Monthly Archives: ته‌مموز 2024

سەرۆکی زانکۆ لە نزیکەوە چاودێری ئامادەکارییەکانی کردنەوەی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر (ئینفۆرماتیک) دەکات

ئەمڕۆ چوار شەممە 17ی تەمووزی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ، بەمەبەستی بەسەرکردنەوە و ئاگاداربوون لە پڕۆژەکان سەردانی کەمپی (1) زانکۆی کرد.

لە سەردانەکەدا سەرۆک زانکۆ لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکانی کردنەوەی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر (ئینفۆرماتیک) ی لە کەمپی یەکی زانکۆ کرد و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ هەرچی زوو تەواوکردنی ئامادەکارییەکان دووپاتکردەوە.

شیاوی باسە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی سەرۆکی زانکۆ بۆ بەرەوپێشبردن و فراوانکردنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە ماوەی رابردوودا پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری ئینفۆرماتیک ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا  و توێژینەوەی زانستی کرا و لە کۆبوونەی رابردووی ئەنجومەنی وەزارەتەکەدا بڕیار لەسەر کردنەوەی کۆلێژەکە درا، و لە ئێستادا ئامادەکارییاکان لە قۆناغی کۆتاییدان و بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 قوتابی وەربگرێت.

 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگایەکی ئەکادیمی مالیزی کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدەن

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی تەمووزی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د. ژاڵە سەعید خەتات بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووەمین کۆنفراسی زانستی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی (Sustainable System Development) بەڕێوەچوو، کە لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئەکادیمی و تۆێژینەوەی مالیزی (ACARES) لەهۆتێڵ بریستۆریا لەشاری هەولێر ئەنجامدەدرێت.

لە ڕێوڕەسمەکەدا هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، کاروباری زانستی، کاروباری قوتابییان و بەشە ناوخۆییەکان، بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە راگری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەبوون.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و بەگرنگییەوە باسی لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە کرد بۆ پێشکەوتنی ئاستی زانستی توێژەران و مامۆستایان و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی وەک زانکۆ و هیوای سەرکەوتنی بۆ توێژەران و بەشداربووانی کۆنفراسەکە خواست .

کۆنفراسە بەشێکە لە پلانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەنتەری تۆیژینەوەی زانستی بۆ هاندانی مامۆستایان بۆ ئەنجامدانی تۆێژینەوەی زانستی ئاست بەرز کە لەلاگۆڤاری نێودەولەتی ئاست بەرز بڵاو دەکریتەوە.

شایەنی باسە لە کۆنفراسەکەدا زیاتر لە 80 تۆێژەر بەشدارن لە وڵاتانی جیهان و عێراق و کوردستان، و بۆ ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت.

 

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نازناوی زانستی پرۆفیسۆری بەخشییە د. گۆران قادر عوسمان

ڕۆژی دوو شەممە 15ی تەمووزی 2024، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر نازناوی زانستی پرۆفیسۆری بەخشییە د.گۆران قادر عوسمان.

لە رێوڕەسمەکەدا هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، کاروباری زانستی، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی و تەندروستی هەولێر، ئەمینداری ئەنجومەنی زانکۆ، بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی بەشی شیکاری نەخۆشیەکان ئامادەیبوون، پ.د. ئیدریس هەرکی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەرزکرنەوەی پلەی زانستی د. گۆران قادر عوسمان لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر بۆ پرۆفیسۆر و گوتی: سەرەتا پیرۆزبایی لەخۆمان دەکەین وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و زۆر خۆشحاڵم بە پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایانمان، کە ئەوەش کۆڵەکەیەکی گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی زانکۆمانە، و پشتگیری تەواوی گشت مامۆستایان دەکەم بۆ ئەوەی بگەن بەئاستی بەرزتر تا خزمەتی زیاتر و باشتر بکەن، دڵخۆشم کە ئێستا رێژەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانمان پلەی پرۆفیسۆریان وەرگرتووە، دڵنیاتان دەکەمەوە لەم کارە باشانە بەردەوام دەبین بۆ خزمەتی زانکۆ و ئەندامان و قوتابیانمان.

لای خۆشیەوە پ.د. گۆران قادر عوسمان سوپاسی سەرۆکی زانکۆی کرد کە بەردەوام پشتگیری مامۆستایانە، و گوتی: “دڵخۆشم کە سەرەتا پیرۆزبایت لە زانکۆمان کرد کە لەژێر چاودێری بەڕێزتان لە رووی زانستییەوە زۆر پێشکەوتووە، دڵخۆشم بەردەوام بن لەهاندانی توێژینەوە و بەردەوام بن لە گۆرانکاری بۆ سوودی هەمووان، ئێستا زانکۆمان لە سیستەمی بۆلۆنا پێشەنگە و بەئاسانی هەستی پێدەکرێت، سوپاسی  هەمووان دەکەم بۆ هەول و ماندووبوونتان.”

زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە ژمارەیەک قوتابی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی تەمووزی 2024، لەهۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ، لەژێر چاودێری پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و بەئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ پێشوازی کرا لە ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆکانی فەڵەستین و سەڵتەنەتی عومان کە بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوینە میوانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێرن.

سەرەتا پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر بەناوی سەرۆکی زانکۆ بەخێرهاتنی قوتابیانی کرد، و هیوای گەشتێکی پڕ لەزانستی بۆخواستن، پاشان پ.ی.د.ڕەنج سیروان وێرای بەخێرهێنانی قوتابیان، پرێزنتەیشنێکی تایبەت بە ناساندنی زانکۆ پێشکەش کرد و رێنمایی پێویستی بە قوتابییانی میوان دا لەبارەی بەرنامەی مەشقەکەیان و هیوای کاری باش و سوودی زانستی و گەشتێکی پڕ بەرهەمی بۆ خواستن.

لە کۆتاییدا قوتابییان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ لە کوردستان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.