رۆژی یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، پ.د. ئیدریس محمەد تاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازی لە سنچۆل لیم، کونسولی گشتی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە هەر یەکە لە یاریدەدەرانی سەرۆکی بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی، زانستی و خوێندنی باڵا، بەڕێوبەری گشتی سەرنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆمان و بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆ ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا دەربارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی زانکۆمان لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی کۆریا لە رێی کۆنوسلخانەی ناوبراوەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆکی زانکۆ باسی مێژووی دروستبوونی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەربە زانکۆمان کرد و پلان و ستراتیژی زانکۆمانی بۆ ئایندە بۆ شاندی میوان خستەڕوو، لای خۆیەوە کونسولی کۆریا سەرسامی خۆی دەربڕی بە ستراتیژی کارکردنی زانکۆ و هیوای سەرکەوتنی بۆ زانکۆمان خواست.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا پێشنیار کرا لەم نزیکانە کونسولی کۆریا لە هەرێم، وۆرکشۆپێک بۆ ستافی زانکۆمان ئەنجام بدات و تیایدا ئەزموون و چۆنیەتی گەشەسەندن و پێشکەوتنی وڵاتەکەی بخاتەڕوو ئەمەش لەپێناو ئەوەی ستافی زانکۆمان سوود لەو ئەزموونە وەربگرن و کاری لەسەر بکەن.



