یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی پێشوازی لە شاندێکی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک دەکات

پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پێشوازی کرد لە د. محەمەد ئۆزدەمیر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک و شاندی یاوەری.

لە دیدارێکدا کە  پ.ی.د. ڕەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و د. دلێر عەبدوڵا بەڕێوبەری تۆماری گشتی زانکۆمان ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا دەربارەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە زانستییەکانی نێوان هەردوولا بە تایبەتی لە ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی ساڵانەی نێوان هەردوو زانکۆکە کە بڕیارە لە مانگی 10ی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە جێبەجێکردنی پرۆژەی خوێندنی باڵا (ماستەر)ی هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆ کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەزموونێکی سەرکەوتوو لەو بوارە لەنێوان هەردوو زانکۆکەدا هەبووە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا بۆ هەماهەنگی زیاتر لە داهاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت.