ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر یەکەمین کۆبوونەوەی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 ئەنجامدا

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئابی 2024، بەسەرپەرشتی پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 1ی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن بەرێوەچوو.

سەرەتا سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی گشت ئەندامانی ئەنجومەنی کرد، دواتر کارنامەی کۆبوونەوەکە خرایە بەرباس، کە خۆی لە چەند تەوەرو بابەتێک دەببینییەوە لەوانەش وەک کاروباری گشتی، کاروباری قوتابیان، کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، کاروباری کارگێری و دارایی و ئامادەکارییەکانی تایبەت بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکرد وەک: کردنەوەی چەند بەشێکی نوێ لە کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان بەپێی پێویستی بازاڕی کار، کردنەوەی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان و بەرزترکردنەوەی کوالیتی وانەکان و دەستپێکردنی دەوامی مامۆستایان و قوتابییان بەپێی ساڵنامەی خوێندنی ئەکادیمی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.

جێگای ئاماژەپێدانە جگە لە کردنەوەی کۆلێژی تەکیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر چەندین بەشی زانستی نوێی لە پەیمانگەکان کردەوە ئەوانیش: (بەشی پەروەردەکردنی مێشهەنگ، بەشی ڕووەکە پزیشکییەکان/ دەرمانی گیایی لە پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر، بەشی پەروەردەکردنی ماسی لە پەیمانگەی تەکنیکی خەبات، هەروەها کردنەوەی بەشەکانی کارگێڕی ڕێبەری گەشتیاری و سەرچاوەمرۆییەکان لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر. کە سەرجەمیان بۆ ئەمساڵی خوێندن قوتابی وەردەگرن.