پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پێشوازیی لە حەسەن شێخ عەلائەدین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە و ژمارەیەک لە ستافی رێکخراوەکە کرد.
لە دیدارەکەدا کە پ.د.ئازاد حسن قادر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێری و دارایی و پ.ی.د.بۆتان مەجید ئاسنگەر یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و پ.ی.د.مراد امیر احمد راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی و د.زکرا عەزیز سەرۆکی بەشی پەلی دەستکرد و پاڵپشتییەکان ئامادەی بوون، سەرۆکی زانکۆ بەناوی خۆی و ئامادەبووانەوە بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و کورتەیەکی لەبارەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و پێکهاتەکەی خستەڕوو.
لای خۆیەوە حەسەن شێخ عەلائەدین بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی کرد بۆ پێشوازییان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی کرد لە چەند بوارێکی جیاواز و لە دوای گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر کۆی بابەتەکان، هەردوولا هاوڕا بوون کە لە رێگەی تیمێکی هاوبەش کار بکرێت بۆ ئامادەکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و دەزگای روانگە بەجۆرێک کە کارەکان رەنگدانەوەی لەسەر بەرژەوەندی گشتیی و سوودگەیاندن بە کۆمەڵگە بێت.