پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وۆرکشۆپێکی تایبەت بەچۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین و کردنەوەی دووبەشی زانستی نوێ رێکخست

پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وۆرکشۆپێکی تایبەت بەچۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین و کردنەوەی دووبەشی زانستی نوێ رێکخست

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024، بەبەشداری ژمارەیەک لە قوتابیانی دەڤەری مێرگەسۆر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر وۆرکشۆپێکی لەژێر ناونیشانی (رێنماییکردنی قوتابیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ: ئاشناکردن بە بەشەزانستییەکان و ستراتیج و ئامادەکاری) رێکخست.

سەرەتای وۆرکشۆپەکە د.طالب محەمەد شەریف راگری پەیمانگە وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و گوتی: “ئەرکی زانکۆ و پەیمانگەکان تەنها فێرکردن و توێژینەوەی زانستی و داهێنان نییە، بەڵکو هاوکات ئەرکێکی دیکەشی هەیە، کە بریتییە لە خزمەتکردنی سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵگە؛ بەو مانایەی کە چۆن تاکەکان ئامادە بکات لە پێناوی بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی ئەرێنی لە ژیانیان و ئامادەکردنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهات و رووداوە نوێیەکان. بۆیە لەم ڕووەوە، پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر هەمیشە هەوڵدەدات سوود بە هەموو چین و توێژەکانی کومەڵگە بگەیەنێت و هەروەها بە پێچەوانەشەوە، سوود لە توانا و بیرۆکە جوانەکانی تاکەکان وەربگرێت.”

لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا راگری پەیمانگە وتی، “ئامانجی ئەم وۆرکشۆپە، پێدانی هاوکاری و بەرچاوڕوونییە بە قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12، تا بزانن چۆناو چۆن هەنگاو بنێن بەرەو زانکۆ و چۆن لەگەڵ ئەو قۆناغە گرنگەی ژیانیان هەڵسوکەوت بکەن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.”

لەکۆتایی وتارەکەیدا د.طالب سوپاسی پ.ی.د. بەدر قادر سورچی کرد کە بە سیمنارێک بەشداری لە وۆرکشۆپەکە کرد، هەروەها سوپاسی تیمی راوێژکار و تەکنیکی زانکۆلاینی پەیمانگەی کرد، کە ساڵانە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هاوکاری قوتابیانی پۆلی 12 دەکەن، بەتایبەتی بە پێدانی راوێژ بۆ دیاریکردنی پسپۆری و پرکرنەوەی فۆرم بە شێوەیەکی دروست.

سیمناری تایبەت بە خستنەڕووی زانیاری لەبارەی هەردوو بەشی زانستی رووەکە پزیشکییەکان و پەروەردەکردنی مێش هەنگ لەلایەن پ.ی.د. بەدر قادر سوورچی پێشکەش کرا و بەوردی باسی لە پلانی بەشەکە و چۆنیەتی خوێندن و ستراتیژی کارکردنی دووبەشەکە کرد.

هەرلە سیمناری دووەمدا م. کارێزعبدولوهاب بەشێوەیەکی ورد و زانستییانە و بەپێی ئەزموونی چەند ساڵەی لەبوارەکە، قوتابییانی بەنوێترین گۆرانکاری و چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین ئاشنا کرد و بەرچاو ڕوونی تەواوی دایە قوتابییان بۆ ئەوەی بتوانن بە بەباشترین شێوە فۆرمەکانیان پڕ بکەنەوە.