بەبۆنەی رۆژی جيهانى چارەسەرى سروشتی پێشانگەی هەلی کار لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر دەکرێتەوە

ئەمڕۆ سێ شەممە 10ی ئەیلوولی 2024، لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و بە سەرپەرشتی ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر، بەرێوەبەرایەتی سەنتەری پەرەپێدانی کار (CDC) و بەرێوەبەرایەتی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن( DCD) پێشانگەی هەلی کار لە کۆلێژی ناوبراو کرایەوە.

 

بە ئامادەبونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، فەلاح حەسەن سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان، د.یاسین حەمەصالح بەرێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندیە ڕۆشنبیریەکان، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د. یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بەشەناوخۆییەکان و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى زانكۆ و چەندین میوان پێشانگەکە بەڕێوەچوو.

 

سەرەتای کردنەوەی پێشەنگاکە سەرۆکی زانکۆ لە رێگای ووتارێک دوای بەخێرهاتنی میوانان و دەستخۆشی لە ئەنجومەنی کۆلێژی ناوبراو لەبەرامبەر کردنەوەی پێشانگەکە، گرنگی و پشتگیری خۆی بۆ زیندوکردنەوەی ئەم ڕۆژە جیهانیانە دەربڕی و بە پێویستی زانی گرنگی چارەسەری سروشتی بە خەڵک بگەیەندرێت.

 

لەبەشێکیتری ووتارەکەیدا جەختی لە دروستکردنی هەماهەنگی نێوان کۆمپانیا تەندروستیەکان، نەخۆشخانە و سەنتەرەکان کە ئەم جۆرە چارەسەرە بەکاردێنن لەگەڵ زانکۆکەمان لە پێناو ڕەخساندنی هەلی کار بۆ قوتابیانی کۆلێژی ناوبراو کردەوە.

 

 دواتر گرنگی ئەم بەشەی لەسەر ئاستی جیهان نیشان دا، ستراتیژیەتی زانکۆ بە پێداچونەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لە بەشە پزیشکیەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ بازاری کار خستەروو،ئاماژەی بە کردنەوەی 11 بەشی نوێ بە بیرۆکەی ئەوەی زانکۆ بتوانێت خۆی لەگەڵ بازاڕی کار بگونجێنێت و دەرچوانی ئەم بەشانە بتوانن دوای دەرچونیان بە ئاسانی هەلی کار بەدەست بێنن.

 

لە کۆتایی پێشانگەکە سەرۆکی زانکۆ دەستخۆشی لەو کۆمپانیا، نەخۆشخانە و سەنتەرانە کردەوە کە هاوکاربوون لە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە و هیوای سەرکەوتنی بۆ مامۆستاو قوتابیانی ئەم کۆلێژە خواست.