زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمینارێک لەژێر ناونیشانی “بەشداریکردنی ئافرەتان لە سیاسەتدا لە کاتی هەلبژاردن” ڕێکدەخات

ئەمڕۆ سێ شەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024 لەسەر راسپاردەی پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر میوانداری د.خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی باڵای خانمان، بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێک لەژێر ناونیشانی “بەشداریکردنی ئافرەتان لە سیاسەتدا لە کاتی هەلبژاردن” کرد.

 

سیمینارەکە لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، مامۆستایان و قوتابیانی ئافرەت و چەندین میوان بەڕێوەچوو.

د.خانزاد ئەحمەد لە چەند بابەتێک لە سیمینارەکەیدا باسی لە گرینگی ڕۆڵی ئافرەتان لە سیاسەتدا، ئاسانی بەدەستهێنانی زانیاری سیاسی لە ڕێگای تەکنەلۆجیای نوێ، وە هەروەها ئەنجومەنی باڵای خانمان و کارو چالاکی ئەنجومەنی باڵای خانمان دواتر باسی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنەکە و هۆکاری کەمی خۆکاندیدکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکاندا و گرینگی بەشداریکردنی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستاندا کرد.

 

جگە لەوەش باسی لە بەشداریکردنی ئافرەتی کورد لە شۆڕشە ڕزگاریخوازەکانی میلەتی کورد کرد و سەنگ و قورسایی ئافرەتانی کوردی لەم شۆڕشانە خستە ڕوو.

لە کۆتایی سیمینارەکەشدا بە وڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی میوانان و دووپاتکردنەوەی پشگیری تەواوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشداریکردنی ئافرەتان لە سیاسەتدا بە بەشداربوان گەیاند، دواتر سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ی کرد بۆ ئەم میوانداریە و گرنگی دانی سەرۆکی زانکۆ بۆ ئەم بابەتە بەرز نرخاند و بە وتنی “داهاتوو بۆ ئافرەتە” کۆتایی بە سیمینارەکە هینا.