Daily Archives: كانونی یه‌كه‌م 17, 2024

بەرز ڕاگرتنی ئالای کوردستان

بە ئامادەبوونی پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی،پ.ی.د.یوسف مستەفا رەسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان ڕاگری پەیمانگە (د.تیران جمیل پیرۆ) یاریدەدەری ڕاگر (د.طارق ویسی صادق) مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان ئەمڕۆ 17-12-2024 ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا لە پەیمانگای تەکنیکی پزیشکی هەولێر

سەرۆکی زانکۆ پرۆژەکانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر بەسەر دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێ شەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەیاوەری پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، م.ئینزار بەهجەت ئیبراهیم بەرێوبەری بەڕێوەبەرایەتی ئەندازە و پرۆژەکان لە سەرۆکایەتی زانکۆ، سەردانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێریان کرد و لە لایەن پ.د. کەیهان زرار غەفور ڕاگری کۆلێژ پێشوازییان لێکرا.

لەمیانی سەردانەکەیدا سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری پڕۆژەکانی کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێریان بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە سەیری پڕۆژەکانیان کرد و لەقۆناغەکانی کارکردن و گرفتەکانیان کۆڵیەوە پێشنیار و رێنمایی پێویستیان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان خستەڕوو.

 

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ پانێڵێک لەژێر ناونیشانی ”ئاڵای کوردستان و هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی” بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێ شەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024 بە ئامادەبوونی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و کەسایەتی حیزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆمان پانێڵێک لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەرێوەچوو.
 
پانێڵەکە لە لایەن پەیمانگەی تەکنیکی کارگێری هەولێر لەژێر ناونیشانی ئاڵای کوردستان و هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی رێکخرابوو.
 
د.سەعد بەرزنجی وەک بەرێوەبەری پانێلەکە و پانێڵستەکانیش پێک هاتبون لە پ.ی.د. شیت مستەفا مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، م.شاکر رەزا مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، هەیفا جاف بەرپرسی نوسینگەی هەولێر دەزگای گشتی پاراستنی ئاڵای کوردستان، سیروان گەردی چالاکوانی مەدەنی.

 لە کۆتایی پانێڵەکە لەلایەن ئامادەبوانەوە پرسیار ئاراستەی پانێلستەکان کرا، پاشان بروانامەی رێزلێنان بە پانێڵستەکان و رێکخەرانی پانێڵەکە بەخشرا.

 

لە چەند رێورەسمێکی جیادا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رۆژی ئاڵای کوردستان بەرز راگیرا

ئەمڕۆ سێ شەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و  بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رێوڕەسمێکی شایستە بۆ رۆژی ئاڵای کوردستان لە سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوەچوو.

سەرۆکی زانکۆ لە ڕێوڕەسمەکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە پیرۆزە و پاشان ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە.

پاشان لە رێورسمێکیتر هەر تایبەت بە رۆژی ئاڵای کوردستان پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی زانکۆ و چەندین کەسایەتی حیزبی و حکومی و مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆمان لە کەمپی یەکی زانکۆمان لە رێوڕيسمێکی شایستەدا بەشداریان لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان کرد.

لە دەستپێکدا سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەشکرد و دوای بەخێر هاتنی میوانان و بە ناوی خۆی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ پیرۆزبای ئەم ڕۆژەی لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان کرد، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە یادکردنەوەی ئەو بۆنە پیرۆزە و گوتی: ئاڵا ڕەمزی ھەر وڵات و نەتەوەیەکە دەشێت  زۆرێک لە وڵاتان ئەم ڕەمزەیان بە ئاسانی بەدەست ھێنابێت، بەڵام ئاڵای کوردستان کە ڕەمز و شۆناسی نەتەوەی کوردە بە قوربانیدان و بەخوێنی سەدان ھەزار ڕۆڵەی ئەم وڵاتە بەدەست ھاتووە و لە رابردوودا ھەموو ھەوڵێک دراوە کە ئەم ئاڵایە نەمێنێت و شتێک نەمێنێتەوە بەناوی ئاڵای کوردستان.

ئەگەر چی لە مێژوودا کورد خاوەنی ئاڵای تایبەت بە خۆی بووە، بەڵام لە دوای راگەیاندنی کۆماری کوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەمەد بۆ یه‌كه‌م جار ئاڵای كوردستان هه‌ڵكرا، لە دوای کۆتاییهێنان بە کۆمار، پێشەوا قازی تاکە ئەمانەتی کۆمارەکەی ئاڵای کوردستان بوو کە رادەستی بارزانی نەمری کرد و ئەمیش ئەم ئاڵا پیرۆزەی پاراست. له‌ دوای راپه‌رین و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاسای ژماره‌ (14 ساڵی 1999 و یاسای ژماره‌ 48 ی ساڵی 2009) به‌ فه‌رمی رۆژی (17)ی كانونی یه‌كه‌می هه‌موو سالێك وه‌ك رۆژی ئاڵا ناسرا).

لە مێژوودا نەیارانی کورد لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ رێگەگرتنی نەتەوەی کورد بە مافە رەواکانی، هاوکات هەموو هەوڵێکیان داوە کە ئاڵای کوردستان شەکاوە نەبێت و کاریان بۆ سڕینەوەی کردووە.

خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی دۆزی رەوای کورد و قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێم تێکۆشاون بۆ پاراستنی پیرۆزی ئاڵا و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان .

لە بەشێکیتری وتارەکەی دا سەرۆکی زانکۆ وتی: دیپلۆماسییەتی سەرکەوتوویی سەرکردایەتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان وایکردووە ئەم ئاڵایەی کە ساڵانێک نەک هەڵکردنی بگرە بە وێنەیکیشی تاکی کوردی لەسەر سزا دەدرا، ئەمڕۆ جگە لە ناوخۆی کوردستان و عێراقدا، هاوکات لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و رێو‌ره‌سمی پێشوازیه‌كاندا بەرز ببیندرێت.

سەرۆک بارزانی لەبارەی پیرۆزی ئاڵاوە دەفەرمووێت (من خۆم لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان لە سابلاخ لەدایک بوومە، ھەموو دەقەیەکیش ئامادەم لەژێر سێبەری ئەو ئالایە و بۆ ئەو ئاڵایەش بمرم).

سەرۆکی زانکۆ لە کۆتایی وتارەکیدا وتی: زانکۆمان بەگرنگییەکی زۆرەوە بایەخ بە یادکردنەوەی یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دەدات و یادکردنەوەی ئەم رۆژەش بەشێکە لەم بایەخدانە.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، ناوچەکە بە گۆڕانکاری گەورە تێدەپەڕێت، هیوادارین لە دارشتنەوەی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەلی کورد بە مافە رەواکانی شاد ببێت و ئاڵای کوردستانیش لەگەڵ ئاڵای وڵاتانی دیکەی جیهان لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا بەرز بشەکێتەوە.دووبارە هەموولایەکتان بەخێربێن.

بەرز و پیرۆزبێت ئەم یادە پیرۆزە.

شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.

دواتر بە پێشکەشکردنی چەند پارچە هۆنراوەیەکی تایبەت بە ئاڵا و کوردستان لە لایەن قوتابییانەوە یادەکە رازاوەتر کرا و ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە.