تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئابی 2024، بە ئامادەبوونى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، (مارک سترۆ) کونسڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەرۆکى هەریەک لە زانکۆکانى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و دهۆک و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروبارەکانی کارگێری و دارایی و زانستی، و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، مامۆستایان و میوانان، لە ڕێوڕەسمێکدا تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە کەمپی یەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرایەوە.

سەرەتا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمرۆ لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی تەواوبونی پرۆژەی (پەرەپێدانی تەنکۆلۆجیای ئەمەریکی) لە هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سلێمانی  دهۆک لەگەڵتان بەشدارم، وتیشى: ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە دەستەبەرکردنی تەکنەلۆجیای ئەمەریکی سیسکۆ لە بواری نێتۆرکینگ و سایبەر سکیوریتی بۆ تاقیگەکانی کۆمپیوتەر لە هەر سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا؛ (د.ئارام محەمەد قادر) باسى لە گرنگى جێبەجێکردنى پرۆژەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەم پرۆژەیە کاریگەری گەورەی لەسەر پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنانی پراکتیکی لە بواری نێتۆرکینگ و سایبەر سیکیوریتی دەبێت، ئەوانەی لەم تاقیگانەدا ڕاهێنان دەکەن دەتوانن ببنە خاوەن بڕوانامەی ستانداردی نێودەوڵەتی و، لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەتوانن هەلی کار بەدەست بهێنن، چونکە هەموو ئەو کارامەییانەی لەم تاقیگانەدا فێری خوێندکاران و قوتابیان دەکرێن، پێداویستی هەنوکەیی بازاڕی کاری کوردستان و ناوچەکە و جیهانن.

لە کۆتایی وتارەکەیدا؛ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسی تایبەت ئاراستەی حکومەت و گەلى ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ڕێکخراوی ئایرێکس و  کونسڵگەرى گشتی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان کرد، کە بەشێوەیەکى بەردەوام هاوکارى وەزارەت و زانکۆکان بوون.

دواتر (مارک سترۆ) کونسڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان وتەیەکى پێشکەشکرد و، وتى: کردنەوەی ئەم تاقیگانە لەم سێ زانکۆیە بەڵگەی خۆبەخشی ئێوەی سەرکردەى ئەکادیمیە لە دروستکردنی باشترین ژینگەی فێربوون بۆ خوێندکار و قوتابیەکانتان، بۆیە سوپاسى وەزارەت و زانکۆ و ڕێکخراوى ئایرێکس دەکەم کە لە جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە ماندووبون.

هەروەها کونسڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تاقیگەکانی سیسکۆ بۆ پەرەپێدانى تەکنەلۆژیای ئەمەریکی لە هەرێمى کوردستان زانستى تەکنەلۆژیاى پێشکەوتووی ئەمەریکی پێشکەش بە نەوەی داهاتوو و پسپۆڕانی ئایتی کورد دەکات و، یارمەتیان دەدات فێری کارامەیی بەنرخی کۆمپیوتەر ببن و، زیاتر ڕکابەری لە بازاڕی کارى جیهانیدا بکەن، هەروەها مەشق و ڕاهێنان بۆ مامۆستایان دابین دەکەین.

پاشان تاقیگەى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی  لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر لەلایەن د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، مارک سترۆ کونسڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، دواتر تاقیگەکانیان بەسەرکردەوە و، لەلایەن سەرپەرشتیاران ئاشناى شێوازى کارکردنى هەریەک لە تاقیگەکان کران.

تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان (Promoting American Technology in Iraqi Kurdistan Region) بە پاڵپشتی دارایی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە بڕى یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار دۆلار لەلایەن ڕێکخراوى (USAID) ئەمریکى لە هەر سێ (زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانی و پۆلیتەکنیکى دهۆک) جێبەجێ کراوە، کە پێکهاتووە لە دروستکردنی (٩) نۆ تاقیگەی زانستی بەنوێترین ئامێرى زانستى سەردەمیانە لە بواری گەیاندن (Communication) بۆ هەرسێ زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکەی هەرێمی کوردستان، هاوکات بۆ هەریەک لەم تاقیگانە ڕاهێنانى تایبەت بەستافى نێوخۆیی و مامۆستایانى زانکۆکان لە بوارى (تێلیکۆمیونیکەیشن) و (ئاى تى) و (نێتۆرکینگ) کراوە بۆ ئەوەى بتوانن بەشێوەیەکى زانستى تاقیگەکان بۆ مەبەستى فێرکارى بەکاربهێنن.

جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەبێتە بەشێکى گرنگ لە پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ پێدانی بروانامەی ئەکادیمی لە بواری (Cyber Security) و تەکنەلۆجیایی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیانەوە هەردو کەرتی گشتی و تایبەت بواری ئامادەکردنی کادری شارەزا و لێهاتوو لە ئاست پێداویستی بازاری کاریان بۆ دەرەخسێت، چونکە تاقیگەکان بە پێشکەوتوترین تاقیگە لە سەر ئاستی ناوچەکە بونیاد نراون.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر مەراسیمی کۆتایی هاتنی مەشقی هاوینەی بۆ قوتابیانی وڵاتی میسڕ رێکخست

ئەمڕۆ 5ی ئابی 2024، لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، و بەئامادەبوونی پ.د.ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، پ.ی.د.یوسف مستەفا ڕەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی، لە سەرۆکایەتی زانکۆ مەراسیمی کۆتایی هاتنی مەشقی هاوینەی قوتابیانی میسری بەرێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا قوتابییانی میوان سیمینارێکی تایبەتیان پێشکەش کرد و تیایدا بە سوپاسەوە باسی ئەو سوودە زانستی و کەلتووریەیان کرد کە لە ماوەی مەشقەکەیان بینیویانە و سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگەکان و ستافی زانکۆیان کرد، دواتر بەڕاپۆرتێکی وێنەیی سەردانی کردنیان بۆ شوێنەکان خستەڕوو و زۆر دڵخۆش بوون لەو ماوەیەی لەکوردستان مانەوە و مەشقەکەیان بە سەرکەوتوویی تەواو کرد.

دواتر بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرایە قوتابیانی بەشداربوو، لەلایەن خۆیانەوە قوتابیان سوپاسی سەرۆک زانکۆ و ئامادەبووانیان کرد کەزۆر هاوکاریان بوونە، قوتابیانیش دیاری تایبەتی زانکۆکانیان پێشکەش بەسەرۆکایەتی زانکۆ کرد.

پێشوازی کردن لەو قوتابییانە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی قوتابییانە کە ساڵانە زانکۆکەمان بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی هاوینە میوانداری ژمارەیەک قوتابی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهان دەکات و لە بەرامبەریشدا ژمارەیەک قوتابی کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆمان رەوانەی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهان دەکات.