سه‌رۆكى زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر دەکات

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆكى زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشداریی لە کۆبوونەوەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر کرد کە ‎ئەمڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024.9.22 لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

‎له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخ و ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان، پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنياتنان، به‌رنامه‌ى گه‌شه‌پێدان و چۆنيه‌تيى به‌ڕێوه‌چوونى كار و پرۆژه‌كانى  قه‌زا و ناحيه‌كانى سنوورى  پارێزگاى هه‌ولێر تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه‌ سه‌ر گرنگيى دابينكردنى پێداويستييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى گرفت و كه‌موكووڕييه‌كان.

‎سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى ده‌ستخۆشى له‌ پارێزگارى هەولێر و به‌رپرسانى دیکەى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كان بۆ ڕاپه‌ڕاندنى كار و ئه‌ركه‌كانيان، ستايشى پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانيى پارێزگاى هەولێرى كرد و جه‌ختى له به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كی بۆ سه‌رخستنى كارگێڕيى هه‌ولێر له‌پێناو باشتر خزمه‌تكردنى هاووڵاتيياندا دووپاتکردەوە.

‎له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ئاماده‌كارييه‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كرا، له‌وبارەیەشەوە، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، داكۆكى له‌ گرنگيى سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و به‌ڕێوه‌چوونى شارستانييانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان كرد‌.

‎له‌ كۆتايى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزگارى هەولێر و به‌رپرسانى دیکەى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى هه‌ولێر، چه‌ندين سه‌ره‌نج و تێبينى و داواكارى و پێشنياريان بۆ باشتركردنى خزمەتکردنى هاوڵاتییان و گەیاندنى خزمه‌تگوزارييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكوڕييه‌كان خسته‌ڕوو.