Daily Archives: حوزه‌یران 9, 2024

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی کۆنسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر دەکات

رۆژی یەکشەممە 9ی حوزەیرانی 2024، پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە یاوەری شاندێک سەردانی کۆنسوڵخانەی قەتەری لە هەولێر کرد و لە لایەن حوسێن عەلی صاڵح کونسوڵی ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە پ.د. ئازاد حەسەن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، پ.ی.د. رەنج سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و مامۆستا بەهزاد حیلمی ئاکرەیی بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەیبوون، سەرۆکی زانکۆ وێڕای پیرۆزبایی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی قەتەر، کورتەیەکی دەربارەی مێژوو و کۆلێژ و بەشە زانستییەکان و ژمارەی قوتابییان بۆ خانەخوێ باسکرد.

لای خۆیەوە کۆنسوڵی قەتەر لە هەولێر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و شاندی یاوەری کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانەکەیان و سەرسامی خۆی بە ستراتیژیەتی کارکردنی زانکۆمان دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ زانکۆمان خواست.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا دەربارەی دروستکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا، کۆنسوڵی قەتەر بە گرنگییەوە لە رۆڵی زانکۆی ڕووانی و بە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵگەی لە قەڵەمدا بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنان لە زانستدا دەکات.

هەروەها کۆنسوڵی قەتەر ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی زانکۆمان لەو ڕووانەی کە پێویستن بۆ زانکۆ، ئەوەشی درکاند کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند ئیڤێنتێک لە هەرێمی کوردستان رێکبخەن و یەکێک لەوانە تایبەت دەبێت بە کەلتوور و چەند نوێنەرێکی ئەو وڵاتە دێنە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ئاشنا بکەن بە کەلتوور و رۆشنبیری وڵاتەکەیان.

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە ئاڵوگۆڕی قوتابییان لە نێوان زانکۆمان و زانکۆکانی وڵاتی قەتەر، لەم رووەشەوە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس هەرکی، ئامادەیی زانکۆی دەربڕی کە ژمارەیەک قوتابی زانکۆکانی قەتەر مەشقی هاوینە لە زانکۆمان ئەنجام بدەن.