ئەمڕۆ دووشەممە 1ی تەمووزی 2024، شاندێکی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سەردانی تاقیگەی نێتۆرکینگ/(CISCO)یان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کرد و لە لایەن پ.ی.د. بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و پ.د. کەیهان غەفوور زرار راگری کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر پێشوازییان لێکرا.
لە ماوەی رابردوودا کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئایرێکس ئەمریکی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تاقیگەی سیسکۆیان دامەزراند و سەردانی ئەمڕۆی ئەو شاندە بۆ ئاگاداربوون بوو لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی تاقیگەکە.
پێداویستییەکانی ئەم تاقیگەیە لەسەر ئەستۆی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و رێکخراوەی ئایرێکس دابینکراوە کە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنی هەردوو بەشی (ICT) لە کۆلێژی تەکنەلۆجی هەولێر و (ISE) لە کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری هەولێر کە لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆگرامەکانی خوێندن لەم دوو بەشە لەسەر بنەماکانی نێتۆرکینگ/ سیسکۆ دەخوێندرێت و قوتابییان لە لایەنی زانستییەوە سوودمەندەبن.
شایەنی باسە ئەم تەکنەلۆژیایە نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانییە کە لە بواری نێتۆرکینگ پەیڕەو دەکرێ وە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی قوتابییان و زانکۆمان.



