زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگایەکی ئەکادیمی مالیزی کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدەن

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی تەمووزی 2024، بە ئامادەبوونی پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و د. ژاڵە سەعید خەتات بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووەمین کۆنفراسی زانستی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی (Sustainable System Development) بەڕێوەچوو، کە لە لایەن زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئەکادیمی و تۆێژینەوەی مالیزی (ACARES) لەهۆتێڵ بریستۆریا لەشاری هەولێر ئەنجامدەدرێت.

لە ڕێوڕەسمەکەدا هەریەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی، کاروباری زانستی، کاروباری قوتابییان و بەشە ناوخۆییەکان، بەرێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە راگری کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئامادەبوون.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و بەگرنگییەوە باسی لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە کرد بۆ پێشکەوتنی ئاستی زانستی توێژەران و مامۆستایان و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی وەک زانکۆ و هیوای سەرکەوتنی بۆ توێژەران و بەشداربووانی کۆنفراسەکە خواست .

کۆنفراسە بەشێکە لە پلانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و سەنتەری تۆیژینەوەی زانستی بۆ هاندانی مامۆستایان بۆ ئەنجامدانی تۆێژینەوەی زانستی ئاست بەرز کە لەلاگۆڤاری نێودەولەتی ئاست بەرز بڵاو دەکریتەوە.

شایەنی باسە لە کۆنفراسەکەدا زیاتر لە 80 تۆێژەر بەشدارن لە وڵاتانی جیهان و عێراق و کوردستان، و بۆ ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت.