ئەمڕۆ دوو شەممە 26 ئابی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنکی هەولێر پێشوازی کرد لە (15) قوتابی کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆمان کە بەمەبەستی مەشقی هاوینە سەردانی ووڵاتانی عەربی و ئەورپیان کردبوو.
لە ڕێوڕەسمێکدا کە هەر یەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروبارەکانی کارگێڕی و دارایی، زانستی و قوتابییان و بەڕێوبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئامادەیبوون، قوتابییەکان چەند سیمنارێکیان لەبارەی مەشقەکەیان لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی پێشکەش کرد و سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و ئاشنابوون بە زانست و ئەزموون و کەلتوری ئەو وڵاتانە.
شیاوی باسە (13) قوتابی مەشقەکەیان لە ووڵاتەکانی (میسر و عومان و ئوردن) بۆ ماوەی یەك مانگ ئەنجامدابوو و (2) قوتابیش لە ووڵاتی پۆڵەندا بۆ خوێندنی یەك سمستەر و بۆ ماوەی (6) مانگ لەو وڵاتە بوون و دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە گەڕانەوە کوردستان.







