بەشی پەلی دەستکرد وپاڵپشتەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بڕوانامەی نێودەوڵەتی متمانە پێکراو لە یەکێتی جیهانی دروستکردنی پەلی دەستکرد بەدەستدەهێنێت

ئەمڕۆ 18ی ئەیلوولی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاھیر ھەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەیاوەری یاریدەدەرانی بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کاروباری قوتابیان و بەشەناوخۆییەکان، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرێوەبەری نووسینگە بەشداری کرد لەمەراسیمی بەنێودەوڵەتی کردنی بڕوانامەی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتیەکان لەکۆلیژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی ھەولێر.

سەرەتا ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی ھەولێر بەخێرھاتنی میوانانی کرد، و تیشکی خستە سەر گرنگی ئەو بەشە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ھاوکارانی کرد بۆ پشتوانی بەردەوامیان لەبەشەکە و کولێژی ناوبراو.

دواتر سەرۆکی زانکۆ لە وتارێکدا دوای بەخێرهاتنی میوانان ووتی: “بەڕێزان لای ھەمووان ئاشکرایە بابەتی پەلی دەستکرد یاخود ئەو زانستە لەسەرتاسەری جیھان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستانیش بابەتێکی پێویست و گرنگە.

ئەو ھەموو جەنگ و شەڕەی لەم وڵاتە بەرپابووە وادەکات پێویستیمان بەو زانستە ھەبێت بۆئەوەی خزمەتی کۆمەڵگەکەمانی پێبکەین. ئەو بەشە بەھاوکاری خاچی سووری نێودەوڵەتی و وەزارەتی تەندروستی عێراق و ھەرێم و ھەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ھەرێم بەیەکەوە بەرێوەدەچێت.

 پیرۆزە بەدەسھێنانی بڕوانامەی جیھانی متمانەپێکراو لەیەکێتی جیھانی دروستکردنی پەلی دەستکرد، ئەمە دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ ئەو بەشە و کۆلێژ، زانکۆ، وەزارەت و حکومەتی ھەرێم.

ئومێد دەکەم بەشەکانی دیکەی زانکۆمان ھەوڵبدەن بۆ بەدەسھێنانی ھەمان بڕوانامەی جیھانی باوەرپێکراو.

 دواتر پ.ی.د. محەمەد حوسێن ئەحمەد سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دڵخۆشی خۆیانی دەربڕی کەشان بەشانی د.ئەمیر چالی بەنوێنەرایەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشداربوون لە مەراسیمەکەدا. رایگەیاند ئەو بڕوانامەیە جێگای دڵخۆشیە نەک تەنھا بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر بەڵکو بۆ سەرجەم ستاف و مامۆستا و قوتابی و خوێندکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

بەر لە کۆتایی ھاتنی مەراسیمەکە، بڕوانامەی رێزلێنانی متمانەپێکراو بەخشرا بەخەمخۆران و بنیادنەرانی ئەو بەشەو قوتابیانی بەشەکە.