ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕەزامەندی دا لەسەر کردنەوەی کۆلیژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 9ی تەمووزی 2024، بەسەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆک زانکۆکان، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ساڵی خوێندنی (2023-2024) دەستخۆشی و سوپاسی سەرجەم زانکۆکانی کوردستانی کردو ئاماژەی بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2024-2025) و دەرفەت و ئاڵنگارییەکان، بەتایبەت پێشوازییکردن لە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی و رەخساندنی دەرفەتی خوێندنی گشتی و یەکسان و دادپەروەر بۆ ھەمووان.
ھاوکات باس لە پلانی خوێندنی باڵا و ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنی قوتابیانی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان کرا.
ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕەزامەندی دا لەسەر کردنەوەی کۆلیژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر.
جێی ئاماژەیە، کۆلیژی تەکنیکی ئەندازیاری کۆمپیوتەر چەند بەشێکی زانستی لەخۆ دەگرێت و بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 قوتابی وەردەگرێت، بۆ ئەمەش زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر ئامادەکاریی تەواوی کردووە لە رووی ژێرخان و دروستکردن تاقیگە و دابینکردنی کۆمپیوتەری مۆدێرن و پێداویستییەکانی دیکەی ئەم کۆلیژە.


