد عەزیز ) و بەڕێوەبەری دیبەیت د. پشتیوان ئەسعەد مامۆستای کۆلێژەکەمان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بە ناونیشانی ( ڕۆڵی ئەدەبی فۆڵکلۆر لە پاراستنی زماندا ) دیبەیتێک بەڕێوەچوو.




لە دیبەیتەکەدا، پ.ی.د.سیروان لەتیف حاجی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و حەکیم تێلی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسانی حزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابییانی کۆلێژ ئامادەبوون.
لە میانەی دیبەتەکەدا دوای پێشکەشکردنی وتاری ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران و جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دیبەیتەران تەئکیدیان لەسەر پاراستنی زمانی دایک کردەوە، بە مەبەستی بەرەپێش چوونی کلتور و ڕەسەنایەتی زمان و دەوڵەمەند کردنی لەڕێگەی گواستنەوە و گەیاندنی زانیاری و داب و نەریتەکان بە نەوەکانی داهاتوو.
دواتر مامۆستا فەرهاد عەزیز کە یەکێک بوو لە دیبەیتەران بە پشتبەستن بە توێژینەوە زانستییەکان، باسی ئەوەی کرد کە “کوردەکان سۆمەرین” و چەند بەڵگەیەکی لە زمانی سۆمەری خستەڕوو کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە.
هەروەها، پ.د. شوکریە ڕەسوڵ ئاماژەی بە ڕۆڵی و گرنگی ئەدەبی سەرزاریدا لە پاراستنی نەتەوە و زماندا و ئەزموونی ولاتان و گەلانی لەم بوارەدا خستەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی دیبەیتەکەدا پ.د. مەولود ئیبراهیم حەسەن، باسی لە بایەخی ئەفسانە و کوردستان وەک لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانیەت کرد، بەڵگەی زانستیانەی بۆ هێنایەوە.
لە هەمان کاتدا، پ.د. هاوژین صلێوە، توێژینەوەیەکی خۆی لەبارەی ئاوێتە بوونی زمانی کوردی و سریانی پێشکەشکرد، بەناونیشانی (بەراوردی پەند و ئیدیۆمی سریانی و کوردی) تێدا کۆمەڵێک دەقی بە زمانی سریانی و کوردی خستەڕوو و بەراوردی کردن.
لەکۆتایی دیبەیتەکەدا سوپاسنامەی کۆلێژی تەکنیکی سۆران لەلایەن جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاگری کۆلێژەکەمان پێشکەشی دیبەیتەران کرا.